لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا سیاسەت‌و ژێرخانی پەروەردەیی

سیاسەت‌و ژێرخانی پەروەردەیی

0 تێبینییەکان 44 بینینەکان

سۆزان حەمەتاتە:
یەكێك لەپێناسە باوەكانی سیاسەت كە بۆ خۆشم بڕوای تەواوم پێیەتی ئەوەیە “سیاسەت ڕێگەیەكە بۆ بەدیهێنانی چاكەی گشتیی”، حزبایەتیش كە میكانیزمی بەدیهێنانی ئامانجەكانی ئەو كۆمەڵەیە كە حزبیان پێكهێناوە دەرفەت دەڕەخسێنێت بەشێوەیەك لەڕێگەی دەسەڵاتەوە خزمەتی زیاتر پێشكەش بەخەڵك بكات‌و ئەگەر نەشیكرد ئەوا لەدەسەڵات دوریدەخەنەوە.یەكێك لەهەرە گرنگترین ئەو بوارانەی سودی بۆ ئێستاو داهاتوو دەبێت كەرتی پەروەردەیە، بەو واتایەی بنیاتنانی ژێرخانێكی پەروەردەیی كە ببێتە هۆكاری دروستبونی كەسێتی خاوەن هێزو ئیرادە.
پەروەردە لەوڵاتانی ڕۆژئاوا گرنگی زۆری پێدەدرێ، من بۆ خۆم كە چەندین ساڵە لەوڵاتێكی وەكو سوید دەژیم، دەزانم‌و ئاگادارم حكومەتەكانی سوید چەند لەپێناو پەروەردەیەكی دروستدا كاردەكەن‌و بودجەی زۆریان بۆ تەرخانكردوەو بەردەوام لەگەڕاندن بۆ نوێكردنەوەو پێشخستنی.

حكومەتی هەرێمی كوردستان تەمەنی بوە 29 ساڵ، نۆ كابینە تێپەڕیوە، لە 2005وە ئیدارەكانی سلێمانی‌و هەولێر یەكیانگرتوه‌تەوە، لە2003وە بەعس نەماوەو لە2004 بۆ 2014 بودجەی زۆر بۆ هەرێمی كوردستان هاتوە، بەڵام هێشتا كوردستان ژێرخانێكی پەروەردەیی نییە، كە ئەمەیان من لەڕووی سیاسییەوە سەیری دەكەم‌و پێموایە شكستی حزبەكان‌و حكومەتە لەكەرتی پەروەردەدا.
لەزۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستاندا چەند حزب هەیە ئەوەندە بارەگای هەیە، یەك یان دوو دانە كەمتر، حزب هەیە چەندین بارەگاشی هەیە، ئەو ژمارەیە زیاترە لەژمارەی قوتابخانەكانی شارەكە كە هەندێكیان زۆر بێ خزمەتگوزارین‌و هێندەی بارەگا حزبییەكە گرنگی پێنەدراوە.
بارودۆخی پەروەردە لەسەر ئاستی عیراق خراپترە، ڕەنگە بتوانم بڵێم هەر بەراوردیش ناكرێ، ئەمە جێگەی تێڕامانێكی قوڵە كە چۆن وڵاتێك زیاتر لەپەروەردە گرنگی بەكەرتی سەربازیی بۆ نمونە دەدات، لەوەش جێگەی پرسیارتر ئەوەیە بۆچی پەروەردە ئەولەویەت نییەو وەكو وەزارەتێكی سیادی دانانرێت؟
یەكێك لەئەركە سەرەكییەكانی حكومەت كە حزب بەڕێوەی دەبات دروستكردنی ژێرخانێكی پەروەردەییە، دروستكردنی كەسێتی تاك‌و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، تەنانەت وڵاتانی ئەوروپا دەیان ڕێكخراویان بۆ پاراستنی مافەكانی ئاژەڵان دروستكردوە، جگەلەوەش لەڕێگەی پەروەردەوە كەسێتی خاوەن بیرو داهێنەریان دروستكردوە.
من دەمەوێ جەخت لەوە بكەمەوە زۆر گرنگە حزبەكانی كوردستان لەڕێگەی بەشداریكردنیانەوە لەحكومەت پڕۆژەی ستراتیژییان بۆ دروستكردنی ژێرخانێكی پەروەردەیی هەبێت، بەپێچەوانەوە پەروەردە دەبێتە شوێنی نمرەو نمرەكاری‌و ڕۆڵی نابێت لەپێشخستنی كۆمەڵگەی كوردستان.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە