زۆربەی جارەکانیش سەقفی داواکاریەکان لە رووی عەمەلیەوە پەیوەندیەکی نامێنێ لە گەڵ ئەو ” سەفقە” سیاسیانەی لە ئەنجامی ئەم خۆپیشاندان و فەوزا بێ سەروبەرانە دروست دەبێت، چونکە جوڵە پێکردنی جەماوەری سەدریی بۆ باشترکردنی دۆخی گشتی نیە، بەڵکو نیشان دانی ماسولکەیەکی کۆمەڵایەتی نابەرپرسیارە کە ئەم ماسولکە جەماوەریە خۆی خاوەنی هیچ دیدگایەکی سیاسی نیەو ڕێبەرێك قوماری سیاسی پێدەکات.
جارانی پێشوو؛ کە بزتنەوەی سەدریی دەستی دەگەیشتە “سەفقەیەك” سوودی لەو درزانە دەبینی کە لە نێوان هاوکێشەکان و ناکۆکیەکانی دوو ستراتیژ هەیە لە عێراق ، ئەم دوو ستراتیژە بریتی بوو لە دووبەرەی ئێران و ئەمریکا لە عێراق، ئەمجارەیان بە هەڵکەوت بێت یان بە سازانی بەرژەوەندی بێت ئەمریکاو ئێران جۆرێك لە هاودەنگیان هەیە لەسەر ئەوەی حوکمی چوارساڵی داهاتوو لە عێراق چۆن بێت و چ ئارایشێکی هەبێت.
جەماوەری سەدر تا ئێستاس چ وەکو لایەنگری بکەری جادەو شەقام ، چ لە فۆرمی دەنگدان و هەڵبژاردن لە نەیارەکانیان قەبارەیان زۆرترو گەورەترە، بەڵام هەر ئەم جەماوەرە لەم پێنچ ساڵەی دوایی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵکی لێ دەبێتەوە، ئەم پانتاییە کۆمەڵایەتیە ئەگەر بە نەیارەکانی بەراورد بکرێ هێشتا لە ڕووی سیاسسیەوە ” ژمارەیە” بەڵام ئەگەر بە ڕابردووی خۆی بەراورد بکرێت ئەوە لە قۆناغ و دەسپێکی دوورکەوتنەوەیە لە ژمارە یەکی بێ ڕکابەر!
هۆیەکانی ئەم لاواز بوونە زیرەکی لێهاتوویی نەیارەکانیان و باشتربوونی ئەوان نیە، بەڵکو دەردەکانی پڕۆسەی ئەم لاوازبوونە لە بەدەنی بزوتنەوەکە خۆی دایە، لە ئاسۆی سیاسی و لە کاروکردەوەکانی خۆی دایە، کە نزیکترین کارو کردەوەو هەڵوێستیش بریتی بوو لە ڕۆڵی تیمە تایبەتەکانی بزوتنەوەی سەدر لە سەرکوتی خۆپێشاندەرانی تشرین لە بەغدا کاتێ ئامادەنەبوون بچنە ژێر ڕكێفی ئەم بزوتنەوەیە، هەروەها بێ توانایی ئەم بزوتنەوەو ڕابەرەکەیەتی لەوەڵامدانەوە بە قەیرانە جۆربەجۆرەکانی حوکمڕانی چەشنی قەیرانی ئابوری و سیاسی لە عێراق.
