18
جارێکی دیکە سوپاى دەوڵەتی شۆڤێنی تورکیا بە ھەموو چەک و جبەخانەی قورسی سەربازیی خۆیەوە درێژە بە پڕۆسەی داگیرکاری لە باشووری کوردستان دەدات. لەو چوارچێوەیەشدا ماوەی چەند ڕۆژێکە لە دەڤەری ئامێدی و گوندەکانی”نێروە”،”ڕێکان” و ھەروەھا زنجیرە چیاکانی “مەتینا” و “ئاڤاشین” لەدژی گەریلاکانی “پارتی کرێکارانی کوردستان”(PKK) لەڕێگای تۆپخانە و فڕۆکە جەنگییەکانەوە ھێرشێکی چڕوپڕی ئەو دەڤەرانەى دەست پێکردووە و دەیەوێ ھێزی سەربازیی خۆی لێ جێگیر بکات.
جارێکی دیکە سوپاى دەوڵەتی شۆڤێنی تورکیا بە ھەموو چەک و جبەخانەی قورسی سەربازیی خۆیەوە درێژە بە پڕۆسەی داگیرکاری لە باشووری کوردستان دەدات. لەو چوارچێوەیەشدا ماوەی چەند ڕۆژێکە لە دەڤەری ئامێدی و گوندەکانی”نێروە”،”ڕێکان” و ھەروەھا زنجیرە چیاکانی “مەتینا” و “ئاڤاشین” لەدژی گەریلاکانی “پارتی کرێکارانی کوردستان”(PKK) لەڕێگای تۆپخانە و فڕۆکە جەنگییەکانەوە ھێرشێکی چڕوپڕی ئەو دەڤەرانەى دەست پێکردووە و دەیەوێ ھێزی سەربازیی خۆی لێ جێگیر بکات.لە ئەنجامی ئەو ھێرش و پەلامارەی دەوڵەتی تورکیا، جگەلەوەی چەندین شوێنی لە سنوورەکانی دەڤەری دھۆک داگیرکردووە، ھاوکات ترس و دڵەڕاوکێشی خستۆتە ناو دانیشتوانی ئەو دەڤەرە و تەنانەت قوربانیشی لێکەوتۆتەوە.
لیژنەی ھەماھەنگی چەپی کوردستان، جگە لەوەی زۆر بەتوندی ھێرش و پەلامارەکانی سوپای شۆڤینی تورکیا و پڕۆسەی داگیرکاری لە خاکی باشووری کوردستاندا شەرمەزار و ڕیسوا دەکات، ھاوکات کاردانەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەھەمبەر ئەو دەست درێژیانەی سوپای تورکیا بۆ ئێمە جێی پرسیارە و دەخوازین حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئەرکی مێژوویی خۆی ھەستێت و لەئاست ئەو دەست درێژیانەی تورکیا بێدەنگ و بێ ھەڵوێست نەبێت.
ھەرەھا دەخوازین حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەپێناوی پاراستنی سەروەری خاکی ھەرێمی کوردستاندا کاردانەوە و ھەنگاوی پێویست بھاوێژێت.
ھەروەھا داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و بڕیاربەدەستانی جیھانیش دەکەین کە بە ئەرکی سەرشانی خۆیان ھەستن و لەدژی دەستوەردانەکانی سوپای تورکیا کە بووەتە ھۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا، ھەڵوێست وەربگرن و سنوورێک بۆ ئەو ھێرش و پەلامارانەی سوپای تورکیا دابنێن کە دژی ھەموو پرەنسیب و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
داواش لە دەوڵەتی تورکیا دەکەین لە عەقڵیەتی عەسکەرتاری و خۆسەپاندن دوور بکەوێتەوە و بە شێوەیەکی لۆژیکیانە و ئاشتیانە مامەڵە لەگەڵ پرسی گەلی کورد لە باکوری کوردستاندا بکات، چونکە بەکارھێنانی ھێزی سەربازیی ڕێگا چارە ڕاستەکە نییە، ڕێگاچارەی سەربازیی نەک ھەر گەلەکەمان لە خەبات و تێکۆشان سارد ناکەتەوە بەڵکوو سوورتریشی دەکات لەسەر بەدەستھێنانی مافەڕەواکانی خۆی.
لێرەشدا دەخوازین سەرجەم کوردستانیان و ھێز و لایەنە سیاسییەکان، بەشێوەیەکی ڕوون ھەڵوێستی خۆیان لەدژی لەشکرکێشی سوپای تورکیا دەرببڕن و لەڕێگای چالاکی ئاشتیانە و مەدەنییانەوه دژ بە پڕۆسەی داگیرکاری سوپای تورکیا لە باشووری کوردستان بوەستنەوە.
بەھۆی ئەو ھێرش و پەلامارانەوە ڕەوشێکی پڕ لەمەترسی بۆسەر ئەزموونی ھەرێمی کوردستان ھاتۆتە ئاراوە، دەخوازین بە ھاوپشتی و ھاوھەڵوێستی نەتەوەیی دژی ئەو مەترسییانە بوەستینەوە.
شەرمەزاريی بۆ سوپای داگیرکەری تورکیا
سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان
لیژنەی ھەماھەنگی چەپی کوردستان
حزبی شیوعی کوردستان
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
بزووتنەوەی دێموکراتی گەلی کوردستان
١٩ی نیسانی ٢٠٢٢