ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە عێراقدا لە بەرەبەیانی ڕۆژی 14ی تەممووزی1958 دا،ئەوە دەخاتە ڕوو کە ئەم ڕووداو و گۆڕانکارییە تەنیا لە ئەنجامی کودەتا سەربازییەکەی ئەفسەرە ئازادیخوازەکان کە عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف فەرماندەی بوون،ئەنجام نەدراوە، بەڵکو هۆکارەکانی ڕووخانی ئەو ڕژێمە گەیشتبوونە ئاستێکی وا توندو مەترسیدار بەجۆرێک ئەو ڕژێمە نەیتوانی خۆی لە بەرانبەر ئەو لێدان و هێرشە لە ناکاوە بگرێت کە لە بەرەبەیانی 14ی تەممووزدا ڕووبە ڕووی بوویەوە.
هۆکارەکانی لاوازبوون و هەرەسهێنانی ڕژێمی پاشایەتی زۆرن، هەمەجۆرن، هەندێک هۆکار ناوخۆیین ، کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسین.هەندێ هۆکاریش عەرەبی و نێودەوڵەتی بوون.بەڵام هۆکارە ناوخۆییەکان بەهێزتربوون. کاریگەریی هۆکارەکان گەیشتبووە ئاستێک ئیتر دەبوو ئەم کودەتاو گۆڕانکارییە ڕووبدات.
ڕاستە سەرەتا لە بەرەبەیانی 14ی تەممووزی1958 ڕێکخراوی ئەفسەرە ئازادیخوازەکان بەهۆی هەردوو لیوای بیست و نۆزدەی سوپای عیراق کودەتا سەربازییەکەیان جێبەجێکردو ڕژێمی پاشایەتیان ڕووخاند، بەڵام ئەم ڕێکخراوە پەیوەندی لەگەل بەرەی یەکێتی نیشتمانی عیراقی هەبوو،ئەم بەرەیە لە حزبە سیاسییە بەرهەڵستکارە سەرەکیەکانی عیراق پێکهاتبوو، حزبی شیوعی عیراقیش لە هەموویان زیاتر جەماوەری لە پشت بوو،پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە ڕێگای حزبی شیوعی پەیوەندی لەگەل ئەم بەرەیە هەبوو. ئەم بەرەیە لە12ی تەممووزەوە ئاگادارکرابوەوە کە ڕووداوە گرنگەکە لەم ڕۆژانە ڕوودەدات و هەموو لا ئامادە بن.بۆیە یەکسەر دوای سەرکەوتنی کوودەتا سەربازییەکە کە نەدەبوو بنەمەڵەی پادشایەتی بکوژرێن، یەکسەر زۆرینەی گەلانی عیراق بە تایبەتی کرێکاران و جوتیاران و خوێندکاران و ڕۆشنبیرانی پێشکەوتنخواز لە بەغدای پایتەخت و هەموو شارەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ڕژانە سەرشەقامەکان و خۆشحاڵی و پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم گۆڕانکارییە شۆڕشگێڕییە دەربڕی. یەکسەر کۆتایی بە ڕژێمی پادشایەتی هێنراو ڕژێمی کۆماری ڕاگەیەنرا. بڕیار درا بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لە سەردەمی پادشایەتی دژ بە ئازادییەکان دەرکرابوون. بڕیاری لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی عیراقی لە ئازادیخوازان هەڵوەشێنرایەوە. بڕیار درا بە ئازادکردنی هەموو گیراوە سیاسییەکان. شێخ ئەحمەدی بارزان و هاوڕێکانی کە لە ساڵی 1947 ەوە لە زیندان بوون ئازادکران. چوار ئەفسەرە شەهیدەکەی کوردستان کە ڕژێمی پاشایەتی لە19-6-1947 لە سێداری دان، شۆڕشی 14 ی تەممووز بڕیاریدا بە شەهیدی نیشتمان ئەژماربکرێن،هەروەها سێ شەهیدەکەی حزبی شیوعی عیراق(فەهدو حازم و