ھەروەکو چۆن پۆلیس لەسەر رێگا ڕادەوەستێت چاوەڕوانی کەسێک یان ئۆتۆمبێڵێک دەکات کە سەرپێچی یاسا بکات، بۆئەوەی پسولەی پێبژاردنی بۆ بکات. ئامانجی پۆلیس لە کارەکەی فێرکردنی کاری باش نییە، بەڵکوو پێشگرتنە لە کردنی کاری خراپ،
لە سیستەمی پەروەردەو فێرکردنی کۆمەڵگەی نەریتیدا، خێزان و دەسەڵات لە جیاتی فێرکردنی منداڵ بە کارو کردەوەی باش، دەبن بە دەزگای پۆلیس، زیندان و دادگا بەسەر سەری منداڵ بۆ لێکۆڵینەوەو ترساندن لە کار و کردەوەی خراپ.
بەلام لە سیستەمی پەروەردەی و فێرکردنی مۆدێرندا، لەجیاتی لێکۆڵینەوە لە کار و کردەوەی خراپی منداڵ بکرێت، منداڵ فێری کارو کردەوەی باش دەکرێت، بۆ ئەوەی لە کار و کردەوەی خراپ دوربکەوێتەوە.
سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی نەریتی پێی وایە لە رێگای لێکۆلینەوەو ترساندن، دەتواندرێت پێش لە کار و کردەوەی خراپی منداڵ بگیرێت. بەڵام لە ڕووی زانستییەوە دەرکەوتووە ئەو سیستەمەی، کە دەیەوێت لە ڕێگای لێکۆڵینەوەو ترساندن پێش لە کار و کردەوەی خراپی منداڵ یان کۆمەلگە بگرێت،ئەوە نەک ناتوانێت منداڵ لە کاری خراپ دوور بخاتەوە بەڵکوو دەست بەسەر ھێز، بیر وتواناییەکانی منداڵ و کۆمەڵگە دادەگرێت. ئەگەر ئەو جۆرە خێزانە یان دەسەلاتە بە ڕووکەش دەیانەوێ روو بەدەرەوەی خۆیان نیشانی بدەن کە لە رێگای لێکۆڵینەوە و ترساندن دەتوانن پێش بە کارو کردەوەی خراپی منداڵ و کۆمەڵگە بگرن، بەڵام لە واقیعدا ئەو ترس، تۆقاندن و ھەڕەشە کردنە بۆ ملکەچکردنی منداڵ و کۆمەڵگە لە پێناو مانەوە ھێزی خۆیان. بە بۆچونی (دکتۆر ھۆلاکۆیی ئەو جۆرە پەروەردەیە منداڵی نھێنیکار، درۆزن، دوو ڕوو، شەڕانی و کینە لە دڵیان لێدورست دەبێت. کە گەورەش بوون، یان دەبن بە کۆیلە، یان دەبن بە گورگی ھار)
ھەتا لە زانکۆکانیش لە کاتی خوێندن بۆ پزیشکی یان بۆ ئەندازیاری، مامۆستا تەنھا کاری ئەوە نییە، بە خوێندکار بڵێت ئەم کارە خراپانە مەکەن، بە پێچەوانەوەمامۆستا ھەوڵ دەدات خوێندکار فێری کارە باشەکان بکات.
ئەو ئالوگۆرەی بەسەر سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی مۆدێرندا ھاتوە، پەیامەکەی ئەوەیە دایک و باوک دەبێت کاتی منداڵەکانیان ئەوەندە بە کار وکردەوەی باش پڕبکەنەوە، بۆ ئەوەی جێگای ھیچ کار و کردەوەی خراپ نەمێنێتەوە. زۆربەی ئەو کێشەو گرفتە خراپانەی کە توشی منداڵ، ھەرزەکار و لاوان دەبێت، بەھۆی نەبونی سەرگەرمی و بێکاریەوەیە. بەتایبەتی ئەو ولاتانەی کە ھیچ بەرنامە و کارێکیان پاش تەواو بونی قوتابخانە بۆ ھەرزەکار و لاوەکان نییە، ھەر بۆیە زۆربەی ئەو کار و کردەوە خراپانەی، کە لاوەکان ئەنجامی دەدەن لە کاتی بێکاری و نەبونی ھیچ بەرنامەیەک دایە.
بۆیە پێویستە دایک و باوک ببن بە مامۆستا، راھێنەر، پزیشک، ھاوکار و ھاورێی منداڵەکانی خۆیان. ھەوڵدان لە ڕێگای فێرکردنی کار و کردەوەی باش، ھاورێیەتی، میھرەبانی ، خۆشەویستی، راستگۆیی و ھاوکاری زیاتر لە ناخی منداڵ گەشە پێدەدات، ھەروەھا دەبێتە ھۆی ئەوەی منداڵ زیاتر لە رووی فکر و بیرەوە گەشە بکات، زەمینە لە ھەموو بوارێک بۆ منداڵ خۆش دەکات کە بتوانێت بەرەو پێش بچێت. ئەم شێوە پەروەردەیە منداڵ دەکات بە زەویەکی بە پیت، بەدوای تۆی گوڵێک دادەگەرێت کە گوڵستانێک دورست بکات.
ئەرکی دایک و باوک چاندنی درەختی زانایی، میھرەبانی و خۆشەویستیە لە ناخی منداڵەکانیان لە رێگای فێرکردنی کارو کردەوەی باش. نەک لێکۆلینەوە لە کار و کردەوەی خراپ.