رەنگبێت هەر بەتەنها ناونیشانێکى کۆمیدیی نەبێت کە “سیخوڕی” ببێتە ناو و ناسنامەى مۆدێلێکى زاڵ و باو لە کارنامە و کارکردنى میدیایی، بەڵکو دەشێت دەربڕى واقیعێکى شێواو و تراژیدیی ئەو ژینگە میدیاییەش بێت، ئەمجۆرە کارکردنەى لە هەر جۆرە کارکردنێکى دیکە زیاتر لەلا پەسەندەو زووتریش تیایدا سەوز دەبێت.
لە نێوان پیشەى سیخوڕیی و رۆژنامەگەرییدا، تاڵە دەزوویەکى تەنک و باریک هەیە. ئەوەى وا دەکات ئەو تاڵە دەزووە نەپسێت و لەیەکترییان جیادەکاتەوە، روونیی و ئاشکرایی ناسنامە و ئامانجە پیشەییە جیاوازەکانى نێوانیانە. یەکەمیان سروشتى کارەکەى وادەخوازێت، بە نهێنیی بۆ دەزگایەکى شاراوە و ئامانجێکى تایبەتیی کاربکات، هەرچى دووەمیانە دەبێت بە ئاشکرایی بۆ دەزگایەکى ناسراو و لەپێناو بەدیهێنانى سوود و بەرژەوەندیى گشتییدا هەنگاو بنێت.
ئەگەرچى پەیوەندیی نێوان دەزگا میدیایی و هەواڵگرییەکان مێژوویەکى دێرینى هەیە و تەریب بە قۆناغەکانى پێش دەرکەوتن، پەیدابوون و گەشەسەندنى تەکنۆلۆژیا لە هەڵبەز و دابەزدایە، بەڵام بەئەنقەست تێکەڵاوکردنى ناسنامەى رۆژنامەگەریی و سیخوڕیی بەیەکترى یاخود ئاڵوگۆڕپێکردنى رۆڵە پیشەییەکانى نێوانیان، بووەتە دیارترین ناسنامەى ئەم قۆناغەى میدیا لەهەرێمى کوردستاندا. بەجۆرێک دەیان کارمەند و دەزگاى میدیای باو و جێگرەوە (mainstream and alternative media)، بەپارە و پیلان و رێنوێنى کەسایەتییە حزبییەکان و ئاژانسە هەواڵگرییەکانیان هەڵدەسوڕێن و قەڵەو دەکرێن. لەبودجەى گشتی، حزب دروستدەکەن و دەیژێنن. حزبیش لەرێی میدیاى بارگاوییکراو و رێکخراوى بەناو سڤیل، خەون و خواستى هاونیشتمانان بە قەیرانى دروستکراو لەبیر دەباتەوە، هاوکات بە وشەى باق و بریق ژیان لە میللەت دەشێوێنن و ئەوەى حزب نەیەوێت نایخەنە بەر باس.
ئەو مۆدێلى کارکردنە، جگەلەوەى رەگ و ریشاڵى خۆى بەنا و کایە و دامەزراوەکانى دیکەدا پەخش و بڵاودەکاتەوە، وزەى مانەوە و بەردەوامیی خۆیشى هەر لەدۆخى باوى سیاسی، ئابوریی و کولتوریی ئەو ژینگەیەوە وەردەگرێت کە “رۆژنامەگەریى سیخوڕى” دەکاتە تاقە سەرچاوەى دەستکەوتنى زانیاریی و هەناسە لە گەر و گیانى کێبرکێی پیشەییانەى میدیا و میدیاوانان دەبڕێت. هەڵبەت زانیارییەک نا کە هەمووان هەقى زانینیان هەبێت و تائێستاش لێی بێبەش بن، بەڵکو زانیارییەک کە بۆ خاوەن و ناندەرە سیخوڕەکەى گرنگ و پێویست بێت.
زانیارییەک بەتام و بۆی دەزگا هەواڵگریی و کارەکتەرە ئەمنییەکانى ناوى، لێنرابێت و لەرێی میدیاوە گەرم کرابێتەوە تاوەکو ئاسانتر ئامانجەکە بپێکێت کە ژەهراوییکردنى ئەو کەسانەیە زانیارییەکەیان پێدەگات نەک ئەوانەى زانیارییەکە دەدەن!.
نمونەکانى مۆدێلى “رۆژنامەگەریى سیخوڕى”، زۆرو هەمەجۆرن و زیاد لە جۆرو شێوازێکى دەربڕین و کارکردنیان هەیە. هەندێکیان، رۆژنامەى چاپکراون و بەتەنها بۆ چوار ژمارە لە مانگێکدا نزیکەى ٤٠ ملیۆن دینارى عێراقى وەردەگرن. هەندێکى تریان، رادیۆو تەلەڤزیۆنى ئاسمانیین و مانگانە نزیک بە ١٥٠هەزار دۆلارى ئەمریکییان بۆ خەرج دەکرێت، تەنانەت بەچەنشێک دەستکراوەن کە ژمێرەى خەرجییەکانیان بە هیچ فلتەر و لێپرسینەوەیەکى پیشەیی و یاساییدا ناڕوات. هەشیانە، بە دەرزەن پەیج و ئەکاونتى سۆشیاڵمیدیان و بوونەتە سەرچاوەى پارەپەیداکردنى دەیان و سەدانى جنێوفرۆشى حزب و بەرپرسە هەڵتۆقیوەکانیان.
ئەمجۆرە مۆدێلەى کارکردن، دوایین پیلانى بیرلێکراوەى حزبە کوردییەکانە بۆ سنوردارکردنى ئەو کەمینە میدیاییەى لە دەرەوەى سیاسەتى رەسمیی ئەوان، مەمرەو مەژى تواناى بەپێوە وەستانیان ماوە.
بەپێی ئەزموون، زۆرێک لەبەرپرسە حزبییەکان ئەوەیان بۆ ساغبوەتەوە کە هەبوونى میدیایەک لەدەرەوەى میدیاى رەسمیی حزب زیاتر خزمەتیان دەکات و باشتریش لە ئاستى رێکخستنى حزب دەیانباتە پێشەوە. ئەم مۆدێلە لەمیدیا لە رێی تۆمارکردنی دەیان کۆمپانیا و رێکخراوى خەیاڵییەوە، لەگەڵ گەرمبوونى شەڕى داعش و درێژبوونەوەى قەیرانى داراییدا لەبرى ئەوەى بووەستن و نەمێنن، لق و پۆپى نوێیان لێدەبێتەوەو لەناوەو دەرەوە نوسینگە دەکەنەوە.