سارم). لێبووردنی گشتی بۆ مەلا مستەفا بارزانی و هەر 500 پێشمەرگەکەی یاوەری دەرچوو، کە ماوەی 12 ساڵ بوو لە یەکێتی سۆڤییەت لە ئاوارەیی دەژیان، هەموو گەڕانەوە بۆ خاکی نیشتمان و پێشوازی فەرمی و جەماوەری بێ وێنەیان لێکرا. دەستووری کاتی عێراق دەرچوو کە بۆیەکەمجار تیایدا هاتووە(کوردعەرەب هاوبەشن لەم نیشتمانەدا). یاسای چارەسەرکردنی کشتوکاڵ دەرچوو، کۆتایی بە سیستەم و ستەمی دەرەبەگایەتی هێنراو جوتیار لە کۆیلایەتی و جۆرەها زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەی بن دەستی دەرەبەگایەتی ڕزگاری بوو، بوو بە خاوەنی زەوی و کەرامەتی خۆی. عیراق لە پەیمانی بەغداو ناتۆی سەر بە ئیستعمار دەرچوو. کۆمەڵێک گۆڕانکاری گرنگ لە بواری ئابووری ڕوویاندا. چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندی مافە ڕەواکانی کورد دەرچوو، بە تایبەتی لە بواری خوێندنی کوردی و ڕۆشنبیری کوردی..حزبە سیاسییە نیشتمان پەروەرەکان بە ئازادی کەوتنە چالاکی نواندن و ڕۆژنامەو ئۆرگانی خۆیان دەرکرد. کوردستان زۆر بە گەرمی پێشوازی لەم گۆڕانکارییە کردو لە لایەن مەکتەبی سیاسی پارتی برووسکەی پیرۆزبایی بۆ عەبدولکەریم قاسم ناردرا.بەمجۆرە کودەتا سەربازییەکە بوو بە شۆڕش. شۆڕش یانی گۆڕانکاری ڕیشەیی ، 14ی تەممووزی1958 یش گۆڕانکاری ڕیشەیی بەدوای خۆیدا هێنا . تەنیا ئەوانە لە دژی وەستان و تاکو ئێستا نەیاری ئەم شۆڕشەن، ئەوانەی لە بەرژەوەندییان درا ، لەناوخۆ دەرەبەگ و سەرمایەدارە چەوسێنەرەکان و هەموو کۆنەپەرستەکان و ئەوانەی ئەلقەلەگوێی ئەمریکاو بەریتانیاو ڕژێمەکانی ئێران و تورکیان..
حەیف ئێستا بەغدا لەژێر سایەی دەسەڵاتی مەزهەبی دواکەوتوو کە پاشکۆی ڕژێمی ئێرانن ڕۆژی چواردەی تەممووزی لە لیستی پشوە فەرمییەکان دەرهێنا؟!!
بەڕێزان بە تایبەتی ئەوانەی مێژوو باش ناخوێننەوە، ڕژێمی خوێناوی لە عیراق لە 14ی تەممووزی 1958 دەستی پێنەکردووە هەروەکوو ئێستا هەندێک وا بانگەشە دەکەن، بەڵکو ڕژێمی خوێناوی لە عیراق و تێکچوونی باری سیاسی عیراق لە 8ی شوباتی1963 دەستی پێکرد کە بەعسییە فاشستەکان بە قیتاری ئەمریکا کودەتایان لەسەر شۆڕش چواردەی تەممووز کردو شەهیدیان کردو دەسەڵاتیان گرتە دەست و لەماوەی چەند ڕۆژێکدا بە هەزاران شیوعی و نیشتمانپەروەرو ئازادیخوازیان شەهیدکردو دوای چەند مانگێکیش دڕندانەترین هێرشی خوێناوی و تاڵانکردنیان کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان و تەنیا لە کۆیە و سلێمانی بەدەیان کەسی بێتاوانیان لە عەموودەکانی کارەبا دەبەستانەوەوگوللەبارانیان کردن لەسەر کوردبوونیان.. تاوانەکانی حەرەس قەومی لە کوردستان بە دە کتێبانیش تەواو نابێت. لەوە دەترسم لە ئایندەدا 8ی شوبات ببێتەوە بە شۆڕش و پشووی فەرمی لەو عێراقەی کە زۆر زەحمەتە ڕاستەڕێ بێتەوە!!
نووسینی، مەغدید حاجی.
14 ی تەممووزی2024