ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 2019 بۆ هەدەپە کە درێژەپێدەرەکەی دەم پارتییە، جێگای دڵخۆشی نەبون، چونکە لەو هەڵبژاردنەدا ژمارەیەک لە شارەوانیی پارێزگاکانی باکوری کوردستانی لە بەرامبەر ڕکابەرەکانی لەدەستدا.
لە 30 ساڵی ڕابردووی تورکیا چەندین پارت دامەزراون و دواتر داخراون، چەقی پێگەی جەماوەری ئەم پارتانە باکوری کوردستان بووە و ئەوانیش هەمیشە بانگەشەی ئەوەیان کردوە، “لە پێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد لە تورکیا دامەزراون”.
بەشێک چاودێرانی سیاسیی بڕوایان وایە، ئەو گوشارە فرەڕەهەندەی لەسەر ئەو پارتە جەماوەرییانە هەبووە لەسەر هەر پارتێکی سیاسی دیکە بوایە لە تورکیادا بەرگەی نەدەگرت و کۆتایی پێ دەهات.
گوشارەکانی سەر جوڵانەوە کوردییەکان لە تورکیا بەشێوەیەک بووە چەندین جار داخراون و ناچارە بون بۆ ئەوەی بەردەوامی بە چالاکییەکانیان بدەن ناوی خۆیان بگۆڕن یان لە ژێر ناوێکی دیکەدا خۆیان دابمەزرێنێنەوە.
گوشارەکان تەنها بە داخستنی پارتەکەوە نەوەستاوە، بەڵکوو ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و بەرپرسانی پارتەکانیش بە هاوسەرۆکانی پێشوتری هەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانیی هەڵبژێردراو لە کارەکانیان دور خرانەوە و زیندانی کران و ژمارەیەکیان هێشتاش لە زینداندان.
لە کاتێکدا پەرلەمانتاران و سەرۆک شارەوانییەکان بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون، کەچی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران هەڵگیراوە و بە قەیومیش جێگای ئەو سەرۆک شارەوانییانە پڕکراوەتەوە کە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون.
ئاک پارتیی دەسەڵاتدار لە تورکیا دەم پارتیی ئێستا و هەدەپەی پێشوو بەوە تۆمەتبار دەکات کە لەژێر هەژمونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دایە و ئەندام و بەرپرسانی پارتەکەیش بە پاساوی “ئەندامبون و پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە” دەستگیر دەکات و هەر بەو پاساوەیشەوە پەرلەمانتاران و سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان دور دەخاتەوە. حکومەتی ئاک پارتی سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپەی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە گوایە سەرچاوە دارایییەکانی شارەوانی بۆ پەکەکە بەکار دەهێنن.
دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکان دوای ئەوە بوو کە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی لە 2014 بەدەپە کە درێژەپێدەری دەم پارتییە توانی دەنگێکی زۆر لە باکوری کوردستان بە دەست بهێنێت و ژمارەیەکی زۆر لە شارەوانییەکان بباتەوە.
بەدەپە توانی لەو هەڵبژاردنەدا شارەوانیی 11 پارێزگا و شارەوانیی 96 قەزا لە باکوری کوردستان بەدەست بهێنێت.
دوای کۆتاییهێنان بە پرۆسەی ئاشتی و دەستپێکردنەوەی شەڕ لە نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کودەتا لە تورکیا لە 15ـی تەموزی 2016، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا زۆربەی سەرۆک و هاوسەرۆک شارەوانییەکانی بەدەپەی لابرد و قەییومی لە جێ دانان، دواتر ژمارەیەکی زۆر لەو سەرۆک و هاوسەرۆکی شارەوانییانە دەستگیر کران. لەنێو ئەو سەرۆک و هاوسەرۆکی شارەوانییانەی دور خرانەوە و قەییومیان لەجێ داندرا هەریەک لە سەرۆک و هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی پارێزگاکانی شرنەخ، وان، دێرسیم، ئامەد (دیاربەکر)، جۆڵەمێرگ (هەکاری)، ئیدر، سێرت، ئێلح (باتمان)، مێردین و بەدلیس دەبیندران.
دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکان، تا ڕادەیەک دەنگدەرانی دەم پارتی بێهیوا کردوە
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەدەن ئەنجامدانی هەڵمەتێکی بەرفراوانی لە جۆرە و دورخستنەوە و دەستگیرکردن و زیندانیکردنی زۆربەی هەرە زۆری سەرۆک و هاوسەرۆکە هەڵبژێردراوەکان، بە جۆرێک لە جۆرەکان بوە هۆی بێهیوابونی دەنگدەرانی کورد لە باکوری کوردستان.
