شوان حەسەن:
ناوە ناوە هێندێک بابەت دەبینم لە سۆشیال میدیا، یەکسەر بیرم بۆ ئەو بۆچوونەی دایکوبابی(کیم – kim wall)دەچێت.
کیم کچێکی ڕۆژنامەنووس و ێنەگربوو، گەشتی زۆر شوێنی مەترسیداری کردووە لە جیهان، دیارە دایکوبابیشی لەو کاتانە لە ترۆپکی نیگەراندابووینە، بەڵام بەو گەشتەی کە کەمترین مەترسی لەسەر ژیانیدا هەبووە( نێوان سوید و دانیمارک، کە لە هەندێک شوێن وەک هاتووچۆی نێوەخۆی لێدێت) بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە بە دەستی پێتەر (Peter Madsen) دەکوژرێت، پاش ئەوەی دەسدرێژی سێکسی دەکاتە سەری ئینجا پارچە پارچەی دەکات و فڕێیدەداتە نێو زەریا. بیرکردنەوە لەوەی مرۆڤێک بەو شێوەیە مرۆڤێکی دیکە بکوژێت و پارچە پارچەی بکات، ئەوە بۆخۆی ئاستی نەخۆشی دەروونی ئەو مرۆڤەمان بۆ دیاری دەکات. بێ گومان خاڵێکی گرنگی ئەو پشکنینەش ئەوەیە، چۆن پارچەکانی جەستەیان لە نێو زەریا دۆزیەوە؟ چۆنیش زانیان دەستدرێژیی سێکسی کردۆتە سەری( ئەوە کاری خەڵکانێكی پتشەگەر و تایبەتمەندە، بەڵگەی سەدلەسەدی دەدوێت، نەک “وابزانم ” و بە “باوەڕی من” ئەوە پشکنینی تاوانە، نەک بۆچوون لەسەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی) پێتەر کەسێکی زیرەک ، لێهاتووە و ناسراوە لە دانیمارک، ئەندازیارە و داهێنانی گەورەی کردووە لە بواری ( غەواسە- ژێردەریایی) بەڵام لەم ڕووداوە وەک بکوژێک دەبێت بناسرێت نەک وەک داهێنەرێک.
ئەمن بۆ خۆم هەتا ئێستاش پشت بەو خوێندنەوە قوڵەی ( دۆستۆیفسکی) دەبەستم بۆ ناساندنی مرۆڤ، کە بە بۆچوونی ئەو، حەزی کووشتن زیاتر پێوەندی بە سروشتی مرۆڤەکەوە هەیە نەک بە ئاستی خوێندەواری و نەخوێندەوەری، نە بە دەوڵەمەندی و نە بە هەژاری، واتە ئاستی مرۆڤبوونت پێوەرە، چەند مرۆڤایەتیت تێدایە( دیارە دۆستۆیفسکی چەند نموونەیەک دههێنێتەوە بۆ سەلماندنی بۆ چوونەکەی، بەڵام بە هۆی ئەوەی ئێمە پێتەرمان لەبەر دەستە پێویستمان بە هێنانەوەی نموونە نییە) .
دایکوبابی کیم، دایکی ڕۆژنامەنووس و باوکیشی وێنەگرە، دیارە هەردوو حەز و خولیایەکەی لەوانەوە وەرگرتووە. لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزۆنی دەڵێن” نەماندەویست قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەین، دەمانویست یاسا کێشەکەی یەکلابکردبایەوە، بەڵام ڕاگەیاندنەکان زۆر ئازاریان داین، ئەوەندەی بکوژی کچەکەی ئێمەیان هێنا نێوەند بە چارەگی ئەوە تیشکیان نەخستە سەر کیم و کارەکانی، لە کاتێکدا دەبووایە پێچەوانە بووایە، چونکە کچەکەی ئێمە کوژراوە، بۆیە بڕیاڕماندا قسە بکەین و کار و چالاکیەکانی کیم نیشانی خەڵک بدەین”. ئەمنیش هاوڕام بۆ ئەوەی لەو ڕووداوە بگەین، گرنگە بە چاوی کیم سەیری پێتەر بکەین. هەرچەندە ئەو نکۆڵیش لەوە دەکات کە کیمی کووشتووە، بەڵام بەڵگەکان ئەوەمان پێ ناڵێن.دووبارە پێویستم بە ئاماژەکردنی ئەو ڕاستیە هەیە، سوید و دانیمارک پارەیەکی خەیاڵیان خەرجکرد بۆ دۆزینەوەی ئەو بەڵگانە، بۆیە هەندێک ڕووداو هەنە، بەڕاستی هی ئەوە نین هەموومان شیکاری بۆ بکەین، ئەگەر بەڵگە و بە دواداچوونی وردمان بۆی نەبێت.