زۆر لە لێکدانەوە سیاسیەکان ، زۆر لە ڕاپۆرتە میدیایەکان هێشتا وا وێنای سەدر و بزوتنەوەکەی دەکەن وەکو ئەوەی کە هێشتا لەسەردەمی زێڕینی خۆی بێت، ئەم جۆرە لە وێنا کردن کەم و کورتی نیە لە دەرك کردن بە تایبەتمەندی سەرلێشواوی ئەم بزوتنەوەیە، بەڵکو بریتی لە دووهۆکار بۆ پاڵپشتی ؛ یەکەمیان هەندێ سەرچاوەی میدیایی گرەوەی لەسەر ئەو ” فەوزا” تازەیەدایە تا لێکەوتەکان بە جۆرێك بێت کە لە خزمەتی ئەو ستراتیژە سیاسیە بێت کە میدیاکەی پێ بەڕێوەدەچێت، دووەمیان بریتی لەوەی سۆزی پۆپۆلیستی لە نێو میدیادا نەخۆشیەکی درێژخایەنە قاچێکی لەسەر بەرژەوەندی هەژموونی میدیایی دایە وەکو” شوێنگەرەوەیەکی پووچی ” ی هۆشیاری سیاسی ، قاچەکەیتری لەسەر بە هێزبوونی کلتوری بێ دیسپلینی دایە لەسەرجەم کایەکانی میدیادا، بە تایبەتی لە سۆشیال میدیادا، ئەم دەردەش چەندە لە ڕابردوو لە خزمەتی ئەم بزوتنەوەیە بووە لە ئێستادا بە پێچەوانەوە دەبیتە فاکتێکی لاواز کردن چونکە؛
ئەم بزتنەوەیە لە دووڕیانێکی سەختدایە؛ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارستە کۆمەڵایەتیەکەی کەم دەبێت دوورتر دەبێت لە واقیعبینی ، بە پێجەوانەی ئەمەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ وێنە خەیاڵیەکەی لە خۆی خەیاڵیتر دەبێت، چەند ئاکشنی سیاسی لیدەری ئەم بزوتنەوەیە نالۆژیکتر دەبێ ، ئەوەندە ئاکشنی سەرجادەو ” پاڵەوانێتی ” داگیرکردنی بینا چۆڵکراوەکان چەشنی پەرلەمان ڕوو لەسەر دەبێت، ئەم داگیرکردنانە کە چەند کاتژمێرێکی کەمی برد، هەموو سیحرە سیاسی و ڕەمزیەکەی لە داواکاری سەدر بەتاڵ کرایەوە کە ووتی دوو ڕکعات نوێژ لەوێ بکەن بە جێیبهێڵن! سیمبول بوونی هەر ئاکشنێکی جەماوەری ئەو کاتە دەبێتە دەسکەوتی جێگیر و سەرمایەی سیاسی
کاتێك دوای ئەم ئاکشنە هاوکێشەیەك بگۆڕێت، یان کاتێك خیتابی ڕابەرانی دوای ئەم ئاکشنە گرەنتی ئەوەی تێدابێت کە ئەمە دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی گەورەترە، کۆمەڵگەش لە دەرەوەی لایەنگرانی خۆیان بهێننە سەر هەمان هێڵ، بەڵام لە دەرەوەی جەاوەرو یارانی سەدر کۆمەڵگەی عێراقی بە چاوێکی جیاواز سەیری سەدرو نەیارانی ناکات، هەر ئەم هۆکارەشە کە پارسەنگی دروست نابێت کە لە دەروەی ستراتیژی ئەمریکاو ئێران هێزێکیتری سەربەخۆ ، وەکو کۆمەڵگەی عێراقی ئەم زۆرانبازیە یەکلاکاتەوە، ئەمە بەو مانایە نیە کە کۆمەڵگە لە حالەتێکی هۆشیاری باڵادایە بۆیە ئەم کارە ناکات ، بەڵکو لەبەر ئەوەدایە کە هۆشیاری ئەم کۆمەڵگەیە لە ئێستادا تەنیا لە هەڵوێستی بایکۆت کردنی دەنگدان و پڕۆسەی سیاسی دایە، لە ڕەشبینی دایە ، بەڵام هەرگیز غافڵ نیە لەوەی کە پۆپۆلیزمی ئاینی چارەسەر نیە!
ڕزگار عومەر:

ڕزگار عومەر: