نوسینی/ کاوە محمود
لە یەکی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵدا، گەلی چین و حزبی شیوعی لە وڵاتەدا یادی حەفتاهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری چینی میللی دەکەنەوە. هەرچەندە لە ساڵانی ڕابووردووشدا ئەم یادە کراوەتەوە و چەندین چالاکی جۆراجۆر بەم بۆنەیەوە کراوە، بەڵام لەم هەلومەرجەدا حەفتاهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری چینی میللی گرنگی و بایەخێکی تایبەتی هەیە، بەتایبەتی دووای ئەو پەرەسەندنە مەزنەی ئەم وڵاتە کە لە بواری گەشەسەندنی هەمە لایەنە دەیبینێت، بە جۆرێک بۆتە دووەمین ئابوری مەزن لە جیهاندا، و بە پێی ڕاو بۆچونی توێژەوەران لەم بوارەدا چاوەڕی دەکرێت ببێتە یەکەمین دەوڵەت لە لیستی ئابوری جیهانیدا، کە ئەمەش هاوکاتە لە گەڵ بەهێزبوونی قەوارە و کارتێکردنی دەوڵەتی چین لە سەر سیاسەتی نێودەوڵەتی.
هەڵبەتە جێگای خۆیەتی پرسیاری ئەوە بکرێت بۆ وڵاتی چین ئەو گەشەسەندن و گۆرانکارییە مەزنەی بە خۆوە بینیەوە. هۆکاری ئەم مەسەلەیە ئێحگار زۆرن و ئەگەر بە پەلە باس لە هەندێکیان بکەین، ئەوا دەتوانین ئەم خاڵانە بخەینە ڕوو:
ــ پەرەسەندن و گەشەپێدان لە چیندا بە شێوەیکی ڕەمەکی و خۆرسکی نەهاتۆتە کایەوە. نەخشە و پلاندانان و سوور بوون لە سەر پێداچونەوە بە کاروانی تێکۆشان لە نێو حزبی شیوعی چین، و پێداچونەوە بە نەخشە و سیاسەتەکان لە بواری ئابوری و کەلتوری و کۆمەڵایەتی بە جۆرێک کەلین و کەموکوڕییەکان لە ئاستی بنیاتنانی حزب و دەوڵەتدا ، دەستنیشان بکرین و کار بۆ چارەسەرکردنیان بکرێت، یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەو پەرسەندن و پێشکەوتنە کە ئەم وڵاتە ساڵ دووای ساڵ، بە خۆیەوە دەبینێت.
ــ پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکان دانەبڕابون لە ناکۆکی و ململانییە ڕاستەقینەکانی نێو کۆمەڵگا و دەستنیشانکردنی سروشتی قۆناغی پەرەسەندنی مێژوویی کۆمەڵگای چین هەر لە قۆناغی بزوتنەوەی نیشتمانی رزگاریخوازی بگرە تا دەگاتە قۆناغی بنیاتنانی دیموکراسی نوێ و پاشان درووستکردنی بناغەی بەرەو سۆشیالستی بە ڕچاوکردنی ئەوەی کە چین بەشێکە لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان، و دوواتر بەرپاکردنی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە تا گەیشتن بە بنیاتنانی سوشیالستی بە تایبەتمەندی چینی لە سەردەمی هاوچەرخدا. ــ بوونی حزبێکی شیوعی خاوەن دیسپلین کە توانی پەیڕەوی بەچینیکردنی مارکسیزم بکات، و سوود لە بیروبۆچونی سەرکردەکانی وەک ماو تسی تونگ، و دنک شیاو بنگ، جیان تسە مین ، و هو جین تاو، و دوواتریش شی جی بینغ ئەمینداری گشتی نوێی حزب، وەرگرێت، و بەسەرچاوەیەکی هزری بۆ حزب دایبنێت، و لە دەستوری وڵاتدا تۆماری بکات.
ــ گەڕانەوەی حزب بۆ واقیعی بەرجەستەکراو، و خوێندنەوەی نوێ بۆ واقیعی گۆڕانکراو، کە ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ دۆزینەوەی وەڵامی لۆجیکی و گونجاو بۆ ئەو پرسیارە ئالۆزانەی کە واقیعی کۆمەڵایەتی چین و ڕەوشی جیهانی بە بەردەوام دەیخستە ڕوو. ــ رێزگرتنی حزب و سەرکردایەتی سیاسی لە جەماوەر و گەلی چین بە تێکرای نەتەوە و پێکهاتەو ئاینیەکانیەوە، بە جۆرێک دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ جەماوەر و بەدەم هاتنەوەوەی داواکارییەکانی، پێوەری دانانی سیاسەت و پێداچونەوە بە نەخشەو وپلانەکانی بواری ئابوری و کۆمەڵایەتی بوو. ــ دانان و پەیڕوکردنی سیاسەتی واقیعبینانەی نەرم و نەفەس درێژ لە بواری پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا، و وابەستەکردنی سیاسەتی دەرەکی بە بابەتی گەشەپێدانی سەرجەم گەڵان و بۆچونی چارەنوسی هاوبەشی مرۆڤایەتی، و جەختکردنەوە لە چارەسەرکردنی چاوگەکانی پارگرژی بە شێوەیکی ئاشتیانە و زەمینە درووستکردن بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان لە سەر بنەمای سوود بە یەکتر گەیاندنی هاوبەش.
ــ دەستنیشانکردنی کێشە ناوخۆییە سەرەکییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی بە تایبەتی لە بواری نەهێشتنی هەژاری و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. ــ گرتنەبەری سیاسەتی چاکسازی لە بواری کشتوکاڵی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە گوندنشینەکان و کارکردن بۆ نەمای جیاوازی لە بواری خزمەتگوزاری نێوان ناوچە گوندنشینەکان و شارەکان، و هاوکات لە گەل گرنگی دان بە کشتوکاڵ و جارەسەرکردنی کەموکورییەکانی بواری ژینگە. ــ بایەخدانی بە داهێنان و ئەفراندن لە سەرجەم بوارەکاندا بەتایبەتی بوارەکانی پیشەسازی هەمەجۆر و بنیاتنانی ژێرخانی ئابوری، و پیشەسازی وزەدا. ــ بەرپاکردنی سیاسەتی دیموکراسی سۆشیالیستانە لە بواری بەرێوەبردنی حوکم و دامەزراندنی میکانیزمی گونجاو بۆ بەشداریکردنی گەل و هیزە سیاسییەکان دیکە لە چوارچێوەی کاری بەرەیدا. ــ بایەخدان بە بنیاتنانی سوپای بەهێز و کاریگەر کە لە گەڵ گەلدا بەردی بناغەی داکۆکیکردنە لە دەوڵەتی سۆشیالستی.
