لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ لەقەیرانەكاندا.. گەنجان قوربانی یەكەمن

لەقەیرانەكاندا.. گەنجان قوربانی یەكەمن

0 تێبینییەکان 15 بینینەکان

17y-shubatبەهۆی قەیرانی داراییەوە گەنجان توشی چەندین كێشە بون سەرەكیترینیان بێكارییه‌، راگەیاندنكارێكیش باس لەوەدەكات كە لەئێستادا گەنجی ئێمە هەمو داواكاریەكی هاتوەتە سەر نەبونی پارەو خزمەتگوزاری، خوێندكارێكی زانكۆش دەڵێت “نەبونی كار بۆ گەنجان، كێشەیەكی سەرەكی‌ و گەورەیەو سەرچاوەی زۆربەی كێشەكانی ترە”.

ڕاگەیاندنكار كاروان چێوار باس لەوەدەكات كە كێشەی گەنجی ئەم وڵاتە ئەوەیە لەنیشتمانێكدا دەژی هەست بەخاوەندارێتی ناكات، “هەر بۆیە گەنجی ئێمە هەمو داواكارییەكی هاتۆتە سەر نەبونی پارەو خزمەتگوزاری، ئەمەش قازانجی دەسەڵاتە كە گەنج بیر لەشتی گەورەتری وەكو فیكرو ئەدەب‌و هونەر ناكاتەوە”.

هاوكات عەباس جاف خوێندكارێكە لەزانكۆی سلێمانی بەنیگەرانییەوە باس لەوەدەكات نەبونی كار بۆ گەنجان كێشەیەكی سەرەكی‌و گەورەیە، “ئەتوانم بڵێم سەرچاوەی زۆربەی كێشەكانە، بۆ نمونە ئەگەر گەنجێك خوێندن تەواو بكات‌و دانەمەزرێت، بێگومان ناتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت، ئەمەش وادەكات بۆشایی دەرونی بۆ دروستببێت‌و توشی جۆرێك لەبێهیوایی‌و كێشەی دەرونی ببێت”.

خوێندكارێكی دیكەی زانكۆ بەناوی دانا جەمال پێیوایە سه‌ره‌کیترین كێشەی گەنج له‌هه‌رێمی کوردستاندا، نەبونی كارو پڕنەكردنەوەی پێداویستیەكان‌و دانەمەزراندنیانە، “ئەمانەو چەندین كێشەی تر كە بونەتە هۆی ئەوەی گەنجان بەلێشاو بەرەو هەندەران بچن، گەنجی ئێمە بۆیە شوناس‌و توانای بیركردنەوەیان نییە، چونكە بێكارن، بێكاریش هۆكارێكە بۆ بیرنەكردنەوەو دواتر گەر ئەمانەی نەبو، كێشەكانیان زیاد دەكات‌و دەبێتە هۆی ڕوخانی دەرونیی”.

لەبەرامبەردا شاخەوان عەلی مامۆستای زانكۆ بۆ ئاوێنە رونیكردەوە كە گەنج لەرواڵەتدا واهەستدەكات كێشەكانی كێشەی ئابوریی‌و هەژاری‌و بێكارین، “بەڵام ئەمە لەبنچینەدا پەیوەندی بەبەبازاڕیكردنی چێژەكانەوە هەیە، بڕوانە گەنجی روسی‌و ئۆكرانی، داهاتی ئەوان كەمە، تەنانەت رێژەی بێكاریش تێیاندا بەرزە، بەڵام لەئاسودەترین گەنجەكانی دونیان، بەبەرچاوی مامۆستاو قەشەكان‌و دایك‌و باوكیانەوە، لەهەمو جێگایەك كە بخوازن، رادەبوێرن‌و دڵداری دەكەن‌و گۆرانی دەڵێن‌و چێژ وەردەگرن”.

ئەو مامۆستایە وتیشی “دەشێت ئاستی ئاسودەیی بەبڕی داهات‌و دەوڵەمەندیی نەپێورێت، بەڵام كاتێك ئاسودەیی بەمسقاڵ دەفرۆشرێت، ئیدی هیچ كێشەیەك لەكێشەی هەژاری پڕوكێنەرتر نییە، گەنجی ئێمە بیریش بكاتەوە، هێشتا جورئەتی ئەوەی نییە بیركردنەوەی خۆی تەرجەمەی واقیع بكات، ئەوەی كە زۆرێك لەكۆمەڵناسەكان باسی دەكەن ئەوەیە كە لەباوانەوە نەوە بەنەوە دەگەیەنرێت، یەك دونیا دەزگا هەیە كار لەسەر گەنج دەكەن كە دەستەمۆ بكرێن‌و لانەدەن”.

