چاغلا گوینەش
چینی کرێکار لە تورکیا ترس و لەرزێکی لە ڕاددەبەدەری خسووەتە نێو چینی باڵادەست. شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بە خێرایی سەرتاپای وڵاتیان گرتووەتەوە، سەرەتا لە نێو ناجێگیرترین توێژی کرێکاران، لەم کارگەوە بۆ ئەو کارگا پەلی هاویشت و پەل ئەهاوێ. تەنها لە ٦ی جەنیوەرییەوە تاکو ١٤ی فێبریوەری لانی کەم ٦٥ ناڕەزایەتی کرێکاریی لە سەرتاسەری توکیا ڕوویان داوە. کرێکاران لەگەڵ چوونەسەری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان هەڕەشەی هێنانە مەیدانی بەتالیۆنە بەهێزەکانی چینەکە ئەکەن، و هەر ئێستا لەنێو جەرگەی لانکەی ئەردۆگاندا هاتوونەتە مەیدان.
قەیرانێکی ئابوری خنکێنەر سەرتاپای وڵات ڕائەماڵێ، و چینی باڵادەست بەوپەڕی هێزەوە لە هەوڵدایە باجی قەیرانەکان بە چینی کرێکار بژمێرێ و لە بەرامبەریشدا کرێکاران هیچ ڕێگا چارەو بژاردەیەکیان جگە لە خەبات و تێکۆشان لە بەردەمدا نەماوە.
لە جەرگەی ئەم تێکۆشان شەڕانەدا توێژێکی بەرین لە چینی کرێکار زۆر بەخێرایی ئاگاهیییان ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێ، هەرئێستا کرێکاران هەست بە هێز و جێگاو ڕێگای خۆیان لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا ئەکەن. کرێکاران ئەم دەمانەی مانگرتنە پچڕپچڕو لێکدابڕاوەکان تێئەپەرێنن. لێرەو لەوێ دەستگرتن بەسەر کارگەکان ڕوویان داوە، لەکاتێکدا کرێکاران سەرگەرمی مانگرتنە لۆکاڵییەکانن ڕایەڵەی پەیوەند گرتنەکانیان ڕوو لە هەڵکشان ئەکەن.
ئەم شەپۆلی تێکۆشانە تازانە ژمارەیەکی بەرچاو لە شەڕکەرانی نوێی چینی کرێکاریان کێش کردووەتە نێو ڕێکخراوەکان، و ئامادەیی واوەتر چوونیان لە کۆنە ڕابەرانی یەکێتییەکان هەیە، هیچ گومانی تێدا نییە ئەم هەڵسووڕاوە نوێیانە لەگەل کۆنەڕابەرانی یەکێتییەکان ئەخاتە بەردەم ناکۆکی و ململانێوە، کە ئاماژەن بەو ئامادەسازییانەی لەژێر ڕووکەشی کۆمەڵگای تورکیدا ڕووئەدەن.
ئەم ئاڵوگۆڕەی کرێکاران ڕووەو تێکۆشانی پیشەسازیی دابڕانێکی تەواوەتییە لە ڕابردوو.
وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد