لە میانەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق سەبارەت بە بڕیاردانی یاسای دادگای ئیتحادی، پرۆژەی ڕەوتی ئیسلامیی سیاسی شیعە جەخت لەسەر دانانی چوار شارەزا لە بواری شەریعەت لە کۆی پانزە ئەندامی ئەو دادگایە کە دووانیان لە بواری شارەزایانی یاسادانان، دەکاتەوە. ئەم ئاراستەیە بۆ تێپەڕاندنی یاساکە و کارکردن بۆ دابینکردنی زۆربەی بڕیاردەر لە پێکهاتەی ئەم دادگایە کە لە کۆتاییدا بە عەقڵیەتی بەشبەشێنە لە ڕەوتی ئیسلامیی سیاسی شیعەدا دەبێت مانای کۆتایهێنانی یەکجارەکییە بە بنەماکانی دەوڵەتی دیموکراتی مەدەنی فیدڕاڵی بڕیاردراو لە دەستوری عێڕاقدا کە تا ئێستا و دوای تێپەربوونی حەڤدە ساڵ لە بڕیاردانی بە شێوەیەکی کردەیی بنەماکانی جێبەجێنەکراوە.
بوونی دادگای ئیتحادی ناکرێ تەنها لە سۆنگەی ئەرکی ڕەزامەندی کردنە سەر ئاکامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەماشا بکرێت، چونکە لەوە گرنگتر ئەو ئەرکانەیەتی کە بەندە بەو هاوسەنگییەی کە یەکێکە لە فاکتەرەکانی پاراستنی سیستمی فیدڕاڵی لە عێڕاقدا، جگە لە ئەرکی پاراستنی دەستوریەتی ئەو یاسایانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەریدەکات بە جۆرێک کە لە گەڵ پرنسیپەکانی دیموکراسی و تۆڕی ئەو ئازادییانەی کە لە خودی دەستوردا هاتووە، بگونجێت.
هەوڵەکان بۆ دەرکردنی یاسای دادگای ئیتحادی بەو جۆرەی کە کار بۆ سەپاندنی دەکرێت، مانای ئاراستەکردنی دووا فیشەکە لە جەستەی دەستور، و زیاتر ئالۆزکردنی ڕەوشی گشتی دەوڵەتی عێڕاقە و بەردەوابوونی نا سەقامگیری سیاسییە تیایدا. ئێمە هەر سێ حزبی بەشداربوو لە لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان پێمان وایە کە دادگایەکی ئیتحادی سەرکەوتوو لە کارەکانی پێوستە لە یاساکەی و لە شێوازی پێکهێنانیدا، بنەماکانی دەوڵەتی مەدەنی فیدڕاڵ بپارێزێت، و لە سەر بنەمای هاوسەنگی و شارەزایی و لێهاتوویی و خودی پرنسیپەکانی فیدڕاڵی دابمەزرێت، لە بڕیاردان و دەنگدان، مافی هەرێمەکان زامن بکرێت.
لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان :
– حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
– حزبی شیوعی کوردستان
– بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
18ی ئاداری 2021