14
کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کرێکاران هەبووە، لەوانەش کرێکارانی بیانی. بەرپرسی رێکخراوی داکۆکیکردن لە کرێکارانی بیانی دەڵێت، ساڵی 2020 دوو کرێکاری بیانی بە دەستدرێژیی سێکسی دووگیان کراون.
کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کرێکاران هەبووە، لەوانەش کرێکارانی بیانی. بەرپرسی رێکخراوی داکۆکیکردن لە کرێکارانی بیانی دەڵێت، ساڵی 2020 دوو کرێکاری بیانی بە دەستدرێژیی سێکسی دووگیان کراون.محەممەد مەحموود محەممەد ناسراو بە “حەمە هەژار”، بەرپرسی رێکخراوی داکۆکیکردن لە کرێکارانی بیانی بە رووداوی راگەیاند، بارودۆخی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان زۆر خراپە و رووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە، لەوانەش بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری، بازرگانیکردن پێیانەوە، لێسەندنی پاسپۆرت و دەستدرێژیی سێکسی.
لەبارەی رێژەی بێکارییەوە محەممەد مەحموود گوتی، کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەسەر بواری ئابووری گەورە بوون، لەوانەش بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و ئاماژەی بەوە دا، نزیکەی 32٪ی کرێکارانی بیانی و ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بێکارن، هەرچەندە ئامارەکانی حکومەت شتێکی دیکە دەڵێن.
بەرپرسی رێکخراوی داکۆکیکردن لە کرێکارانی بیانی ئاماژەی بەوەش دا، بازرگانیکردن بە کرێکارانی بیانی لە زیادبووندایە و ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیاکانیش پاسپۆرت لە کرێکارەکان دەسێنن و زۆر جار دوای تەواوبوونی گرێبەستەکانیشیان لەگەڵ ماڵاندا نایاندەنەوە و گرێبەستی دیکەیان پێدەکەن.
لەبارەی دەستدرێژیی سێکسیشەوە بۆ سەریان، محەممەد مەحموود گوتی: “لەناو کۆمەڵگەدا هەیە و پار چوار کرێکاری بیانی دەستدرێژیی سێکسیان کراوەتە سەر و دووانیشیان بەو هۆیەوە دووگیان بوون.”
بەرپرسی رێکخراوی داکۆکیکردن لە کرێکارانی بیانی ئەوەی خستەڕوو، پرۆژەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کرێکارەکان هەیە، بەڵام ئامادە نەبوو وردەکاری لەبارەوە رابگەیێنێت و داوای کرد لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرۆژەکەیان و چارەسەرکردنی کێشەکان.