تێبینی وەرگێر:
ئەم بابەتە لە ئەرشیفی مارکسیستەکان لە ئەنتەرنێت بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، و بۆ زمانی عەرەبی لە لایەن سعید العلیمی وەرگیردراوە.
پێشتر ئەم بابەتە لە سەرچاوەی کارە تەواوەکانی لینین موجەلدەی 15 لاپەرە 402 تا 413 دار التقدم مۆسکۆ ساڵی 1973 بڵاوکراوەتەوە
بە بۆچونی من گرنگی ئەم بابەتە لە چەند خاڵێکدایە:
1- بابەتەکە پشت بە بنەمایەکی فەلسەفی مارکسیست دەبەستێت و بە پێی میتۆدی ماتریالیستی میژووی هەڵوێست لە هزری ئاینی دەردەبڕێت ولە هەمان کاتدا بۆچوونە لیبرال وئەنارشیستەکان سەبارەت بە هزری ئاینی پۆچەڵ دەکاتەوە.
2- گرنگی دووەم لەوەدایە کە ئەم بابەتە تەنها بەلایەنی فەلسەفی هزری ئاینی رانەوستاوەو، بەڵکو لەسەر ئەم بنەما فەلسەفییە هەڵوێستی سیاسی سۆشیال دیموکراتەکانی ئەو کاتەی دەرخستەوە کە هەڵوێستی شیوعییەکانی ئەمرۆیە.
3- سێیەمین گرنگی لەوەدایە کە تەنها لە جوغزەی فەلسەفی وسیاسی رانەوەستاوە بەڵکو ئاماژە بە هەڵوێستی بواری رێکخستن وئەرکی رێکخراوە حزبییەکانی لەم بوارەدا دەستنیشان کردووە.
گرێدانی بنەمای فەلسەفی بە هەڵوێستی سیاسی و بەکاری رێکخراوەیی میتۆدی مارکسە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردەکاندا بەدیاردەی ئاینییەوە.
دەمێنێتەوە بڵێین ئەم بابەتە شوێنی ئەو بەرهەمانە ناگرێتەوە کە بیرو بزوتنەوەی مارکسیست بە درێژای ساڵانی رابردوودا بەرهەمی هێناوە، بەو شاکارانەی کە لە روانگەی ماتریالزمی مێژووییەوە شیکردنەوەی بۆ مێژوو کردووە.
ناکرێ شێوازی مامەڵەکردن لەگەل ئەم بابەتەی لینین بە داماڵینی چەند دێر و رستەیەک بێت، بەڵکو بە حاڵی بوونی تێکرای بابەتەکە بە هەموو رەهەندەکانییەوە.
بە داوی لێبوردن لە خوێنەر بە ھۆی درێژی بابەتەکەوە.
دەقی بابەتکە
گوتاری نوێنەر (سیرکوف) لە دۆما لە کاتی گفتوگۆ سەبارەت بە بودجەی سینود (ئەنجومەنی قەشەکان)، پاشان ئەو گفتوگۆیەی کە لەنێو فراکسیۆنی حزبمان لە دۆما بەرپابوو ، لە ئاکامیشدا رەشنوسی ئەو گوتارە، تیایدا بەسەندکرا، کۆمەڵێک بابەتی ئێجگار گرنگ و هەنوکەیی لەم کاتەدا وروژاند.
ئەمرۆ دەردەکەوێت کە بایەخدان بە ئایین نێوان ناوەندێکی فراوانی خەڵک لەکۆمەڵگادا هەبێت، و ئەم بایەخدانەش خۆی خزاندۆتە نێو ریزی رۆشنبیرانی نزیک لە چینی کرێکارو، هەروەها بۆ ناوەندیکی دیاریکراو لە کرێکاراندا. بۆیە ئەرکێکی رەهای سۆشیال دیموکراتییەکانە کە بەیاننامەیەک رابگەیەنن، وهەڵوێستی خۆیان لە ئایین روونبکەنەوە.
سۆشیال دیموکرات تەواوی جیهانبینی خۆی بۆ جیهان لەسەر سۆشیالیستی زانستی بنیات دەنێت. بناغەی فەلسەفەی مارکسیزم هەر وەکو چەند جارێک مارکس و ئینگلز رایانگەیاندووە، ماتیریالیزمی دیالکتیکە، کە نەریتی میژوویی ماتریالیستەکانی سەدەی هەژدەهەم لەفەرەنسا پەیرەو دەکات، بە هەمان شێوە کەلەپووری فویرباخ (ناوەندی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم) لە ئەلمانیا کە ئەمەش بە تەواوی ماتیریالیستێکی بێباوەڕەو بە شێوەیەکی پۆزەتیفانە دژ بە هەموو ئایینەکانە.
با تەواوی کتێبەکەی ئینگلز (ئەنتی دوهرنگ)مان بەبیر بێتەوە کە رەشنوسەکەی لە لایەن مارکسەوە خوێنرابۆوە. لە وێدا ماتریالیست و بێباوەڕی دوهرنگ تاوانبارکراوە چونکە ماتیریالستێکی پتەو نەبووەو چەندین کەلێنی جێهێشتووە بۆ ئەوەی ئایین و فەلسفەی ئایین دزە بکات و خۆی تیادا بخزێنێت.
باشە بێتەوە یادمان کە لەوتارێکدا دەربارەی لۆدفیچ فویرباخ، ئینگلز رەخنەی لێدەگرێت ودەڵێت فویرباخ بەرەنگاری دژ بە ئایین ناکات تا کۆتایی پێ بهێنێت، بەڵکو کار بۆ نوێخوازی تێدا دەکات، تەنانەت دەیەوێت ئاینێکی نوێی باڵا دابهێنێت. ئایین ئەفیونی گەلانە، ئەم وتە بەناوبانگەی مارکس بەردی بناغەی هەموو تێروانینێکی مارکسە سەبارەت بە ئاینەکان.1

بەردەوام ئینگلز کاروکردەوەی ئەو کەسانەی تاوانبار کردووە کە ئارەزووی ئەوەیان دەکرد خۆیان زیاتر بە چەپگەرایەتی دەرخەن وخۆیان لە سۆشیال دیموکراتەکان بە شۆرشگیرتر بزانن و، وا بە پێویستیان زانی کە لە بەرنامەی حزبی کرێکاراندا راگەیاندێکی روون بۆ بێباوەڕی بکەن و شەر دژ بە ئایین رابگەیەنن.
