زۆرینەی ژمارە باش و خراپەکانی گەلانی ئەم دوو وڵاتە ، لەدوای 11ی سپتێمبەرەوە دەستی پێکردووە ، خاڵەباشەکانی ئەوە بووە کە کۆتایی بەدوو ڕژێمی دیکتاتۆری ترسناك هێنراوە ، بەڵام ترسناکترو وێرانکەرتر لەدوو ڕژێمە ملهوڕەکە ، گەندەڵی مەزهەبچی و موجاهیدو ئەو بەناو شۆڕشگێڕانە بوون کە لەدوای تانکەکانی ئەمریکاوە هاتنەسەر دەسەڵات ، سەرخان و ژێرخانی ئەم دوو وڵاتەیان هەڵتەکاندو پرۆسەی پێشکەوتنی پیشەسازی و کشتوکاڵی و هەموو کایەکانی ژیانیان ئیفلیج کرد.
ئەگەر گوزەرێك بەناو جەدوەل زەڕب و ژمارەکانی ئەم دوو وڵاتە بکەین ، بۆمان دەردەکەوێت کەعیراق و ئەفغانستان لەسەر مێزی بڕیاربەدەستانی دنیا یەك پاکێجە ، بەڵام بەدوو تەرزی جیا.
بیست و شەش ڕۆژ دوای هێرشە تیرۆریستیەکەی سەر هەردوو تاوەری سەنتەری بازرگانی نیویۆرك ، لە 7-10-2001 هێرشی ئەمریکاو هاوپەیمانان بۆ سەر ئەفغانستان دەستی پێکردو بزوتنەوەی تاڵیبان و ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەیان لەماوەی هەشت مانگدا ، لەشارەکاندا ڕاماڵی ، دواتر لەناو ئەشکەوتەکانیشدا مانەوەیان ئەستەم بوو.
تاڵیبان و قاعیدە بەشێوەیەك لاوازو پەرپوت بوون ، کەهیچ توانایەکی مانەوەیان نەما ، بەڵام گەندەڵی و تاڵانی و ناعەدالەتی دەسەڵاتی نوێی ئەفغانستان هۆکاری سەرەکی بەهێزبوونەوەو گەڕانەوەی تاڵیبان بوون بۆ سەر دەسەڵات.
لەگەڕانەوەشیاندا ، بەم هەموو تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە سەربازیەی بەردەستیان ، نەیانتوانی بەرەنگاری چەکە سووکەکانی تاڵیبان ببنەوە.
لەدوای هەشت مانگ و یازدە ڕۆژ لەڕاونانی تاڵیبان و قاعیدە پەرلەمانی کاتی ئەفغانستان (لۆیاجەرگا) دامەزرێندرا و حکومەتی کاتی ئەفغانستان دەستبەکاربوو ، دەرگای هاوکاری دنیا بەسەر گەلانی برسی ئەفغانیدا کرایەوە ، هەرچەندە شەڕ کۆتایی هاتبوو ، بەڵام خۆ دوڵەمەندکردنی بەناو سیاسیەکانی ئەفغانستان لەپێناو منداڵەکانی خۆیان و برسیترکردنی منداڵانی ئەفغانستان ، شەڕەکەی درێژتر کردەوە ، تا ئەوکاتەی ئەمریکاش هاتە سەر ئەو باوەڕەی کە پێویستە بزوتنەوەی تاڵیبان بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات ، لەسپتێمبەری 2021 تاڵیبان ئەمارەتەکەی دامەزراندەوەو بەتۆبەیەکی نسوح ئاساو عاقڵانەتر گەڕایەوە سەر دەسەڵات.
دوای ساڵێك و سێ مانگ ، لەداگیرکردنی ئەفغانستان ، بەگوێرەی قانونی ڕزگارکردنی عیراق کەلەساڵی 1998 لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە دەرکرابوو ، لە 19-3-2003 هێرشی ئاسمانی دەستیپێکردو ڕۆژێك دواتر هێرشی زەمینی لەوڵاتی کوەیتەوە بەرەو شاری بەسڕەی باشوری عیراق دەستیپێکرد و لەماوەی بیست و دوو ڕۆژ ، کۆتایی بەحوکمی بیست و چوارساڵەی بنەماڵەی صدام و حزبی بەعس هات.
دوای 19 ساڵ سیاسیە بەڕیش و بێ ڕیش ، سەرکۆت و سەر بەجامانەو عەمامەکانی عیراقیش هەمان هەڵەی سەرکردەکانی ئەفغانیان دووبارە کردۆتەوە ، تالیبان ساڵێك و بیست و دوو ڕۆژە دەسەڵاتی ئەفغانستانی وەرگرتۆتەوە ، بەهەمان خشتەی ڕۆژی کەوتنی بتەکەی بەغدا ، کەمتر لەدوو مانگ ماوە ، ئایا سیاسیە کەتنچیەکانی عیراق خۆیان چاك دەکەن و زیرەکانە وەڵامی جەدوەل زەڕبەکە دەدەنەوە یان وەکو سیاسیە هەڵاتووەکانی ئەفغانستان ، جەدوەل زەڕبەکە دەکەن بەگەمەی زارو مار ؟؟؟
ئەگەر سیاسیەکانمان بەهۆی نەخوێندەواریان شارەزای جەدوەل زەڕبیش نەبن ، ئەکید سەدان جار گەمەی زارو مارەکەیان کردووە.
هەژار سدیق