هاوكات  د. جەمال عومەر تۆفیق پسپۆڕی دەرونی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئێستا لەكوردستاندا ڕێژەی گەنج لەهەمو تەمەنەكان بەرزترە كە دەگاتە زیاتر لە40%، “بۆیە دەبێت گەنج بێكار نەبێت، چونكە بێكاریی توشی كۆمەڵێك گیروگرفتی گەورەی دەكات، بۆ نمونە زۆربەی كافتریاو قاوەخانەكان نێرگەلەی تێدا دەكێشرێت، ئەمەش نیشانەی بێكاریی‌و بێبەرنامەیی گەنجە”.

بەوتەی ئەو پسپۆرە دەرونییە یەكێكی تر لەكێشەكان ئەوەیە لەكەرتی تایبەتدا چانسی ئیشكردنی زۆر كەمە، بۆ نمونە لەئەوروپا كاری خزمەتگوزاری زۆرە وەك چێشتخانەو شوێنە گشتییەكان كە لەكوردستاندا ئەمە زۆر كەمە، جگە لەوەی لێرە گەنجی ڕۆشنبیر ئەو كارانە ناكات‌و حەز بەكاری ئاسان دەكات كە هیلاك نەبێت.

هەمو ساڵێك وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ئاماری بێكاری بڵاودەكاتەوە، بەڵام تاوەكو له‌ئه‌مساڵدا ئێستا ئەو وەزارەتە هیچ ئامارێكی لەوبارەیەوە بڵاو نەكردوەتەوە، لەكاتێكدا قەیرانی دارایی‌و ئابوریی بەشێوەیەكی فراوان بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتوە.

لەبارەی بونی ئاماری بێكاریی، سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی‌و خێزان له‌په‌رله‌مانی کوردستان، گەشە دارا حەفید بۆ ئاوێنە وتی “ئێمە داوامان كردوە لەوەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی‌و تاوەكو ئێستا بۆیان نەناردوین، بەڵام بەپێی هەندێك رێكخراوو هەڵسەنگاندنەكانیان رێژەی بێكاریی لەزیادبوندایە، ئەمە جگە لەوەی بەچاویش دەبینرێت لەناو بازاڕەكاندا بێكاریی چەند زیادی كردوە”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەشدەكات كە بەهۆی قەیرانی دارایی‌و قەیرانەكانی ترەوە هەلی كار كەمتر بوەتەوە، “بەڵام تائێستا بەشێوەیەكی فەرمی ئامارمان لانییە”.

لەخولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی تایبەت ده‌رچو بەمەبەستی كەمكردنەوەی بێكاریی‌و دامەزارندن بەناوی (قەرزی بچوك)، له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ گەنجان توانیان سودمەند بن لێی‌و ببن بەخاوەنی كاری خۆیان.

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە دەبێت ئەو یاسایە هەمواربكرێتەوە، چونكە ئێستا نەك گەنج، بەڵكو لەناو هاوڵاتیاندا بەگشتی بێكاری هەیە، “ئێستا وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی سەرقاڵی ئەوەن یاسای قەرزی بچوك بۆ گەنجان هەموار بكەنەوەو بیكەن بەقەرز بۆ هەمو هاوڵاتیان بەگشتی‌و بینێرن بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت”.

لەبارەی بونی پارە لەئێستادا بۆ ئەو پرۆژەیە دەڵێت “دیارە وەزارەت بەرنامەی هەیەو بەنیازە قەرزەكە فراوان بكات بۆ هەمو هاوڵاتیان، دەبێت پارەی باشیشی بۆ دابین بكات، چونكە قسەمان لەگەڵ وەزیر كردوەو وتویەتی یەكێك لەبەرنامەكانمان كەمكردنەوەی بێكارییە لەناو توێژی گەنجان”.

ئا: ئەحمەد كاوە

سەرچاوە : ئاوێنە

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە