
حەسەن جەعاز، پیاوێکی بەتەمەنی کاسبکارە لە گەرمای نیوەڕۆدا کە پلەی گەرما نزیکەی 50 پلەیە، بەهۆی نەبوونی کارەباوە لە ماڵەکەی چووەتە دەرەوە و دەڵێت، “پێویست بوو بەسرە 24 کاژێر کارەبای هەبێت، چونکە کەشوهەواکەی لە پارێزگاکانی دیکە جیاوازە، وەکو نەجەف و کەربەلا نییە، ئەو بایەی لەو شارانە هەڵدەکات جیاوازە و لە بەسرە باشترە. دەرەوە بۆ ئێمە باشترە لە نێو ماڵ.”
هەرچەندە بەپێی ئامارەکانی حکومەتی عێراق، لە ساڵی 2003وە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 81 ملیار دۆلار لە کەرتی کارەبادا خەرجکراوە، بەڵام نەتوانراوە نەک کارەبا، بەڵکو خزمەتگوزارییەکانی دیکەی وەکو پاککردنەوە و هەڵگرتنەوەی زبڵ و خاشاک لە بەسرە چارەسەر بکرێن.
بەپێی ئاماری ساڵی 2021ی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، خزمەتگوزاریی پاککردنەوە و هەڵگرتنەوەی زبڵ و خاشاک لە بەسرە بە رێژەی 92% بوون، بەڵام خەڵک دەڵێن ئەوان لەبیرکراون.
سەید فیراس غالب، کاسبکار لە بەسرە باس لەوە دەکات، “خزمەتگوزاری لای ئێمە نییە، هەموو خزمەتگوزارییەکان بۆ بەغدایە، حکومەتی خۆجێیی ئێمە هیچ کارێک ناکەن. تەنانەت ئاوەڕۆشمان نییە. بەخوا خزمەتگوزاری لای ئێمە سفرە و لەژێر سفریشدایە. داوا لە حکومەتی خۆجێیی و حکومەتی بەغدا دەکەین چارەسەرێکمان بۆ بدۆزنەوە.”
جێگری پارێزگاری بەسرە دەڵێت، کارەبای پارێزگاکەیان “زۆر باشە.” بە گوتەی ئەو، لە ساڵی 2011وە تاوەکو ئێستا نزیکەی ترلیۆنێک دینار تەنیا بۆ کارەبا خەرجکراوە و خزمەتگوزارییەکانی دیکەش بەشێوەیەکی باش کاریان لەسەر دەکرێت.
موعین ساڵح ئەلحەسەن، جێگری پارێزگاری بەسرە رایگەیاند، “کارەبای بەسرە زۆر باشە، 20 تاوەکو 22 کاژێر کارەبا هەیە و ئەو کاژێرانە لە کاتی گەرما زیاتریش دەبن. سێکتەری شارەوانی هەموو خەرجییەکان دەبات، پارەی زۆر بۆ ژێرخانی شارەکە تەرخانکراوە.”