بەخێرا تیچاوێک بە کتێبێکی دیکەی دۆستۆیفسکیدا دەخشێنم(یادەوەرییەکانی ژێر زەوی ) لەوێ دۆستۆیفسکی باسی کوڕێکمان بۆ دەکات کە بەوە حوکمدرایە” باوکی خۆی کووشتووە” دۆستۆیفسکیش باوەڕ دەکات کە ئەو کوڕە باوکی خۆی کووشتووە و زیرەکی خۆشی نیشاندەدات لەوەی چۆن خاسیەتەکانی بکوژێک دیاری بکات، بەڵام دوای دەساڵ بۆی دەردەکەوێت کە دادگا و بۆخۆشی بەهەڵە داچووینە، چونکە ئەو کوڕە بێ تاوان بووە بەرانبەر بە کووشتنی باوکی، بۆیە کووشتن ، خیانەت و کۆمەڵێک بابەتی دیکە هەیە، سەختە بڕیاری ڕەهای لەسەر بدەین.
بە کورتیەکەی ئەمن نامەوێت لە پۆستێکی ئەوها کورت، کۆی ئەو ڕووداوە بگێڕمەوە، بەڵام بەلامەوە گرنگە، خائینک یا بکوژێک ئەو قەبارە گەورەیەی نەدرێتێ. ڕاستە بکوژ و خائینەکانیش چیرۆکیان هەیە بەڵام…
هەرچەندە ئێمە لە کوردستان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیاری جەوهەری دەبینەوە،ئایە لە کوردستان دەتوانین بکوژی پۆلێک پێشمەرگە بدەین بە دادگا؟ ئەگەر وەڵامەکەمان “نەخێر” بێت کەواتە تۆ خاوەن دادگایەکیت کە شەرعیەتی خۆی لە دەستداوە. ئایە ڕێکخراوێکت هەیە ئەو کەیسە بباتە نێو دادگا و تاکۆتاییەکەی بجەنگێت؟ ئەگەر وەڵامەکەت هەر نەخێڕ بێت، کەواتە دەبێت بە دوای جێگرەوەییەکدا بگەڕێت، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە کەیسانە ڕێوشوێنی ئاسایی و یاسایی خۆیان بگرن. وانەکانی مێژوو پێمان دەڵێن، ئەو جۆرە سیستەمە داتەپیووانە چاکسسازییان تێدا ناکرێت، بۆیە هەڵەیەکی گەورە دەکەین، ئەگەر دەستی پێوە بگرین.
دێمە سەر سەرەتای بابەتەکە، بەڵێ خائینەکانیش هۆکار و چیرۆکیان هەیە، بەڵام خیانەتلێکراوەکان پێویستیان بە ڕۆشنایەتی زیاترە، بکوژەکان هۆکار و چیرۆکیان هەیە، بەڵام کوژراوەکان پێویستیان بە زیاتر خوێندنەوە قسە لەسەر کردنە.
بە باوەڕی من یەکێک لەو هۆکارە گرنگانەی کە کەیسی (سەردەشت عوسمان) بەزیندووی هێشتەوە، ئەوەیە کە هێندەی قسە لەسەر سەردەشت دەکرێت، بە چارەگی ئەوە باسی بکوژەکەی ناکرێت. ئێمە هەموومان ئاشناین بە چیرۆک و خەونەکانی گەنجێک، کە لە دوای کووشتنی ئەو بوێری ئەوەمان زیاتر بوو بڵێین، خەونەکانی سەردەشت خەونی ئێمەشە، هەوڵماندا سەردەشتێک لە ناخی خۆمان موتربە بکەین. بۆیە گرنگە شەهید،کوژراوەکان، غەدرلێکراوەکان و خیانەتلێکراوەکان بێنیە نێوەند” سەنتەر”.