جەماوەرى خۆشەویستى کوردستان
پارت و لایەنە سیاسیەکان
پێشمەرگە قارەمانەکانى کوردستان
بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدان
بیست وشەش ساڵ بەر لە ئەمرۆ (25/8/1995 ) لە هەڵو مەرجێکى جیاواز لە ئێستا و بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخێکى هەستیار ( بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان ) وەک پێداویستیەکى قۆناغەکە بوونى خۆى راگەیاند . ئێستا کە یادى ( 26 ) ساڵەى دامەزراندنى ( بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان ) دەکەینەوە وێراى پیرۆزبایمان لە ئەندام و لایەنگران و هەوادارانى بزووتنەوە جەخت لە سەر ئارمانجە بنچینەییەکانى بزووتنەوەکەمان دەکەینەوە و پێمان وایە کە هێنانەکایەى ( ئاشتى ، دیموکراتى ، دادى کۆمەڵایەتى ) بنەماکانى کۆمەڵگایەکى تەندروستە و هەمیشە لەم پێناوەدا تێکۆشینەکانى درێژە پێدەدەین.
جەماوەری گەلی کوردستان .
بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان وەک هێزێکی چەپ و دیموکرات، وەک هێزێکی نیشتمانی تێروانیمان بۆ گۆرانکارییە کت و پڕ و خێراکان پێمان وایە دۆخی ئێستای گەلەکەمان لە ئاستێکی زۆر خراپدایە و هەر رۆژەی قەیرانێک بەرۆکی دەگرێت، قەیرانی کەمی خزمەتگوزراییەکانی (کارەبا و ئاو و پەروەردەو سیستەمی خوێندن و تەندروستى و هەمەچەشنەی گەندەڵی لە ئیدارە و بەڕێوەبردن) بەجۆرێک درزی خستۆتە نێوان گەل و حکومەت کە ئینتمای نیشتمانی تا ئاستی نەمان لاواز کردووە ،بەداخەوە حکومەت لە برى چارەسەری ئەم دۆخە کە دەبوو زۆر باشتر بێت هەر رۆژەی لایەنێکی ژیانی کۆمەڵگە دەداتە کەرتی تایبەت کە وەک زەرو دەم دەنێتە جەستەی تاک تاکی کۆمەڵگاو دوا دلۆپە خوێنى دەمژێ تا کار گەیشت بە بەتایبەت کردنی کەرتى کشتوکاڵ و گەنم و دانەوێلە و گرانبوونی نان کە ئەمەیان زۆر ترسناکە .
ئێمە هیوادارین حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست و برد بکات لەچارەسەری ئەم قەیرانانە و کۆتایی هێنانی یەکجارەکی بەقەیرانی مووچە و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هێزی پێشمەرگەو یەکخستنیان و پێکهێنانی سوپایەکی یەکگرتوو،پەروەردەکرنیان بە رۆشنبیری نیشتمانی و بەرگری کە ئەمەش سەرەتا یەکریزی هێز و لایەنە کورستانیەکانی پێویستە و خاوەنداریەتی کردنییان لەیەک گوتاری نیشتمانی .
بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان پێی وایە کێشەی هێز و لایەنە کوردستانییەکان کێشەیەکی ناوخۆییەو گفتوگۆ باشترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە چارەسەر نەک دەستتێوەردانى دەرەکی .
لەم رووەوە بزووتنەوەکەمان دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکییە بەهەر جۆر و بەهەر بیانۆیەک بێت .
گۆرانکاریەکانى ناوچەکە و جیهان دەمانخاتە بەردەم هەڵوێستەی جدی و بەخۆداچوونەوە وخوێندنەوەیەکی دروست بۆ هەنگاوەکانی سبەی ، ئاماژەیەکیش بوو بەوەی کە پشت بەستن بە هێزی دەرەکی و بایەخ نەدان بە داواو داخوازی گەل تەنها کارەسات بەرهەم دەهێنێت .
ئێمە داکۆکی لە داوا رەواکانی گەل دەکەین بۆ باشترکردنی ژیان . خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکان بەرەوا دەزانین ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە جێ بە جێیان بکات کە ئەمە بەدەست هێًنانی گەورەترین هێزی ماددییە بۆپاڵپشتی حکومەتی هەرێم و زامنى مانەوەى و پاراستنى قەوارەى هەرێم ،بەتایبەتی کە ئێستا ئێمە لەبەردەم ئەزمونێکی نوێی هەڵبژاردنداین ،هیوادارین گەل بەگشتی بەشداری لەم هەڵبژاردنە بکەن و نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن.
جارێکى دیکە لە بیست و شەشەمین ساڵیادى دامەزراندنى بزووتنەوەکەمان پیرۆزبایى گەرمى خۆمان ئاراستەى تەواوى کادیر و ئەندام و لایەنگرانمان دەکەین .
سەرکەوێ ئیرادەى گەلەکەمان
نەمرى بۆ شەهیدانى سەربەرزى رێگاى ئازادى کوردستان
مەکتەبى سیاسى
بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کودستان
25/8/2021