ئینگلز لە ساڵی 1874دا کۆمینتی لەسەر بەیاننامە بەناوبانگەکەی پەناهەندەکانی کۆمۆنەی بلانکییەکان کە لە لەندن دەژیان، نووسی، و وەسفی هەرای ئەو راگەیاندنە دژ بە ئایینە کرد، کە ئەنتیکە و ئەوپەری گەمژەییە، ووتی: راگەیاندنی ئەو جەنگە باشترین شێواز بوو بۆ نوێکردنەوەی بایەخدان بە ئایین و رێگاگرتن لە پوکانەوە وتەواوبوونی. ئینگلز سەرزەنشتی بلانکییەکانی کرد چونکە لەوە حاڵی نەبوون کە تەنها ململانێی چینایەتی چینی کرێکار لە رێگای راکێشانی تەواوی توێژەکانی پرۆلیتاریا بۆ چالاکی کۆمەڵایەتی شۆرشگیرانە و هۆشیارانە دەتوانێت جەماوەری چەوساوە لە گڕی ئایین رزگار بکات، لەکاتێکدا راگەیاندنی جەنگ دژ بە ئایین وەک ئەرکێکی سیاسیانەی حزبی کرێکاران، بە تەواوی بازرگانی کردنە بە رستەی ئەنارشیستی.2
لە ساڵی 1877 و لە کتێبی ئەنتی دۆهرنگ، ئینگلز بە توندی هێرشی کردە سەر ملکەچکردنی دوهرنیگ فەیلەسوفی ئایدیالیست وئایین کە پێشکەشی کردبوو. ئینگلیز بە شێوەیەکی یەکلاکەرانەوە بیرۆکە شۆرشگێرییە ساختەکەی دوهرینگی سەبارەت بە قەدەغەکردنی ئایین لە کۆمەڵگای سۆسیالستی، تاوانبارکرد. لێرەدا ئینگلز دەڵێت” راگەیاندنی جەنگ دژ بە ئایین بەرهەمهێنانەوەی بسمارکە واتە دووبارەکردنەوەی گەمژەییەکەی ململانێی بسمارک دژ بە پیاوانی ئاینی (ئەکلیرکییەکان) کە بە خەباتی کەلتوری بەناوبانگ ناوەزەند کرابوو. ئەو ململانێیەی بسمارک لە ساڵی 1870 دژ بە حزبی کاسولیکی ئەلمانیا کردی (حزبی میانرەو)ـ کە بە هەمان شێوازەکانی پۆلیسییانەی کاسولیکییەکان ئەنجام درا. ئەم کردەوەیەی بسمارک بووە هۆی وروژاندن وهاندانی خولیای بەربەرچدانەوەی ئەکلیرکی کاسولیکی، و زیانی بە کاری کەلتوری راستەقینەی گەیاند، چونکە بووە هۆی دەرکەوتنی دابەشبوونی ئایینی لە جیاتی دابەشبوونی سیاسی، وئەمەش سەرنجی ناوەندێکی چینی کرێکار وهەندێ لە کەسایەتی دیموکراسیخواز لە ئاراستە کردن لە سەر ئەرکە هەنووکەیی و بەپەلەکانی ملمڵانێی چینایەتی وشۆرشگێرانە بەرەو توندترین شێوازی دژایەتی کردنی پیاوانی ئاینی (ئەکلیرکی) بە شێوەیەکی درووستکراو وساختانە، راکێشا.
بەم شێوەیە دوهرینگی مودەعی شۆڕشگیری توندڕەوانە بە شێوازێکی دیکە دەیەوێت هەمان گەمژەیی بسمارک دووبارە بکاتەوە.
ئینگلز جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە حزبی کرێکاران توانای کارکردنی درێژخایەنی هەبێت لە ئەرکی رێکخستن و فێرکردنی چینی پرۆلیتاریا، کە ئەمەش لە ئاکامدا دەبێتە هۆی پۆکانەوەی ئایین، وگرنگە خۆی فرێنەداتە نێو قومارکردن بە رێگای چەنگێکی سیاسی دژ بە ئاین.3
ئەم تێروانینە بۆتە بەشێکی پۆخت لە ناوەڕۆکی هزری سۆشیال دیموکرات کە بۆ نموونە داکۆکیکردن لە ئازادی جزویت (گروپێکی کرستیانی یسوعی کاسۆلیکە/ وەگێر)، وهاتنیان بۆ ئەڵمانیا، و وازهێنان لە قەڵاچۆکردنی ئاینێکی دیارکراو، دەرکەوت. ؛ ئایین مەسەلەیەکی تایبەتییە؛ : ئەم خاڵە گرنگە لە بەرنامەی ئیرفۆرت (1891)، پوختەی هەموو تاکتیکە سیاسییەکانی سۆشیال دیموکراتە.
ئەم تاکتیکانە ئێستا بۆتە مەسەلەیەکی ئاسایی، و لە هەمان کاتدا بۆتە سەرهەڵدانی شێواندێکی نوێ مارکسیزم بە ئاراستەیەکی پێچەوانەوە بەرەو ئاراستەی هەڵپەرستی.
