نیاز عەبدوڵڵا:
راگەیاندنە فەرمی و سێبەرەکانی حزب سەرباری بەرزی و نزمی قەیرانەکانی کوردستان، دەروون ئارامن و بە ئارەزووی خۆیان خەرجى دەکەن. کۆمپانیاکانی حزب و سێبەرەکانیان لە خزمەتیاندان، دەرگاکانی زانیاری و ناوەندە
فەرمییەکانیش بۆیان و ئاڵو واڵا و کراوەن. رۆژنامەکانیان بە خۆڕایی ساغ دەکرێتەوە و پێشتریش بەسەپاندنی هاوبەشى یپێکردنی لە دەزگا حکومییەکان بڕی بەشێک لە خەرجییەکانیان بۆ دەگەڕایەوە. تەنانەت دەزگا راگەیاندنە ئەهلییەکان لەو بەشداریپێکردنە بێبەری کرابوون و سانسۆریان لەسەر بوو. هاوکات بە شێوەی زارەکی پێڕاگەیاندن لەهەندێک دەزگا بڵاو دەکرایەوە، بەوەی پێویستە تەلەفزیۆنەکانیان لەسەر کەناڵێکی حزبی دیاریکراو بێت.
لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی، سەرچاوەی دارایی خۆژیێنی لە تەلەفزیۆن و رادیۆ و چاپەمەنییە ئەهلییەکان بەرەو کەمی تا ئاستی نەمانی خەرجی چووە. سەرەڕای سەرنجەکانم لەسەر میدیای ئەهلی لە کوردستان، بەڵام ئەمە بەهۆی دابەزینی کوالێتی پەخش و بڵاوکردنەوەی ئەم دەزگا ئەهلیانە نەبوو، بەڵکو بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێمەوە بوو.
بۆیە دەزگا راگەیاندنە حزبییەکان رۆژ بە رۆژ لە رووی داراییەوە قەڵەوتر دەبن و بێ باکن لە قەیرانی دارایی و پارە بەهەدەردان.
لەبەر ئەو هۆکارانە، ئێستا ئاهەنگی ئەو لایەنە سیاسی و دەزگا راگەیاندنانەیە، کە بە پەرۆشەوە لە دژی رۆژنامەنووسە بوێرەکان و دەنگە ئازادەکان و دەزگا راگەیاندنە ئەهلییەکان، گوللە و چەک و پارە و مرۆڤ کوژەکانیان دەخستەکار.
ئەوان خواستیانە هیچ دەزگایەکی چاودێر بەسەر پرۆسەی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بوونی نەبێت. خواستیانە هیچ دەزگایەک نەبێت باس لەگەندەڵییەکانیان بکات و بڕیارە سیاسی و ئابوورییە هەڵەکانیان بخاتە روو.
پەرۆشن بۆ پاشەکشەی راستەقینەی میدیای ئەهلی لە کوردستان. بۆیە ئەو ململانێ نابەرامبەرەی بەڕێوە دەچێت لەنێوان میدیای حزبی و ئەهلی، لە ئێستادا بە رووکەش سەرکەوتنی میدیای حزبی و دەرکەوتنیان وەک پاڵەوانی مەیدان پیشاندەدات، بەڵام میدیا حزبییەکان بە تایبەت هەردوو حزبی سەوز و زەرد دۆڕاوتر لە هەر کاتێکی رابردوو لە گەیاندنی پەیام و ئامانجى كارى میدیا دەردەکەون، چونکە بۆ رۆژێک لەسەر خستنە رووی زانیارییەکانیان نەژیاون و بەدرێژایی کات رۆڵیان لەئاژاوە و دووبەرەکی ناوخۆی کوردستان هەبووە و هەیە. سەرباری ئەوەی توانای زۆر رۆژنامەنووسی باش و لێهاتوویان لە دەزگاکانیان خەساندووە، و لە پێناو سەرچاوەی ژیاندا ناچار به درێژەدانى کارە رووکەشییەکان کراون.
کارکردن بە ئاراستەکردنی توانەوەی میدیای ئەهلی و رۆژنامەنووسە بە تواناکان لەنێو میدیای حزب و سێبەرەکانیان، نیشانەی هەرەسی دەسەڵاتی حوکمڕانە بە ئاراستەی گەشەسەندن و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی. بەکارهێنانی پارە و قۆستنەوەی قەیرانی دارایی لە بری کوشتنی راستەوخۆ و تواندنەوەی رۆژنامەنووسانی بەتوانا لە چوارچێوەی پەیامی حزبی ئاراستەکراو، وەک ساغ کردنەوەی هەمان گوللەیە لە گیانی سۆرانی مامەحەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی.
بۆیە بینیمان لەسەردەمی حوکمڕانی دوور و درێژی سەرۆک وەزیران نێچیرڤان بارزانیدا، هاووڵاتیانی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قەرزار دەبن و بکوژانی رۆژنامەنووسان ئازاد بۆی دەسووڕێنەوە، وڵات نوقمی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی بووە، راگەیاندنی ئەهلیش بەرەو قەیرانی دارایی چووە.
لە پەیجی نوسەرەوە