تێدەگەم ئەم ساتە دەبێت چەندە قورس بێت بۆ تۆ. قورسایی “نائومێدی” دوای ئەوەی ماندوونەناسانە کارت بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن کرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، بەڵام لە ئەزموونی ڕابردووی خۆت بڕوانە تۆ نە “سەرکەوتن” نە “شکست” زەفەری پێ نەبردی، سەرکەوتنی تۆ لە دوێنێ و لە ئەمڕۆ لە “بەردەوامیدایە”.
بەڵام با بەم قسەیە دەست پێ بکەم: هەڵمەتەکەت یەکێک بوو لە سەرکەوتووترین هەڵمەتەکان کە لە هەلومەرجێکی ئاوا سەختدا بینیومە. هەموو شتێک بەندە بەوەوە کە ئێمە چۆن هەست بە دۆخی پێش هەڵبژاردن دەکەین چۆنمان بینی و چۆن تەحەدامان کرد. هەموومان دەزانین پێش هەڵبژاردنیش دیمەنی سیاسی ناوەخۆ و دەرەوە لە بەرژەوەندی ئێوە نەبوو. بەڵام سەرەڕای سنوورداربوونی سەرچاوە دارایی و میدیاییەکان، توانیتان هەڵمەتێک بەڕێوەببەن کە وزەی بە خەڵک بەخشیتەوە و بیانهێنیتەوە بۆ ڕەوابوونی دۆزەکەی خۆتان.
سەرکەوتنی ڕاستەقینە، بە بڕوای من، تەنانەت پێش ڕۆژی هەڵبژاردنیش دیار بوو. سەدان کەس کە وازیان لە بزووتنەوەی سیاسی ئێوە هێنابوو، بەهۆی هەوڵی ئێوەوە گەڕانەوە. ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەو کاریگەرییەی کە هەتانبووە، سەرکەوتنێکە شایەنی ئاهەنگگێڕانە نەك ئێوەخۆتان لە بیری بکەن لە نێو توانجی نائومێدیدا.
ئێستا کاتی ئەوە نییە ئومێد لەدەست بدەین یان ئەو کەسانە نائومێد بکەین کە دەستیان بە باوەڕبوون کردووەتەوە. گەشتەکە لێرەدا کۆتایی نایەت؛ بەڵکو دەستپێدەکا. پێویستە ستراتیژ و تاکتیکەکان نوێ بکرێنەوە، ئێمەش لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێزترو دڕتر سیاسەت بکەین.
سەرەڕای ئەوەش، گرنگە بزانیت کە بزوتنەوەکەی تۆ تاکە بزوتنەوەی سیاسی نێوهەڵبژاردن بوو کە خاوەنی میدیایەکی بەهێز نەبوو، چونکە دارایی نەبوو دەنا دەیان کادیری میدیایی بە تواناو دڵسۆزت هەیە. لە گۆڕەپانی سیاسی ئەمڕۆدا، سەرکەوتن و هەژموونی جەماوەری تەنها پەیوەندی بە بردنەوەی “هەڵبژاردن”ەوە نییە، هەڵبژاردن ئەنجامی چەند هۆکارێکی گەورەترە.
یەکێك لەو هۆکارانە میدیای زەبەلاحو بە توانایە؛ نەك تەنیا لە هەلبژاردن بەلکو لە سەرجەمی دیمەنی سیاسی دەبێ دۆخێکی نوێ دروست بکەیت لە ڕووی میدیایەوە کە “دەنگت” و “پەیامەکەت” و “دیدگاکەت” لە دواڕۆژێکی نزیك و لە هەموو وەرچەرخانێکدا کێبڕکێ لەگەڵ نەیارەکانت بکەن. لەمەودوا، زۆر گرنگە کە تۆ ئەم بۆشاییە چارەسەر بکەیت. دەنگی نەیارانت گەورەو زووتر دەگا؛ دڵنیابە کێشەکە لە ئایدیای سیاسیت نیە کە نابیسترێ! بەلکو لە ئامرازی گەیاندنەکەیە.
لە کۆتاییدا، وەک سیاسەتمەدارێکی بەئەزموون، پێشتر دەزانیت کە “سەرکەوتن” و “شکست” دوو دیوی یەک دراون. هەردووکیان خاڵی دەستپێکێن بۆ دۆخێکی نوێ. ئێستا گرنگ ئەوەیە ئەم ئەزموونەی هەڵبژاردن چۆن لێکدەدەیتەوە؟
دەبێت بە وزەیەکی نوێوە بگەڕێیتەوە بۆ ئەو پرسانەی کە لە گێژەڵوکەی هەڵمەتەکەدا نەتوانرا بە تەواوی چارەسەر بکرێن. با ئەم پاشەکشەیە ئەرکەکانتان دوا نەخات. بەکاری بهێنە بۆ دووبارە تەرکیزکردنەوە و پاڵنانی بەرەو پێشەوە.
شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە- تازە دەستی پێکردووە!