
رۆژی شەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بازرگانێکی مادەی هۆشبەریان دەستگیر کردووە و دەستیان بەسەر 136 کیلۆگرام حەبی کاپتاگۆندا گرتووە.
لە بەشێكی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “لە شەوی 29/30ـی 12ـی 2023، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی بەردەوام کە زیاتر لە مانگێکی خایاند، هەروەها دوای ئاڵۆگۆڕی زانیاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی نەینەوا و یەکگرتنەوەی زانیاریەکان و پشتڕاستکردنەوەی، دوای وەرگرتنی بڕیاری بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمان توانرا بازرگانێکی نێودەوڵەتیی بیانیی مادە هۆشبەرەکان لە شاری هەولێر دەستگیر بکرێت.”
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەشڵێت، لە چالاکیەکی دیکەدا دەستیان بەسەر 76 کیلۆگرام حەبی کاپتاگۆندا گرتووە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بەڕێوەبەرایەتییەکە بڵاویکردوونەتەوە، ئەم ساڵ دەستیان بەسەر نزیکەی یەک تۆن و نیو حەبی کاپتاگۆندا گرتووە “کە بە دەنک زیاتر لە 10 ملیۆن دانە حەب دەکات، لەگەڵ ژمارەیەک بازرگانی ناوخۆیی و دەرەکی.”
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەڵێت، بەکارهێنانی حەبی کاپتاگۆن لەلایەن ئاڵوودەبووانەوە لە هەرێمی کوردستان “زۆر کەم و سنووردار بووە.” باس لەوەش دەکات، دەستبەسەرداگرتنی “ئەو بڕە زۆرە و لە ماوەی یەک ساڵدا بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە هەوڵی جددی هەبووە بۆ ئەوەی کە لە هەرێمیش کەسانێک فێری بازرگانی و بەکارهێنانی ئەم جۆرە حەبە مەترسیدارە بکرێت.”
وەکو بەڕێوەبەرایەتییەکە باسی دەکات، رۆژی 25ـی کانوونی یەکەمی 2023، “بەهۆی دەستگیرکردنی بازرگانێک لە شاری هەولێر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمان و دوای لێکۆڵینەوە و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، توانرا بڕی 100 کیلۆگرام حەبی کاپتاگۆن لە پارێزگای زیقار دەستی بەسەردا بگیرێت، لە درێژەی لێکۆڵینەوەکاندا لەگەڵ هەمان تۆمەتبار توانراوە بڕی 76 کیلۆگرامی دیکەش لە هەمان مادە دەستی بەسەردا بگیرێت و کۆی گشتی مادە دەستبەسەرداگیراوەکە بوەتە 176 کیلۆگرام.”