ئەم خاڵە لە بەرنامەی ئیرفۆرت لە کۆتاییدا وا شیکرایەوە کە ئێمەی سۆشیال دیموکراتەکان وحزبەکەمان پێمان وایە کە ئایین مەسەلەیەکی تایبەتە، مەسەلەیەکی تایبەتە وخودییە بۆ ئێمە وەک سۆشیال دیموکراتیک و، وەک حزبێک. بێ چونە نێو گفتوگۆیەکی راستەوخۆ لەگەڵ ئەم تێروانینە هەڵپەرستانەیە. ئینگلز لە نەوەتەکاندا ئاماژەی بە پێداویستی بەرەنگاربونەوەی ئەم بۆچوونە بە شێوەیەکی یەکلاکەرانەوەی پۆزەتیفانە کردووە، نەک بە شێوازی دانوستان. بۆ زانین ئینگلز ئەم کارەی بە شێوەی بەیاننامەیەک کرد وتاییدا بە توندی جەختی کردوە کە سۆشیال دیموکراتەکان پێیان وایە ئایین مەسەلەیکی تایبەتمەندە لە پەیوەندیدا بە دەوڵەتەوە، نەک مەسەلەیکی تایبەمەندی خودی بیت بە نیسبەت ئێمەوە، یان لە پەیوەندی بە مارکسیستەوە، یان لە پەیوەندی بە حزبی کرێکارانەوە.4
بە نیسبەت ئەوانەی هەڵوێستێکی سەرکێشانەیان بەرامبەر بە مارکسیست هەیە، وئەوانەی ناتوانن ومەبەستیان نییە بیرکەنەوە، ئەم مێژووە بە کۆمەڵێک هێڵی ناکۆک دەزانن، وبە کۆمەڵێک ئەم دیو ئەودیوی بێ مانای مارکسیانەیە دائەنێن. تێکەڵەیەک لە بێباوەری “توند” و لەگەڵ کارکردن بۆ “رازیکردنی” ئاین. ئەمەش راوبۆچونێکی نا مەبدەئییانەیە نێوان تەیارکردنی جەنگێکی شۆرشگیرانە دژ بە خودا هاوکات لە گەڵ ئارەزوویەکی ترسنۆکانە بۆ پشی پشیکردن بۆ کرێکارە ئاینپەروەرەکان، لە ترسی ئەوان و بۆ ئەوەی دوور نەکەونەوە…هتد. بەم ئاراستەیە ئەدەبی ئەنارشیستی بازرگانەکانی ووشەکان کۆمەڵێک شاڵاوی دژ بە مارکسیست لە خۆ دەگرێت.
بەڵام هەر کەسێکی بە توانا کە لە گشت حاڵەتەکاندا جیدی بیت لە ئاستی مامەڵەکردن لە گەڵ مارکسیزم، ولە بیرکردنەوە لە مەبدەئە فەلسەفییەکانی و شارەزایی لە سۆشیال دیموکراتی نێونەتەوەیی هەبێت، بە پەلە ئەوە رچاو دەکات کە تەکتیکەکانی مارکسیزم سەبارەت بە ئایین توندو وتۆڵە، وبە بایەخەوە لە لایەن مارکس وئینگلزەوە دراسەت کراوە. ئەو مەسەلانەش کە کەسانێک بە نەزانی و بە سەرپێی مامەڵەی ڵە گەڵ دەکەن،و بە راڕابوونی دەزانن، هەڵهێنجانێکی راستەوخۆو بێگومانی ماتریالزمی مێژوویە.
لە راستیدا دووچاری هەڵەیەکی قوڵ دەبینەوە ئەگەر پێمان وا بێت “میانڕەوەی” مارکسیزم بەرامبەر بە ئایین دەرئەنجامی تیروانینێکی “تاکتیکی” گریمانەیە، یان بە مەبەستی ئارەزووی “نە ترساندنی” هەر کەسێکە یان شتی ئا وەها. بەڵکو بە بێچەوانەوە هێڵی سیاسی مارکسیزم بێ دابڕین، راستەوخۆ پەیوەندی بە پرنسیپە فەلسەفییەکانیەوە هەیە.
مارکسیزم ماتیریالزمە. بەم سیفەتەشی بێ بەزەییانە دژ بە ئایینە هەر وەکو خاوەنی شاکارە ماتریالیستەکانی سەدەی هەژدەیەم یان ماتیریالزمی فویرباخ. ئەمە بابەتێکە گومانی تیادا نییە. بەڵام ماتیریالستی مارکس وئینگلز زیاتر لە خاوەنی ئەو شاکارانە وفویرباخ دەڕوات، بەوپێیەی فەلسەفەی ماتیریالزم لە بواری مێژووی ولە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان جێبە جێدەکات. دەبێ قەڵاچوی ئایین بکەین ئەمە ئەلفابێی هەر ماتریالستێکە، بەم پێیەش هەموو مارکسیستێک. بەڵام مارکسیزم ماتریالستێک نییە لە ئاستی ئەلفابێت رابوەستێت، بەڵکو لەوە زیاتر دەڕوات، ودەڵێت: دەبێ بزانین چۆن قەڵاچۆی ئایین دەکەین، وبۆ ئەوەی ئەمەش بکەین پێویستە سەرچاوەی باوەڕ وئایین لە نێو جەماوەردا بە شێوەیەکی ماتیریالست شیبکەینەوە. ناکرێ تەنها بە پرۆپاگندەی ئایدیۆلۆژیانەی کتومت ئەنجام بدرێت، یان ئەم بابەتە لە پروپاگندەدا بچوک بکرێتەوە. ئەمە پەیوەندی بە پراکتیکی بەرچاوی بزوتنەوی چینی کرێکارەوە هەیە کە مەبەستی نەهێشتنی رەگە کۆمەڵایەتییەکانی ئایینە.
