نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرای كردووە، ساڵی رابردوو بە شێوەیەك نرخی خۆراك بەرز بۆتەوە كە لەماوەی (10) ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە.
ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان ناسراو بە (فاو) رایگەیاندووە، ساڵی رابردووی (2021) نرخی خۆراك بە شێوەیەك بەرز بوویەوە كە لەماوەی (10) ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە، كە ڕێژەی (28%) بەرز بوویەوە.
(عەبد رەزا عەباسیان) پسپۆری بواری خۆراك لە ڕێكخراوی فاو ڕایگەیاندووە، بەرز بوونەوەی نرخی خۆراك هاوكات بووە لەگەڵ گۆڕانگارییە نالەبارەكانی كەش و هەواو بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا لە وڵاتانی جیهان، زۆری داواكاریش لەسەر خۆراك كاریگەری تەواوی هەبوو لەسەر بەرز بوونەوەی نرخی خۆراك.
ئەمەو تەنها نرخی رۆنی زەیت لە بازاڕەكانی جیهان بەڕێژەی (66%) بەرز بوویەوە، كە ئەو ڕێژەیە لەبەرزبوونەوەی نرخ پێوانەییە.
بەڵام نرخی دانەوێڵە بەڕێژەی (27%) بەرز بوویەوە، ئەوەش یەكەم جارە بگاتە ئەو نرخە لەوەتەی ساڵی (2012)، نرخی گەنمەشامیش بەڕێژەی (44%) و نرخی گەنمیش بەڕێژەی (31%) و نرخی گۆشتیش بەرێژەی (12.7%) و نرخی بەروبوومی شیرەمەنییەكان بەڕێژەی (17%) لە نرخەكانیان بەرز بوونەوە.