پرسی نایەکسانی لە نێوان ژنان و پیاواندا ڕۆژانە لەم کۆمەڵگا پیاوانەیەدا هەوڵی بچوککردنەوەی دەدرێت، لە کاتیكدا پرسێکی بنەڕەتیە هیچ هێزێک لە جیهاندا نەیتوانیوە ئیعترافی پێنەکات، بە ئەبو بەکر بەغدادیشەوە کاتێک دەوڵەتی دژە مرۆڤایەتی و خەلافەتەکەی ڕاگەیاند ژنانی ئاخنیە ماڵەوە لە ترسی دەرکەوتنی ژن، هەر ئەو ترسە لە ژن ئیعترافە بە نایەکسانی جێندەری و دانی شوناسی ژن بوون بەهۆکاری جیاوازی پێگەی کۆمەلایەتی ژن لەگەڵ پیاو، شەرمە لەم هەرێمەی ئێمە ئێستا دەیانەوێت بمانبەنەوە سەرەتای زۆر سەرەتا. وە زۆر هەوڵ دەدرێت بە هەڵەداوان و هەوڵی جدی دەدرێت بۆ بڵاوکردنەوەی نەزانی و نەفامی.
کاتێک باسی هاوسەرگیری پێشوەختە دەکەین کە ژمارەیەکی زۆر لە کچانی منداڵ بەناوی هاوسەرگیریەوە سێکسیان لەگەڵ دەکرێت نابێتە پرسی ئەنجومەنی پارێزگاو پیاوسالارانی وڵات، وە نابێتە خەمی ئەو مەلاو بانخوازانەی خزینرانە ناو پەرلەمانەوە بەناوی شەرعیەتدان بە شەرع هاوسەرگیری منداڵ. ئەوانە شیکاری دەکەن بۆ باشی بەشوودانی منداڵ و بەهانەی پڕو پوچ دەهێنەوە بۆی وە لەدەستیان بهاتایە هاوسەرگیری (یاساییان) دەهێنایە خوارەوە بۆ تەمەنی هەرزەکاری. دەبینن کەسیان باسی تەجاوەزی سێکسی بەکچانی منداڵ ناکەن وە پاساو دەهێنەوە بۆ پاراستنی خێزان لە کاتێکدا ئەوانە هەموو توندوتیژیە بە کچانی منداڵ دەکرێت، بەڵام چالاکیەکی مەدەنی، هونەری، پۆستێك، یان بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کە بەدڵیان نیە وەك کێچ دەکەوێتە کەوڵیان و بە ناشرینترین شێوە هاندان بۆ توندوتیژی دەکەن، کچ بەهۆکاری ئەوەی هەڵگری ئەو جێگە کۆمەلایەتیەیە کە لەگەڵ یەکەم سوڕی مانگانەدا پێدەدرێت کە نایەکسانی جێندەریە، بە پێکەنینەوە دەڵێن کچ زوو شوو بکات باشە.
نایەکسانی جێندەری پەیوەندی راستەوخۆی تەنها بە ماف و سەندنی ماف نیە بەلکۆ پێویستی بە هۆشیاری قوڵ هەیە بۆ تێگەیشتن لە کێشەکانی ژن بوون و پیاو بوون هەمان کات زۆر ئاسانە بینیی نایەکسانی جێندەری لە زۆر لایەنەوە. پرسی جێندەر نە بە دەوڵەتێك نە بە سەرۆکێک، نە بە پەرلەمان، نەبە ئەنجومەنی پارێزگا دەشاردریتەوە نە خۆتان ماندوو بکەن، هەر گۆمێک کە شڵەقا ئیتر جیگەی خۆی ناگریت ئەوە. ئازادی، یەکسانی و فڕێدانی بەرگی پیاوسالاری کاتیەتی.
نایەکسانی جێندەری وەك ئاو خواردنەوەی رۆژانە وایە ناوەستێت بەڵکۆ گەشەدەکات و بەرگی جیاواز، دیدو چەمکی جیاواز دەهێنێتە ئاراوە بەهۆکاری گۆڕانکاریە کۆمەلایەتی و جیهانیەکان لەسەرتاسەری جیهاندا بونی هەیە. تازە کوردستان جیهانێکی داخراو نیە، بەڵکۆ گەشەدەکات و ژنان دەجەنگن بۆ یەکسانی بە شێوەی فراوان و پیاوانی یەکسانیخواز تێدەکۆشن بۆ ڕاستکردنەوەی لاریەکان. تێکەڵاوکردنی نایەکسانی نێوان ژن و پیاو لەگەڵ گروپی زۆر زۆر بچوکی ناو کۆمەڵگا تەنها بەلا ڕێدابردن و بازرگانی سیاسیی و بازرگانی دینی نەبیت هیچی دیکە نیە.