بۆچی ئایین توانیوێتی شوێنی خۆی لە ناوەندی بەشە جۆراجۆرەکانی پرۆلیتاریای شارەکان وناوەندی فراوانی نیمچە پرۆلیتاریا وناوەندی کۆمەڵەی جوتیاران بپارێزێت؟
بۆرژوای پێشکەوتوو وەڵام دەداتەوە ودەلێت : بە بۆنەی نەزانینی گەلەوەیە، بەڵام رادیکال وماتریالیستی بۆرژوا وئەوانەی وەکو ئەون دەڵێن: برۆخی ئایین و وبژی بێباوەڕی، وبڵاوکردنەوەی تیروانینە بی باوەڕییەکان ئەرکی ئێمەیە!؛. بەڵام کەسی مارکسیست دەڵێت: ئەمانە راست نین، وتێروانینێکی ساختەیە ئەوەی بۆرژوا بیر تەسەکەکان باسی دەکەن. ئەم بۆچونانە بە قوڵییەکی تەواو ناوەرۆکی ئایین دەرناخات، وبە شێوازێکی ماتیریالست شیناکاتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی ئایدیالست. بە شێوەیەکی سەرەکی ئایین رەگی کۆمەڵایەتی لە وڵاتە سەرمایەدارە نوێکان هەیە. قوڵترین رەگی ئایین خۆی لە بارودۆخی ناهەمواری کۆمەڵایەتییانەی جەماوەری کرێکار بەرجەستە دەبێت، ونەبوونی توانای تەواوی بۆ رووبەرووبونەوەی هێزە نابینایەکانی سەرمایەداری کە هەموو رۆژ وهەموو کاتژمێَرێک کرێکارانی ئاسایی دووچاری دژواترین گرفت وئازاری وەحشیگەریانە دەکاتەوە کە ئەمە بە هەزاران جار دژواترە لەوەی بە هۆی روداوی لە ناکاوى وەک شەر ِ و بومە لەرزە .. هتد، پێوەی ئاڵودە دەبن.
نا بینایە چونکە چاوەڕواننەکراوە لە لایەن جەماوەری گەلەوە ـ هێزێکە لە هەر هەنگاوێکدا هەڕەشە لە ژیانی پرۆلیتاریا وخاوەن مولکی بچوک دەکات. بە کردەوەش ژیانی تێکدەدات، تێکیدەشکێنێ، وبرسی دەکات، و دوچاری لەشفرۆشی دەکات، و لە ناکاو وبێ ئەوەی چاوەروانکراو بێت لە برسا دەیکوژێت. ئەمانە رەگی ئاینی نوێن کە دەبێ کەسانی ماتیریالست گەر بە شێوەیەکی ساوایانە ماتیریالیست نەبن، درک بەم راستییە بکەن. هیچ کتێبێکی قوتابخانە توانای ئەوەی نییە کە ئایین لە عەقلی ئەو جەماوەری کە سەرمایەداری بە کاری پڕۆکێنەر هاریوێتی و دوچاری هێزی کوێرانەی تێکدەری ئەو بۆتەوە، دەربهێنێت، تا وەکو ئەو جەماوەرە خۆی فێر نەبێت کە شەڕ لەگەڵ رەگی ئایین بکات و جەنگ دژ بە حوکمی سەرمایە بە هەموو شێوەکانیەوە بکات، ئەمەش بە رێگایەکی هۆشمەندانە ویەکگرتوو ورێکخراو ونەخشە بۆ کێشراو.
ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە کتێبەکانی فێرخوازی دژ بە ئایین زیان بەخش و پێویست نین؟
نا، بە هێچ شێوەیەک وا نییە. ئەمەش مانای وایە کە پروپاگندە بۆ بێباوەربوون کە سۆشیال دیموکرات دەیکات پێویستە لە بەرەژەوەندی ئەرکە سەرەکییەکەیدا بیت. ئەرکی پەرەپێدانی هۆشمەندی چینایەتی جەماوەری چەوساوەکان دژ بە چەوسێنەرەکانی.
لەوانەیە حاڵی نەبوون سەبارەت بەم مەسەلەیە هەبێت (یان بە راستەوخۆ حاڵی نەبوون هەبێت)، لە لایەن ئەوانەی نەچونەتە نێو قوڵای پرنیسپەکانی ماتیریالزمی دیالکتیکی، واتە فەلسەفەی مارکس وئینکلز. لەوانەیە بوترێ ئەمە چۆن دەکرێت؟ ئایا پروپاگندەی ئایدیۆلۆژی، وبانگەشە بۆ بیرێکی دیاریکراو، ململانێ دژ بە دوژمنی رۆشنبیری وپێشکەوتن کە هەزاران ساڵە خۆی نواندوە (واتە ئاین)، پێویستە لە خزمەت ولە ژێر رکێفی ململانێی چینایەتی بێت، واتە ململانێ لە پێناوی ئەنجامێکی کردەیی دیاریکراو لە بواری ئابووری وسیاسیدا؟
ئەمە یەکێکە لەو نارەزاییانەی کە دەوترێ سەبارەت بە مارکسیزم کە رەنگدانەوەی تێنەگەیشتنی تەواوی دیالکتیکی مارکسیزمە. ئەو ناکۆکییەی کە ئەوانەی نارەزان و دەریدەبڕن، ناکۆکییەکی راستەقینەی ژیانی کردەییەو، ناکۆکییەکی زارەکی ودرووستکراو نییە. کاتێک بتوانی هێلێکی یەکلاکەرەوەی بەهێز کە پێشێل نەکرێت نێوان پرۆپاگندەی تیۆری بۆ بێباوەری واتە تێکشکاندنی باوەری ئاینی لە ناوەندی بەشێکی دیاریکراوی پرۆلیتاریا، ولە هەمان کاتدا ئەنجامدانی سەرکەوتن وپێشکەوتن لە ململانێی چینایەتی لەم ناوەندەدا، مانای ئەوەیە بەشێوازێکی دیالکتیکی هۆکارەکان دەدۆزیتەوە و ئاستێکی گۆڕاو رێژەیی بۆ ئاستێکی رەها دەگۆڕێت. ئەمەش بە خورتی جیاکردنەوەی دوو بابەتی گرێدراوە کە ناکرێت لە ژیانی واقیعیدا جیابکرێنەوە.
