شاندی لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان سەردانی پارتی كرێكارانو رەنجدەرانی كوردستانیان كردو گفتوگۆیان لەبارەی رەوشی سیاسی عێراق و كوردستان كرد.
لەدرێژەی سەردانەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان، رۆژی چوارشەممە 30ی ئابی 2022 ، سەردانی پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستانیان كردو لەلایەن بەڕێز باپیر كامەلا سكرتێری گشتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی كرێكاران و رەنجدەرانەوە بەگەرمی پێشوازی كران.
كۆبوونەوەكە ، بەجەختكردنەوە لەسەر پەیوەندی نێوان پارتی كرێكاران ورەنجدەران و حزبەكانی ناو لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان دەستی پێكرد ، دواتر لیژنەی كاری هاوبەشی چەپ ، باسی لەدەستپێشخەرییەكەی خۆی كرد بۆ لایەن سیاسیەكانی كوردستان لەمەڕ ئەگەر و پێشهاتو گۆڕانكارییەكانی گۆڕەپانی سیاسی ئێراق و داوای كرد، كە قۆناغەكە پێویستی بە لێكتێگەیشتنی نێوان لایەنەكانی سیاسی كوردستانی هەیە ، كەلەسەر (رادەی نزمی كاری هاوبەش) لەدیالۆگێكی نیشتمانی نێوان سەرجەم لایەنەكان بێتە دی و ئەمەش لەبەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بەهاوڵاتیانی كوردستان.
ئەمەو بۆچوونی هاوبەش لەكۆبوونەوەكەدا، بەپێوستی كارو هەماهەنگی هەموو لایەنەكانی كوردستان لەم قۆناغەدا بەگرنگ دانرا، ئەمەش لەداهاتووی نزیكدا ، لەپڕۆژەیەكی هەمەلایەنەی كۆك بوون بخرێتەروو.
لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان، لەحزبەكانی (شیوعی ، زەحمەتكێشان ، بزووتنەوەی دیموكراتی) پێك دێت و پڕۆژەیەكی دیالۆگی نیشتمانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەهاوڵاتیان بۆ لایەنە سیاسیەكانی كوردستان ، لەدیدارو كۆبوونەوەكانی دەخاتەروو.