باس لەوەیش دەکرێت کە لە لایەکی دیکەیشەوە ئەو شارەوانییانەی ئاک پارتی دەسەڵاتدار بە قەییوم داینان، دەستیان کرد بە ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی گرنگ بۆ ئەوەی تاکو هەڵبژاردنی داهاتووی شارەوانییەکان بتوانن دەنگی خەڵک زیاتر بۆ ئاک پارتی کۆ بکەنەوە.
لە لایەک بێهیوابونی ژمارەیەک لە دەنگدەرانی بەدەپە (هەدەپە) و لە لایەکی دیکەش پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی زۆر بەو ناوچانەی باکوری کوردستان، دەرفەتی بۆ ئاک پارتی و پارتە ڕکابەرەکانی دیکەی هەدەپە خۆش کرد تاکوو بتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوی شارەوانییەکان ژمارەیەک شارەوانی بە دەست بهێنن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 2019 هەدەپە شارەوانیی هەریەک لە پارێزگاکانی ئاگری، شرنەخ و بەدلیسی لەدەستدا و ئاک پارتی توانی ئەو شارەوانییانە بباتەوە، هەروەها شارەوانیی ئیدری لە بەرامبەر مەهەپە و شارەوانیی دێرسیم’یش لە بەرامبەر پارتی کۆمونیستی تورکیا لە دەست دا. تاکە پارێزگایەک هەدەپە توانی لەو هەڵبژاردنەدا بیباتەوە قەرس بوو.
لە هەڵبژاردنی 2019 دەنگەکانی هەدەپە بە جۆرێک کەمی کرد کە توانی تەنها شارەوانیی پێنج پارێزگا و 50 قەزا بەدەست بهێنێت. بەڵام زۆری نەبرد قەییوم لە جێگای سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە لە مێردین، ئامەد، وان و قەرس داندرا. ئێستا لە کۆی ئەو شارەوانییانەی هەدەپە بە دەستی هێناون تەنها شەشیان لای هەدەپە ماونەتەوە و قەییومیان لە جێ دانەندراوە.
جگە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، هەدەپە (دەم پارتی) لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیش دەنگەکانی کەمیکردوە
تەنها لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا نا، بەڵکو لە هەڵبژاردنە گشتییەکانیشدا دەنگی هەدەپە کە دەم پارتی درێژەپێدەرییەتی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی 2018 هەدەپە توانیبوی لە 11.7٪ـی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، کەچی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی 2023 توانی تەنها لە 8.8٪ـی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.
ژمارەیەک لە چاودێرانی سیاسیی ئاماژە بەوە دەدەن لەگەڵ چڕکردنەوەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان، هاوکات پارتی دەسەڵاتدار و هاوپەیمانەکانی لە تورکیا گوشارەکانیان بۆ سەر دەم پارتی چڕتر کردوەتەوە، ماوە ماوە ئەندامان و بەرپرسانی پارتەکە بە تۆمەتی “ئەندامبون و پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە” دەستگیر دەکرێن. ئەو چاودێرانە بانگەشەی ئەوە دەکەن “هەموو هەوڵێکی دەسەڵات بۆ ئەوەیە دەم پارتی بە تەواوی ناچالاک بکەن و بیسڕنەوە”. ئاماژە بەوەیش دەدەن دەسەڵاتدارانی تورکیا چەندین ساڵە هەڵمەتێکیان دەستپێکردوە بۆ نیشاندانی دەم پارتیی ئێستا و هەدەپەی پێشوو کە گوایە پەکەکەیە و بۆ ئەمەیش کاریگەرییەکی زۆریان کردوەتە سەر ڕایگشتی لە تورکیا و بە جۆرێک خەڵکانێکی زۆر تەنانەت سڵ ناکەنەوە لەوەی بە ئەندام و لایەنگرانی دەم پارتی بڵێن “تیرۆریست”.
دەم پارتی لە ڕێگای هەڵبژاردنی ناوخۆییەوە کاندیدەکانی بۆ شارەوانییەکان دیاری دەکات
دەگوترێت وێڕای تەواوی ئاستەنگ و ڕێگرییەکان، بەڵام ئەندام و لایەنگران و بەرپرسانی دەم پارتی لە ئامادەکاری بەردەوامدان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا.
لەو میانەیەدا هەدەپە لە ڕێگای دەنگدانی ناوخۆییەوە، کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و هاوسەرۆکایەتیی شارەوانییەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەکان دیاری دەکات.
سەرچاوە:سبەی