با نمونەیەک وەرگرین. ئەگەر پرۆلیتاریا لە وڵاتێکی دیاریکراوەدا و لەپیشەسازییەکی دیاریکراودا، دابەشبووبن، وگریمان بەشێکی پێشکەوتوویان تا رادەیەکی ماقول، هۆشمەندی چینایەتیان هەبێت و بێباوەربن، لە لایەکی دیکەوە کرێکاری دواکەوتوو هەبێت کە بەردەوام پەیوەندیان بە گوندو بە جوتیارانەوە هەبێت، وباوەڕیان بە خودا هەبێت، وهاموشۆی کەنیسە بەکەن، ولەوانەشە لە ژێر کارلێکردنی راستەوخۆی ئاخوندی ناوخۆ بن، و ئەو کرێکارانە یەکێتییەکی کرێکارانەی کریستیانیان دامەزراند. گریمان ململانێی ئابووری لەو ناوچەیەدا وای کرد مانگرتن بەرپابێت. لەم حاڵەتەدا ئەرکی کەسانی مارکسیستە کە سەرکەوتنی بزوتنەوەی مانگرتن بە پلەی یەکەمی کارەکانی بێت و لەسەرو هەر شتێکی دیکەوە بە هەند وەریگرێت، و بە توندی دژایەتی دابەشکردنی کرێکاران بکات بۆ کەسانی بێباوەری ئاینی وکەسانی کریستیان، یان هەر شێوازێکی دیکەی لەم جۆرە. لەوانەشە لەم جۆرە حاڵەتانەدا پروپاگندە کردن بۆ بێباوەری ئاینی پێویست نەبێت و لەهەمان کاتدا زیان بەخش بێت. ئەمەش نەک لە ترسی ئەوەی کورسییەک لە هەڵبژاردن دەدۆرێت یان شتێکی لەو جۆرە. بەڵکو ئەم هەڵوێستە ململانێی چینایەتی بەرەو پێشەوە دەبات وئەو مەرجانە دێنێتە پێشەوە کە لە کۆمەڵگای سەرمایەداری نوێدا کرێکارە کریستیانەکان بەرەو سۆشیال دیموکرات و هزری بێباوەری ئاینی ئاراستە بکرێن بە هەزاران جار زیاتر لەوەی کە بە پرۆپاگندەی ئاشکرا بۆ بێباوەری ئاینی، بەرەو ئەوە بچن.
بانگەشەکردن بۆ بێباوەری ئاینی لەو حاڵەتە و لەو هەلومەرجەدا دەبێتە سازدانی گەمەیەکی چاک بۆ ئاخوندەکان کە ئارەزویان لەوە تێپەر ناکات کە کرێکاران نەک بە پێی بەشدارییان لە چالاکی مانگرتن، پۆلێن بکرێن ، بەڵکو لە سەر بنەمای باوەڕیان بە یەزدان. ئەو ئەنارشیستەی کە بانگەشە بۆ جەنگ دژ بە خودا دەکات بە هەر نرخێک بێت، بە کردەوە یارمەتی ئاخوند وبۆرژواکان دەکات (بەردەوام ئەنارشیستەکان بەکردەوە یارمەتی بۆرژوا دەکەن). دەبێ کەسی مارکسیست ماتریالیست بێت، واتە دژ بە ئایین بێت، وماتریالستێکی دیالکتیکی بێت، واتە نەک چارەسەری ململانێ دژ بە ئایین بە شێوەیەکی راماڵاو و لەسەر بنەمای بانگەشەیەکی گۆشەگیرانە ولایەنی تیئۆریی پوخت و نەگۆڕاو، بەڵکو بە شێوەیەکی بەرچاو لەسەر بنەمای ململانێی چینایەتی کە لە پراکتیکدا لە هەموو شتێک زیاتر جەماوەر فێردەکات. دەبێ کەسانی مارکسیست توانای ئەوەی هەبێت کە بروانێتە تەواوی بارودۆخەکە. دەبێ توانای ئەوەی هەبێت کە جیاوازی بکات نێوان ئاستی ئەنارشیستی و هەڵپەرستی (کە ئەم ئاستەش رێژەیی ولە گۆراندایە، بەڵام هەیە) نابێ خۆی ملکەچی بەناوشۆرشگیری ومیتۆدی راماڵاو وزارەکی و پوچ ودابڕاو لەو واقیع بکات کە ئەنارشیستەکان رایدەگەیەنن، یان لە نزمی وهەڵپەرستی بۆرژوای بچوک ورۆشنبیرە لیبرالیستەکان کە راڕان لە تێکۆشاندا دژ بە ئاین، و لە بیری دەچێت کە ئەمە ئەرکێتی، ولەگەڵ باوڕهێنان بە یەزدان خۆی دەگونجێنێت وململانێی چینایەتی رێنمایی ناکات، وخۆی کەم وسوک دەکاتەوە بەوەی کەس لێی دڵگران نەبێت و دڵی کەسی لێنەرەنجێت، و کەس نەترسێنێت لەسەر بنەمای ئەو پەیڕەوە “حەکیمانەی کە دەڵێت بژی و ماوە بدە کەسانی دیکەش بژین بۆ خۆیان..هتد.
