زیادئەسعەدى هونەرمەندى دوورەوڵات، بەشایەدى زۆرینەى خەڵک و هونەرمەندانیشەوە، مرۆڤێکى دەم بەخەندە ودڵپاک وجوان و خاوەن کەسایەتییەکى هێمن و رێزدارە، جگەلەدەنگى بەتوانا و بەچێژ و خۆشى، کەسێکى لێهاتووى کەم وێنەیە، بەوەى جگەلە زۆرێک لەئاوازى گۆرانییەکانى خۆى هەتا ئیمڕۆ دەیان ئاوازى جوان و سەرکەوتووى بۆهونەرمەندە جیاجیاکانى کورد داناوە و رۆژانە لەکەناڵ و رادیۆجیاجیاکانەوە گوێبیستییان دەبین و کاریگەرى ئەرینیشیان لەسەرگیانمان هەیە، دیارە لەم هونەرى ئاوازدانانەدا هەتا ئاستێکى بەرز و بەرچاو سەرکەوتوو بووە، كاتی خۆی بەندە، بەڵام دواى ئەوەى لەهەشتایەکانى سەدەى پێشوو ماوەیەک لەگەڵى ژیام و شارەزاى تواناکانى دەنگى بووم و ئاوازیشم بۆى دانا، ئینجا لەستوونێکی دوا لاپەڕەی كوردستانی نوێی ژمارە (179)ی ڕێكەوتی (31/8/1992) و لەژێر ناوی (كەناڵی پێتەختی هەرێم)دا، نووسینێكم بڵاوكردەوە و لەشوێنێکى ئەو نووسینەدا گوتبووم: (هەركەسێک یەك گۆرانی گوت ئەوە: (مەزهەر خالقی) یان (ناسری ڕەزازی) یانیش (زیاد ئەسعەد) نییە.)….. دیارە ئەوسا بەتایبەتى لەلایەن گۆرانیبێژە گەنجەکانى هاوتەمەنى زیادەوە رەخنەى ئەوەم لێگیرا: چۆن دەبێ (زیادئەسعەد)ێکى تازە پێگەیشتوو، بهێنمە هاوتاى ئەوگۆرانیبێژە دەنگخۆش و بەئەزموونانەوە؟ بەڵام گرنگ ئەوەبوو پێشبینییەکەم راست دەرچوو. نزیکەى چەن ساڵێک پێش ئێستا، لەلایەن چەن کەسێکەوە ئینجا لەبەر هەرهۆیەک بووبێت، دەنگۆى بێبنەماى خراپیان لەسەرزیادى هونەرمەند بڵاوکردەوە، دواتر بەدیارکەوت ئەوانە: چاویان بەهونەرمەندى دەنگ شیرین و بەتوانا (زیاد ئەسعەد) هەڵنایەت، بەڵام خۆشبەختانە وەک گوتراوە: پەتى درۆ کورتە، دواجار بۆهەموولایەک ئاشکرابوو، کە زۆر بەداخەوە: زیادى هونەرمەندە تووشى (جەڵتەى مێشک) هاتووە و بەو هۆیەوە ئەمڕۆ نزیکەى نیوەى جەستەى نیمچە (ئیفلیح) بووە و ژیانى پێتاڵکردووە، بەداخەوە وەک گوتراوە کە ئێمەى کورد: (زیندوو کوژى مردوو پەرستین)، ئەوە لەوبارە تەندروستییە خراپەیدا لەجیاتى بەهاناوەچوون، ئەوشتە خراپانەیان لەسەر بڵاوکردەوە.
ئێستا ئەو هونەرمەندە بەتوانا و دەنگ سازگار و ئاوازدانەر و نووسەرى تێکستى گۆرانى و …هتد، لەوڵاتى (سوید)ى ساردوسەرما لەگەڵ ئەو نەخۆشییە درێژخایەنەدا ژیان بەڵام بەتەنیایى و دەردەسەرى دەباتەسەر، بەداخەوە (جەڵتە)کە کارى کردۆتەسەر هەستان و دانیشتنى و تەنانەت بەزەحمەت رێگەکردنیشى. دیارە بەندە جارجارە لەڕێگەى تەلەفۆنەوە ئاگادارى ژیانى ناخۆشى ئێستاى ئەوبرابچووک و هونەرمەندە بەتوانایەم.
خۆشبەختانە ماوەیەک پێش ئێستا سەرۆکى (تیپى مۆسیقاى سلێمانى) تەلەفۆنى بۆکردم و بەسوپاسەوە و گوتى: مامۆستاگیان، ئێمە حەزدەکەین لەڕێگەى ئێوەوە، داوەتى هونەرمەندى گەورە (زیادئەسعەد) بکەین و کۆنسێرتێکى جوانیشى بۆبکەین، چونکە بە شایانى ئەوە و زیاتریشی دەزانین. (ئاشکرایە نرخى زێڕلاى زێڕنگرە)، پەیامەکەیانم بە هونەرمەند زیاد ئەسعەد گەیاند و دیارە لەبەر بارى خراپى تەندروستی داواى لێبوردنى کرد، بەڵام نایشارمەوە و لەتۆنى دەنگییەوە هەستمکرد، زۆریش نەک کەم بەو ئاوڕلێدانەوەیان دڵخۆشبوو، دڵنیام بەبیستنى هەواڵەکە چاوەکانى ئاویان تێزاوە.
باشە ئەدى وەزارەتى رۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەندیکاى هونەرمەندانى کوردستان، بۆ زیاد ئەسعەدى هونەرمەندى لێهاتووى کورد، ئایا هەتا ئەمڕۆ هیچتانکردووە؟ ئینجا لقى هەولێرى سەندیکاى هونەرمەندان وبەڕێوەبەایەتى رۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و…هتد،. ئایا هەتا ئەمڕۆ هیچییان بۆ ئەو هونەرمەندە لێهاتووەى کورد و هونەرمەندى ناودارى شارەکەى خۆتان کردووە؟ لەم بارى ناساغى و نەخۆشییە وتەنیایەیدا ئایا بیریان لەوە کردۆتەوە: ئەگەر جارێکیش بێت بەهانایەوە بچن، بەڵکو بەشێوەیەک لەشێوەکان بتوانن: سەردان یان هاوکارى بکەن و هیچ نەبێ کەمێک دڵخۆشى بکەن، بۆئەوەى بزانێت و تێبگات کورد بەگشتى و لەشارەکەى خۆیشى خەڵکى بەپەرۆشن بۆى و بەئەرکى سەرشانییانى دەزانن پێداویستى ژیانى ئەمڕؤى بۆدابین بکەن؟