
لەكاتێكدا یادی 36 ساڵەی دامەزراندنی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەكەینەوە، هێشتا جیهانو مرۆڤایەتی لەگەڵ مەترسییەكانی پەتای كۆڕۆناو پیسبوونی ژینگە بەرەو رووە. لەو سۆنگەیەدا رووبەرووبونەوەی مەترسییەكانی كۆڕۆنا، پاراستنی ژینگە و چارەسەركردنی گۆڕانكاریی كەش و هەوا، پێویستیی بەهەماهەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، هاوكات ناوچەكەو عێراقو كوردستان بە قۆناغێكی هەستیار و گرنگ تێدەپەڕێت.
-رەوشی ناوچەكە: پەرەسەندنی ململانێی نێودەوڵەتیو ئیقلیمییەكان لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەك و لەلایەكی دیكە بەهۆی مان و بەردەوامبوونی گروپە تیرۆریستییەكانو سیاسەتی فراوانخوازی هێزە ئیقلیمییەكان و هەڕەشە کردنی سەربازیو پیادەكردنی سیاسەتی داگیركارانە، ئاسایشو سەقامگیریی ناوچەكە لەگەڵ چەندین ئەگەری نادیار رووبەرووبوەتەوە.
-رەوشی عێراق: لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە 10 تشرینی یەكەمدا، پەرەسەندنەكانی رەوشی عێراق ئەوە نیشان دەدا، كە ئەنجامدانی هەڵبژاردن هۆكارێك نییە بۆ راستەرێ بوونی پرۆسەی سیاسیو دەربازبوونی عێراق لە قەیرانی سیاسیو حوكمڕانیو كارتێكردنە بەردەوامەكانی میلیشیاكان لە بڕیاردان. سەرچاوەی كێشەكانی عێراق و نەبوونی سەقامگیری، بە پلەی سەرەكی بۆ ئیشكالی پێكهێنانی دەوڵەتی عێراقو بەردەوامبوونی بەو شێوەیە دەگەڕێتەوە، کەوا ئێستا سەدەیەک بەسەر پێکهێنانیدا تێپەڕ دەبێت ، تا دەوڵەتی عێراق بەپێی ویستو خواستی گەلانو پێكهاتە سەرەكیەكانی فۆڕمۆلە نەكرێتەوە، قەیرانی دەوڵەتو كێشە بەردەوامەكانی بێ چارەسەر دەمێننەوە.
-رەوشی ناوچەكوردستانیەكان: سەرباری پیادەكردنی سیاسەتی تەعریبكردنی نوێو گۆڕینی دیموگرافی ، بەهۆی هەبوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە كوردستانیەكان، ئێستا دانیشتوانی ئەو ناوچانە هەڕەشەی هێزە تیرۆریستیەكانی داعشیان لەسەرە. بۆیە دەبێ ئەمنیەتو ئاسایی كردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق، لە ئەولەویەتی حكومەتی هەرێمو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بێت لە بەغدا ، نەك پۆستو ئیمتیازاتی كاتی.
-رەوشی هەرێمی كوردستان: پەرەسەندنەكانی رەوشی هەرێمی كوردستانو نەبوونی سەقامگیریی سیاسیو ئابوروی، پێویستیان بە هەڵوەستەیە ، بەدەر لەكارتێكردنە دەرەكیو بابەتییەكان، بەشێوەی سەرەكی سەرچاوەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان بۆ شێوازی دەسەڵاتدارێتی دەگەڕێتەوە، بۆیە پاراستنو بەهێزكردنی قەوارەی هەرێم، لە ئێستادا بەندە بە گۆڕانكاری لە شێوازی دەسەڵاتدارێتی و چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوەخۆی هەرێمی كوردستان، لەو بۆنەیەدا حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان جەخت لەسەر ئەم خاڵە هەنووكەییانە دەكات:
1-سڕینەوەی ئاسەواری زۆنە حزبیەكانو كۆتاییهێنان بە هەژموونی حزب بەسەر هێزە چەكدارەكان لە هەرێمی كوردستان.
2-دەستەبەركردنی شەفافیەت لەسەرچاوەكانی داهاتو خەرجیەكانو ئەنجامدانی چاكسازیی ریشەیی، كە سەرجەم جومگەكانی دەسەڵاتدارێتی بگرێتەوە.
3-بەلاوەنانی سیاسەتی بە تایبەتیكردنی كەرتی گشتی، بە تایبەتی كەرتەكانی كارەبا، ئاو، تەندروستیو پەروەردەو زیادكردنی باج، كە حكومەتی هەرێم پیادەی دەكات، نەك هەر چارەسەری قەیرانی ئابووری نەکرد، بەڵكو باری ژیانی خەڵكی زەحمەتكێشی گرانترو مەودای هەژاری بەرفراوانتر كرد.
4-پێشگرتن بە دیاردەی كۆچكردن بۆ هەندەرانو لێكەوتە كارەساتبارەكانی، لەرێگەی فەراهەمكردنی هەلی كار بۆ گەنجانو دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان.
5-دابینكردنی دەرماڵە بۆ خوێندكاران و پاراستنی شكۆی زانكۆ و پەیمانگاكانو رێ نەگرتن لە خۆپیشاندانی مەدەنیو پێشل نەکردنی ئازادییە دیموكراسییەكان.
6-چەسپاندنی سەروەریی یاساو سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاكو بێگەردی پەرلەمانی كوردستان.
هاوكات لەگەڵ ئەم یادە لە 10ی كانوونی یەكەم، جیهان یادی (73) ساڵەی جاڕی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ دەكاتەوە، لەو پێوەندەدا حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان جەخت دەکات لەسەر چەسپاندنی بنەماكانی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەكان و ئازادی رادەربڕین و مانگرتن و خۆپیشاندان و نەهێشتنی جیاكاری و توندوتیژی دژ بە ژنان و هەموو شێوەكانی چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە .
مەكتەبی سیاسیی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
12-12-2021