ماوەی چەند ڕۆژێکە بابەتێکی گەرم لەنێو میدیا هەرێمیو جیهانیەکان باسدەکرێتو بوەتە ڕۆژەڤی سەرەکی، ئەویش هێرشی چەکدارانی داعشە بۆسەر گرتوخانەی غوێران لەحەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان کە بەپێی وتەی بەرپرسانی گرتوخانەکە زیاتر لەپێنج هەزار چەکداری داعش لەوێ زیندانیکراونو دەستبەسەرن.
چەکدارانی داعش بەشێوەیەکی ڕێکخراو لەنزیک گرتوخانەکە دەستیانکردوە بەهێرشو پەلاماری چەکداریو لەهەمانکاتیشدا لەنێو زیندانەکەدا زیاندانیە داعشەکان دەستیانداوەتە ئاژاوەگێڕییو نانەوەی پشێوییو هەوڵی دەربازبون لەزیندانەکە دەدەن.
سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوەدەکەن، هێرشەکانی تورکیا پشتبەستە بەپشتیوانیەکانی سوپای تورکیاو بەشێکی چەکو تەقەمەنیەکانیان لەسوپای تورکیا وەرگرتوەو ڕاستەوخۆ تورکیا سەرپەرشتی هێرشەکان دەکاتو ئامانجیەتی ئەو پێنج هەزار داعشەی کە زیندانیکراون لەحەسەکە ڕزگاریان بکاتو ڕێکبخرێنەوەو بخرێنەوە چالاکی لەڕۆژئاوای کوردستان بەمەبەستی هێرشکردنەسەر کانتۆنو یەکە ڕێکخراوەکانی هێزە کوردیەکان.
هێزەکانی هاوپەیمانانیش ڕایانگەیاند لەکاتی هێرشەکانی سەر گرتوخانەکەندا لەئاسمانەوە بۆردومانی چەکدارانی داعشیانکردوەو بونەتە بەشێکی گرنگ لەڕوبەڕوبونەوەی هێرشەکانی سەر زیندانیەکە.
هەر زوو مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، هێزەکانیان لەتێکشکاندنی هێرشەکەی چەکدارانی داعش سەرکەوتوبونو سەرجەم ئەو چەکدارانەی داعشیان دەستگیرکردوە کە لەناوچەکە بونو ئەوانەشی لەنێو باڵەخانەکانەوە شەڕیان لەگەڵ هێزەکانیانکردوە کوژراون.
سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە تائێستاش مەترسی هێرشەکانی چەکدارانی داعش لەسەر گرتوخانەکەو ئازادکردنی زیندانیەکانی ناوی هەیەو ئەگەرێکی کراوەیە لەهەر کاتێکدا ئەوە ڕوبدات کە چەکدارانی داعش هەوڵی بۆ دەدەن، چونکە تورکیا مەبەستیەتی ئەوکارە بکاتو بەتوانایەکی زۆرەوە پشتیوانی چەکدارانی داعش دەکات.
دەزگای هەواڵگری عێراق لەدوای کوژرانی 11 سەربازی عێراق لەهێرشێکی چەکدارانی داعش لەسەربازگەیەکی پارێزگای دیالە هۆشداریی توندیدا لەمەترسیەکانی سەرهەڵدانەوەی داعشو بونی پەیوەندی لەنێوان هێرشەکەی سەر سەربازگەکەی دیالەو هێرشەکانی سەر گرتوخانەی غوێران لەحەسەکە.
لەلایەکی ترەوە ەشێک لەچاودێرانو شارەزایانی کاروباری ناوچەکە پێیانوایە، مەترسیەکی نوێ ڕوو لەناوچەکە دەکات لەئەگەری سەرکەوتن یان شکستی داعشدا بۆسەر گرتوخانەکەی حەسەکە، چونکە هەمیشە داعش کە هێرشیکردۆتەسەر گرتوخانەو هەوڵی ڕزگارکردنی زیندانیەکانیداوە دوای ئەوە ژمارەیەک چالاکی گەورەتری دەستپێکردوە.
