ئاسان نییە منداڵێک پەروەردە بکەیت و گەورەی بکەیت، کوڕ بێت یان کچ پێویستی بە بایەخپیدانی تایبەت و شێوازی گونجاو هەیە لە هەڵبژاردنی ئەو رێگەیەی منداڵەکەتی تێدا گەورە دەکەیت، بۆئەوەی لە داهاتو کچەکەت بە باشترین شێواز پەروەردە بکەیت دەتوانیت ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکەیت.
یەکەم: ئازادی پێبدە
بۆئەوەی کچەکەت لە کەسانی خراپ بپارێزیت نابێت بەندی بکەیت و ئازادی لێوەربگریتەوە، ئەمە رێگەیەکی هەڵەیە و وا لە کچەکەت دەکەیت بە رێگەی دیکە ئازادی بۆ خۆی پەیدابکات، هەربۆیە ئازادی بە کچەکەت بدە و فێری بکە چۆن خۆی مامەڵە لەگەڵ کەسانی خراپ بکات.
دوەم: بەهرەکانی بدۆزەرەوە
تەنها لەبەر ئەوەی منداڵەکەت کچە واتای ئەوەنییە خاوەنی بەهرەیەکی کەمتر بێت لە کوڕ، پێویستە هەوڵی لەگەڵ بدە و لە رێگەی ئارەزوەکانییەوە بەهرە و تواناکانی دەربخە، لەبری ئەوەی لە منداڵییەوە فێری خواردن ئامادەکردنی بکەیت، رێگەی بدە خۆی ئەو شتە هەڵبژێرێت کە دەیەوێت بیکات.
سێیەم: با بزانێت کە متمانەی پێدەکەیت
باشترین کار کە بتوانیت بۆ کچەکەتی ئەنجامبدەیت ئەوەیە کە متمانەی پێببەخشیت و هەمیشە لەلای بیت، ئەمەش کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر بەهێزبونی کەسایەتی و نەترسان لەوەی هیچ هەڵەیەک ئەنجام نەدات.
چوارەم: فێری بکە پارێزگاری لە خۆی بکات
لەبری ئەوەی منداڵەکەت فێربکەیت لە رەگەزی بەرامبەر بترسێت، فێری بکە کە پارێزگاری لە خۆی بکات، جەستەی تایبەتە بە خۆی هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە لە جەستەی نزیکبێتەوە.
پێنجەم: دوای خەونەکانی بکەوە
لەبری ئەوەی هاوار بەسەر کچەکەت بکەیت کە کارەکانی ناوماڵ ئەنجامبدات، هەمیشە پاڵپشتی کچەکەت بکە و لەگەڵیدا بە بۆئەوەی دوای خەونەکانی بکەوێت.
شەشەم: وایلێبکە هەست بە بەهێزی و متمانەبەخۆبون بکات
لە سەردەمی ئێستادا کچەکان بەشێوەی روخسار و جوانیان هەڵدەسەنگێنرێن، هەرگیز رێگە مەدە ئەمە کاریگەری لەسەر کچەکەت دروستبکات، فێری بکە کەسایەتی خۆی بەهێز بکات پاشان گرنگ بە جوانی روخساری بدات.
حەوتەم: فێری بکە چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیاری خەڵکی بکات
خەڵکی هەمیشە قسە لەسەر هەمو شتێک دەکەن، رێگە مەدە کچەکەت بکەوێتە ژێر کاریگەری قسەی چواردەوری، چونکە ئەوە وایلێدەکات لە ژیان و کاری خۆی دوابکەوێت و هەر رۆژێک بە جۆرێک رەفتار بکات بۆئەوەی چوار دەور لە خۆی رازیبکات.
هەشتەم: ببە بە باشترین هاوڕێی
لەبری ئەوەی مامەڵەی دایک و کچ یان باوک و کچ لەگەڵ منداڵەکەت بکەیت، مامەڵەی دو هاوڕێ بکەن پێکەوە، بەمەش کچەکەت تەواوی هەستەکانیت لەگەڵ بەش دەکات و لە بڕیارەکانی راوێژت پێدەکات.