لەم دیدەوە دەبێ هەڵسوکەوت لەگەل تێکرای ئەو بابەتە لاوکیانە بکەین کە پەیوەندییان بە هەڵوێستی سۆشیال دیموکراتەکان سەبارەت بە ئاینەوە، هەیە. بۆ نمونە زور جار پرسیاری ئەوە دەکرێت ئایا دەکرێ ئاخوندێک ببێتە ئەندام لە حزبی سۆشیال دیموکرات، یان نا. بە گشتی بە شێوەیەکی پۆزەتیفانەی رەها وەڵامی ئەم پرسیارە دەدرێتەوە. ئەزمونی حزبە سۆشیال دیموکراتەکان بە بەڵگەدەهێنرێتەوە. بەڵام ئەم ئەزمونە بەرهەمێک بوو نەک تەنها بۆ جێبەجێکردنی میتودی مارکس لەسەر بزوتنەوەی کرێکاری، بەڵکو بۆ هەڵومەرجی مێژووی تایبەتی ئەوروپای رۆژئاوا کە لە روسیادا جیاوازە( دواتر زیاتر باسی ئەو هەلومەرجە دەکەم)، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە شێوازی وەڵامدانەوی ئەرێنی بی مەرج لەم حاڵەتەدا راست نییە. ناکرێ جارێکی دیکە وهەتا هەتایە دوپاتی ئەوە بکەینە کە ئاخوندەکان ناکرێ ببنە ئەندام لە حزبی سۆشیال دیموکرات. لە هەمان کاتدا ناکرێ بپێچەوانی ئەمەش وەک بنەمایەک، لەنگەر بخەین. ئەگەر ئاخوندێک هاتە لامان بۆ بەشداریکردن لە کاری سیاسییانەی گشتیمان وئامادەیی خۆی دەربڕی کە بە ویژدانێکی زیندووە کارە حزبییەکانی جیبەجێبکات کە لەگەڵ بەرنامەی حزب ناکۆک نەبێت، دەکرێ ماوەی بدرێتی بێتە ریزی سۆشیال دیموکراتەکانەوە، چونکە ناکۆکی نێوان ناوەرۆک وپرنسیپەکانی بەرنامەی ئێمە وبیروباوەری ئاینی ئەو ئاخوندە لەم هەلومەرجەدا کارێکە تەنها پەیوەندی بە خودی خۆیەوە هەیە، وناکۆکییەکی تایبەت بەوە وناکرێ رێکخراوێکی حزبی ئەندامانی تاقیبکاتەوە تا ببینێت ئایا ئەو ئەندامە ناکۆکی هەیە نێوان تێروانینی خۆی وبەرنامەی حزبەکەی. بەڵام لەوانەشە ئەو حاڵەتە دەگمەن بێت تەنانەت لە ئەوروپای رۆژئاوادا. لە کاتێکدا لە روسیا ئەم حاڵەتە نییە. ئەگەر ئاخوندێک بۆ نمونە هاتە ریزی حزبی سۆشیال دیموکرات و تەنها کاری سەرەکی ئەو بانگەشەکردن بێت بۆ بیروباوەری ئاینی لە نێو حزبدا، ئەوا بێ چەند وچون دەبێ لە ریزی حزب دەربکرێت.
ناکرێ ئەو کرێکارانەی کە باوەریان بە یزدان هەیە نەهێنینە نێو حزبی کرێکاری سۆشیالستەوە، بەڵکو دەبێ بە ئانقست کار بۆ هێنانیان بکەین، وبە شێوەیەکی رەها نابێ بچوکترین سوکایەتی بە بیروباوەری ئاینیان بکەین، بەڵام دەیان هێنینە نێو ریزی حزبەوە، تا بە ناوەرۆکی بەرنامەی خۆمان پەروەردەیان بکەین، نەک بوار بدەین ململانییەکی چالاک دژ بە حزب بکرێت. ئێمە بوار بە ئازادی بیروباوەر لە نێو حزبدا دەدەین ، بەڵام تا سنورێک کە ئازادی گردبونەوەمان لە نێو حزبدا بواری بدات. ئێمە ناچار نین بەدەم ئەو تیروانینانەوە بێن کە کەسانێک چالاکانە بانگەشەی بۆ دەکات بەڵام لە لایەن زۆربەی حزبەوە، رەتکراوەتەوە.
با ئێستا بگەینە ئەو هەلومەرجەی کە لە رۆژئاوا شیکردنەوەی هەڵپەرستانەی بۆچونی ؛ئایین مەسەلەیەکی تایبەتە؛ی درووستکرد. بێگومان کارتێکردنی ئەم مەسەلەیە بۆ هەموو ئەو بابەتانە دەگەرێتەوە کە بە گشتی هەلپەرستی دروستکرد، وەکو قوربانیدان بە بەرژەوەندییە پوختەکانی چینی کرێکار لە پێناوی دەسکەوتێکی کاتیدا. حزبی پرۆلیتاریا داوا دەکات دەوڵەت رایبگەیەنێت کە ئایین مەسەلەیکی تایبەتە، بەڵام پێی وا نییە کە خەبات دژ بە ئەفیونی گەلان، و خەبات دژ بە خرافاتی ئاینی… هتد ؛مەسەلەیەکی تایبەتە؛. هەڵپەرستەکان ئەم مەسەلەیە دەشەوێنن بۆ ئەوەی وا بگەیەنێت کە حزبی کرێکارانی سۆسیالست ئایین بە مەسەلەیکی تایبەت دادەنێت!

ئەم هەلومەرجە مۆرکێکی دوو فاقی هەیە. یەکەم ئەرکی قەڵاچۆکردنی ئایین بە شێوەیکی مێژوویی ئەرکی بۆرژوای شۆرشگیر بووە، ولە رۆژئاوادا ئەم ئەرکە تا رادەیەکی دوور ئەنجام درا ، یان لەلایەن بۆرژوای دیموکراتەوە لە سەردەمی شۆرشەکانی دژ بە دەرەبەگایەتی وهەلومەرجەکانی سەدەی ناوەڕاست، چارەسەرکرا. لە هەر یەک لە فەرەنسا وئەلمانیا کەلتورێکی جەنگی بۆرژوا دژ بە ئایین هەیە. ئەمەش لە مێژەوە وپێش سوشیالزم (موسوعییەکان لە فەرنسا، وفویرباخ)، دەستی پێکردوە. بەڵام لە روسیا بە هۆی هەلومەرجی شورشی بۆرژوا دیموکراتی لای خۆمان، ئەم ئەرکە بە گشتی کەوتۆتە ئەستۆی چینی کرێکارەوە.
