
د. جێرمی لەندەن، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن ئاماژە بە بەرهەمێک دەکات کە بۆ پاککردنەوەی ددان بەکاردەهێندرێت و دەڵێت، دەبێتەهۆی تەسکبوونەوەی لوولەکانی خوێن و بەهیچ شێوەیەک بەکارنەیەت.
تەنانەت لە بەشێکی رێنوێنییەکانیدا دەڵێت: ”بایەخ بەو خۆراکانە بدە کە خودا دروستی کردوون، نەک مرۆڤ دروستی کردوون”، ئەمەش مەبەستی لە خۆراکە دەستکردی مرۆڤەکان خۆراکە خێرا، لەقوتوونراو و ئامادەکراوەکانە.
بەپێی ئەو پسپۆڕە ئەمانەی خوارەوە خووە ناتەندروستەکانن کە زیان بە دڵ دەگەیێنن؛
1- بەکارهێنانی پاککەرەوە کحولییەکانی نێو دەم؛
”هەرچەندە رەنگە ئەمە خەڵک سەرسام بکات، بەڵام ئەو پاککەرەوانەی نێو دەم کە کحولیان تێدایە دەکرێت پەستانی خوێن بەرزبکەنەوە و بە درێژایی بەکارهێنان زیان بە دڵ و لوولەکانی خوێن دەگەیێنن، هەروەها ئەو پاککەرەوەیە دەکرێت بەکتریا سوودبەخشەکانی نێو دەمیش لەنێوببات کە رۆڵیان هەیە لە فراوانبوونی خوێنبەرەکان و کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن.”
2- کێشانی جگەرە و نێرگەلە؛
”ئەمە نێوپۆشی خوێنبەرەکان برینداردەکات و نەک تەنیا بۆ دڵ، بەڵکو بۆ هەموو ئەندامەکانی جەستە مەترسیدارە، هەر بۆیە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە زیاددەکات.”، هەروەها ”نیکۆتین خوێنبەرەکان تەسکدەکاتەوە و پەستانی خوێنیش بەرزدەکاتەوە”.
3- خواردنەوەی کحول؛
”کحول هەموو خانەیەکی جەستەت ژەهراوی دەکات و هیچ بڕێکی سەلامەت نییە و لەگەڵ ئەو تێڕوانینەدا نیم کە کحول بە شتێکی بەسوود ناودەبەن”.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، پێش سێ ساڵ بە تەواوی وازی لە خواردنەوەی کحول هێناوە و دەڵێت: ”هەستم بە باشی کردووە و بڕیارێکی گرنگم دا”.
4- خواردنەوەی خواردنەوە گازی و وزەبەخشەکان؛
”خواردنەوە گازییەکان بەڵای کۆمەڵگەن، چونکە کالۆرییەکی زۆر و شەکرێکی زۆریان تێدایە، کە ئەمانەش هۆکار دەبن بۆ قەڵەوی و تووشبوون بە چەندان نەخۆشیی درێژخایەن وەکو بەرزەپەستانی خوێن”، هەر بۆیە پێشنیازدەکات کە ”ئاو، چا و قاوە” لەبری ئەوانە بخورێنەوە.
5- بەکارهێنانی ئاردی سپی لە نان و سەموون
”نان، سەموون و مەعکەرۆنی بەسوودن، بەڵام بە مەرجێک کە لە دانەوێڵەی تەواو بەرهەمهاتبن، بەڵام ئەو بەرهەمانەی کە تەنیا ئاردی سفریان تێدا بەکارهاتووە تەندروست نین، چونکە ڤیتامین، ریشاڵ و ئاسنیان لێلابراون”.
6- خواردنی خۆراکە ئامادەکراوەکان؛
”خۆراکە ئامادەکراوەکان کە بەشێکی زۆری شیرینییەکان و خۆراکە خێراکان دەگرێتەوە چەورییەکی زۆری تێر و مادەی پارێزەریان تێدایە، کە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن زیاددەکەن”.