بەنمونە دەستپێکی سەرھەڵدانی داعش لەعێراق دەگەڕێتەوە بۆ ھێرشی ژمارەیەک چەکدار بۆ سەر گرتوخانەی ئەبوغرێب کە لەئەنجامدا 500 بەندکراو ھەڵھاتن، زیاتر لە 150ی تریش کوژران.
دوای ئەم ھێرشە بۆسەر گرتوخانەی ئەبوغرێب، ھێرش بۆسەر چەند گرتوخانەیەکی تریش ئەنجامدران لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، لەوانە گرتوخانەی بەسرەو غەزلانی لەموسڵو گرتوخانەی تسفیرات لەتکریتو گرتوخانەی تاجی.
یەکێکی تر لەھێرشی داعش بۆسەر گرتوخانەکان ھێرشی داعش بوو بۆ سەر گرتوخانەی بادۆش لەموسڵ کە وەک دەگوترێت لەسەرەتاوە ئامانجی ھێرشی داعش بۆسەر موسڵ ئەو گرتوخانەیە بووە، بەڵام دوای ئەوەی ڕێکخراوەکە (300) چەکداری ئامادەکردووە، بەشێوەی چاوەڕواننەکراو ئامانجی ڕێکخراوەکە گۆڕاوە بۆ داگیرکردنی موسڵ بەتایبەت دوای ئەوەی 30 ههزار ھەزار ئەندامی ھێزە چەکدارەکان لەماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا پاشەکشەیان کرد.
بونی ئەم مێژوە لەهێرشکردنەسەر گرتوخانەکانو دواتر هێرشی چەکدارییو پەلاماری گەورەتر بۆ سەر ناوچەکە ترسێکی لەناوچەکە دروستکردوەو ئەگەری هێرشێکی نوێی چەکدارانی داعشی لەناوچەکە زیندوکردۆتەوە.
بەوپێیەی ئەو گرتوخانەیەی کە لەحەسەکە داعش هێرشیکردۆتەسەر تەنها 140 کیلۆمەتر لەموسڵەوە دورە ئێستا مەترسی ئەوە هەیە جارێکی تر ئەو چەکدارانە ڕوبکەنەوە عێراقو هەرێمی کوردستانو خاکی هەرێمو عێراق بکەنەوە چەقی چالاکیەکانیان.
بەشێک لەو چاودێرانەی بەوردی چاودێری دۆخی ڕۆژئاوا دەکەن مەترسیەکە بۆسەر کوردستان بەگەورەتر دەبیننو پێیانوایە ڕۆژئاوای کوردستانو دواتریش باشوری کوردستان لەژێر هەڕەشەیەکی نوێی چەکدارانی داعشدان بەتایبەت کە لەسنوری قەزای شەنگالو کەمپی هۆل کە خێزانی چەکدارانی داعشی تێدا کۆکراوەتەوەو پێدەچێت لەهەر کاتێکدا کە داعش مەبەستی بێت ئەوانیش ببنە بەشێک لەهێرشو پەلامارەکانی داعش بەتایبەت لەکاتێکدا کە بەشێک لەدانیشتوانی کەمپەکە نایشارنەوە کە ئەوان هەڵگری بیری داعشنو چەندجارێک لەسەر بەرزاییەکانی کەمپەکە ئاڵای داعشیان هەڵکردوەو کێشەو پشێویان ناوەتەوە.
ئێستا هەرێمی کوردستان بەتایبەتیو عێراق بەگشتی لەبەردەم هەڕەشەیەکی نوێدانو گۆڕانکاریەکی نوێ ڕوی لەناوچەکەیە کە دەبێت بەرپرسانی سیاسیو سەربازییو حکومی هەرێمی کوردستانو عێراق ئامادەیی تەواوو خوێندنەوەی باشیان بۆ دۆخەکە هەبێتو ڕێگە لەهەر ئەگەرو هەنگاوێکی چەکدارانی داعش بگرن کە لەداهاتودا ئەنجامبدرێت.