دیموکرات بۆرژوای بچوک (نارودنیک) لە وڵاتی خۆمان کارێکی زۆری لەم بوارەدا نەکردوە، بەبەراورد کردن لەگەڵ ئەوەی لە ئەوروپادا جێبەجێ کراوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەزمونی شەڕی بۆرژوا دژ بە ئایین لە ئەوروپادا بوو بە هۆی سەرهەڵدانی شێواندنێکی چلۆنایەتی بۆرژوازیانە ئەم شەڕە لەلایەن ئەنارشیستەکانەوە. ئەمەش لەلایەن مارکسیستەکانەوە بە دوور ودرێژی و چەندین جار دووبارە کراوەتەوە کە هەرچەندە بە توڕەییەوە شاڵاو دژ بە ئایین دەکەن، بەڵام هەڵوێستەکەیان جیهانبینییەکی بۆرژوایانەیە سەبارەت بە جیهان.
ئەنارشیست وبلانکییەکان لە ئەمەریکای لاتینى( کە بە رێکەوت قوتابی دوهرنگن)، هاوکات ئەوانەی ئەلمانیا وئەنارشیستەکانی ئوتریش لە هەشتاکاندا هەموویان بازرگانیان بە رستەی شۆرشگیری لە ململانییان دژ بە ئاین، دەکرد. هاوکات سۆشیال دیموکراتەکانی ئەوروپا بەرەو لایەنەکەی دیکەی توندرەوەی دەڕۆیشتن. پێویستە لەم هەڵوێستەیان تێبگەین وتا رادەیەک بۆ ئەوان رەوایە، بەڵام دوچاری هەڵە دەبینەوە ئێمەی سۆشیال دیموکراتەکان ئەگەر هەلومورجی مێژوویی تایبەت بە ئەوان لە یاد بکەین.
دووەم لە رۆژئاوا دوای تەواوبوونی شۆرشە بۆرژوا نەتەوەییەکان، ودوای دامەزراندنی ئازادی ئاینی تەواو بە هەر رادەک بێت، بە شێوەیکی مێژوویی مەسەلەی ململانێی دیموکراسیانە دژ بە ئایین تا مەودایەکی دوور بە هۆی ململانێی بۆرژوای دیموکرات دژ بە سوشیالستی، پاشکەوت، چونکە حکومەتە بۆرژواکان بە ئانقەست هەوڵیان دا سەرنجی جەماوەر لە سۆشیالستی دوورکەنەوە لە رێگای رێکخستنی شاڵاوێکی نیمچە لیبراڵ دژ بە پیاوانی ئاینی. ئەمەش خەسڵەتی خەباتی کەلتوری بوو لە ئەلمانیا، وشێوازی ململانێی بۆرژوا کۆمارییەکان بوو دژ بە حوکمی پیاوانی ئاینی لە فەرەنسا.
دژایەتیکردنی بۆرژوای ئاینی وەک ئامرازێک بۆ سەرنج راکێشانی جەماوەری چینی کرێکار بۆ دوور کەوتنەوەیان لە سۆشیالزم، کەوتە پێش بڵاوبونەوەی گیانی بێباکی نوێ سەبارەت بە تێکۆشان دژ بە ئایین لە ناوەندەکانی سۆشیال دیموکراتەکان لە رۆژئاوادا. دووبارە ئەم حاڵتە بە تەواوی رەوایە ولێی حاڵی دەبین، چونکە دەبوایە سۆشیال دیموکراتەکانی رۆژئاوا روبەروی دژایەتی هەژمونی پیاوانی ئاینی و بیری بسمارک بونایە لە رێگای خستنی ململانێ دژ بە ئایین لە ژێر رکێفی ململانێ لە پێناوی سۆشیالزم.
هەلومەرجی روسیا بە تەواوی جیاوازە. پرۆلیتاریا سەرکردایەتی شۆرشی دیموکراتی بۆرژوا دەکات. بۆیە دەبێ حزبی پرۆلیتاریا سەرکردایەتی ئایدیۆلۆژیانەی ئەم ململانێیە بێت دژ بە هەموو خەسڵەتەکانی سەدەی ناوەڕاست، بەو حاڵەتشەوە کە باس لە ئاینی کۆن وفەرمی دەکات، یان هەر هەوڵێک بە مەبەسەتی نوێکردنەوەی ئایین یان بۆ ئەوەی جلوبەرگێکی دەرەکی نوێ و جیاوازی لەبەرکات. لە کاتێکدا بە بەراورد کردن لەگەل ئەمەدا ئینگلز میانرەوی نواند لە راستکردنەوەی هەڵپەرستی سۆشیال دیموکراتەکانی ئەلمان کە داواکاری حزبی کرێکارانیان گۆری لەوەی کە دەوڵەت ئەوە رابگەیەنێت کە ئایین مەسەلەیەکی تایبەتە بە راگەیاندی ئەوەی کە ئایین شتێکی تایبەتە بە نیسبەت خودی سۆشیال دیموکراتەکانەوە. ئەگەر ئەم هەڵوێستە و ئەم شێواندنە ئەلمانییە لە لایەن هەڵپەرستانەی روسیاوە بۆ حزبی سۆشیال دیموکراتی لای خۆمان هاوردە بکرایە، بێگومان سەد جار توندتر لە لایەن ئینگلزەوە سەرزەنشت دەکرا.
کاتێک لە مینبەری دۆما فراکسیۆنەکەمان رایگەیاند کە ئایین ئەفیونی گەلانە، کارێکی راستی کرد و بو بە دەسپێشخەرییەک کە دەبێتە بناغەیەکی باش کە خزمەتی راگەیاندنە داهاتوەکانی سۆشیال دیموکراتەکان سەبارەت بە مەسەلەی ئاین، دەکات.
ئایا دەبوایە زیاتر برۆن وپەرە بە دیالۆگیکی زیاتر ودرێژخایەن لە بواری بێباوەری بدەن؟ ئێمە پێمان وایە نییە. لەوانیە ئەوە ببوایە زێدە رۆیی لە تێکۆشان دژ بە ئاین. لەوانەیە ببوایە هۆی هێڵی جیاواز نێوان تێکۆشانی بۆرژوا وتێکۆشانی سوشیالیستی دژ بە ئایین تێگەڵ بێت وتەنانەت ئەو هێڵە نەمێنێت.
ئەرکی یەکەمی فراکسیۆنی سۆشیال دیموکرات لە نێو ئەم دۆمایە، بە سەربەرزی ئەنجام درا.
ئەرکی دوومەمان کە بە نیسبەت سۆشیال دیموکراتەکانەوە ئێجگار گرنکە ئەوەیە کە رۆڵی چینایەتی کەنیسە وئاخوندەکان لە پشتگیری کردنی ئەم حکومەتە ولە پشتگیریکردنی بۆرژوا لەو شەرەیدا کە دژ بە چینی کرێکار بەرپای کردوە، روونکەینەوە. ئەمەش بە سەربەرزییەوە ئەنجام درا. زور شت هەیە دەکرێ سەبارەت بەم بابەتە بوترێت. لە ئایندەشدا سۆشیال دیموکراتەکان دەزانن چۆن لە راگەیاندنەکانی داهاتوەدا گوتاری هاورێ سیرکۆف فراوانتر کەنەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا گوتارەکە ئێجگار باش بوو، وبلاوکردنەوەشی لە رێکخراوە حزبییەکاندا ئەرکی راستەوخۆی حزبمانە.
ئەرکی سێیەمان ئەوەیە کە دەبوایە بو دوور ودرێژی رونکردنەوە سەبارەت بە مانای راستەقینەی بۆچونەکەمان بکرایە کە زۆر جار لەلایەن هەڵپەرستە ئەلمانەکانەوە، دوچاری شێواندن دەکرێن کە کاتێک دەوترێت ئایین مەسەلەیەکی تایبەتە. بەداخەوە هاورێ سیرکۆف ئەمەی نەکرد و، لە چالاکییەکانی پێشتری فراکسیۆنی دۆما هاورێ بیلۆسۆف دوچاری هەلەَیەک سەبارەت بەم مەسەلەیە بۆوە، ولەو کاتەشدا رۆژنامەی پرۆلیتاری ئاماژەی پێکرد. گفتوگۆکانی نێو فراکسیۆن ئەوە دەردەخات کە گفتوگۆ سەبارەت بە بێباوەرێ ئەو داواکارییە بەناوبانگەی لێدورخرابۆوە کە دەبوایە ئاماژەی بە راگەیاندنی ئاینی بکردایە وەک مەسەلەیەکی تایبەت. تەنها گلەیی لە هاوری سیرکۆف ناکەین لەسەر ئەم هەڵەیە کە تەواوی فراکسیۆنی دۆما کردویەتی. لەوەش زیاتر بە ئاشکرا دان بەوەدا دەنێن کە لەمەدا سەرجەم حزب هەڵەیە، چونکە بە باشی ئەم مەسەلەیەی شینەکردۆتەوە ورادەی تێگەیشتنی سۆشیال دیموکراتەکان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی تێگەیشتنی تێبینییەکانی ئینگلز دەربارەی هەڵپەرستە ئەلمانەکان. گفتوگۆکانی نێو فراکسیۆنی دۆما ئەوەمان بۆ دەردەخات کە نەحاڵیبوون و تێگەیشتنی شێواو سەبارەت بەم مەسەلەیە هەیە، نەک ئارەزویەک بۆ وەلانانی پرنسیپەکانی مارکس. ئێمە باوەرمان زۆرە کە ئەم هەڵەیە لە راگەیاندنەکانی داهاتوی فراکسیۆندا، راست دەکرێتەوە..
ئێمە دووبارەی ئەوە دەکەینەوە کە بە گشتی گوتاری هاورێ سیرکۆف زور چاک بوو، و دەبێ لە تێکرای رێکخراوە حزبییەکاندا دابەشی بکەین. فراکسیۆنەکەمان لە دۆما لە گفتوگۆکردنەکانیدا ئەوە دەردەخات کە بە ویژدانێکی زیندو ئەرکی سۆشیالیستانەی خۆی ئەنجام دەدات. ئەشمێنێتەوە کە ئارەزوی خۆمان رابگەیەنین کە راپۆرتەکانی ئەم گفتوگۆیانەی نێو فراکسیۆنی دۆما بە شێوەیکی رێکتر لە رۆژنامەگەری حزبیدا دەرکەوێت تا پەیوەندی نێوان ئەم فراکسیۆنە وحزب بە هێز ونزیک تر بێت، وحزبیش بزانێت کە ئەو فراکسیۆنە ئەرکێکی قورس دەکات ،و ئەمەش دەبێتە بنیاتنانی وبەهێزبوونی یەکێتی ئایدیۆلۆجی لە کاری حزب ولە فراکسیۆنی دۆمادا.
پەراوێز
1ـ کارل مارکس بەشداری لە رەخنەگرتن لە فەلسەفەی حق لای هیگل. پێشەکی مارکس و ئینگلز سەبارەت بە ئاین. مۆسکۆ ل 42 ساڵی چاپ 1957
2ـ ئینکلز ئەدەبی پەناهەندەکان ـ بەرنامەی بلانکییەکان.
3ـ ئیتگلز ئەنتی دۆهرنگ ل 434 ل 7 ساڵی چاپ 1959.
4ـ مارکس وئینگلز شاکارەکان کتێبی یەکەم ل 479 ساڵی چاپ 1958