پاش ئەوەی دۆناڵد ترامپیی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی لەسوریا دەرکرد، ئەمە بووەھۆی وروژاندنی کۆمەڵە پرسیارێک، ئایا چارەنوسی ئەو کوردانەی کە لەساڵی (٢٠١٤)ەوە لە سوریان و لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانیان لێ دەکرێت بەکوێ دەگات؟ ئایا ئەمە نابێتە ھۆی ئەوە جارێکی تر داعش زیندوو ببێتەوەو مەترسی دروست بکاتەوە بۆ سەرناوچەکە وەک لەڕابردوودا دروستیان کردبوو؟ ئایا ئەمە وەک رێکەوتنێکی ژێربەژێری لەگەڵ تورکیادا لەقەڵەم نادرێت، بۆ ئەوەی جارێکی تر تورکیا بەرەو ئەمریکا کێش بکرێتەوە و واز لەھاوپەیمانی روسیا و ئێران بھێنێت؟.
لەپاش ئەوەی کە داعش وەک ھێزێکی مەترسیدار لەسوریا سەریھەڵدا و توانی بەشێک لەخاکی سوریا کۆنترۆڵ بکات، پاشانیش پەلی ھاویشت بۆ ناو عێراق، پاش کۆنترۆڵکردنی موسڵ ،توانی دەست بەسەر ناوچە سوننیەکاندا بگرێت بەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر بەغدا دروست کردو ئەگەری ئەوەش ھەبوو کە ھێرش بەرەو بەغدا بکات، لەھەمان کاتدا مەترسی گەورەی بۆ سەر ھەولێریش دروست کرد.
لەم کاتەدا کە ئەمریکا بەھۆی مەترسیدار بوونی ئەم گروپە ھەستا بەڕابەرایەتی کردنی ھاوپەیمانیەتێکی نێودەوڵەتی لەعێراقدا، ھەرێمی کوردستانیش چووە پاڵ ھاوپەیمانیەتەکە و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان. رۆڵێکی کارایان بینی لەڕووبەڕووبوونەوەوی ئەم گروپە تیرۆرستییەدا.
لەسوریاشدا ئەمریکییەکان ئامادەییان ھەبوو پشتیوانییەکی لۆجیستی و سەربازی و مەعنەوی بوون لەپێناو ڕازیکردنی یەپەژە بۆ بەشداریکردن لەشەڕی دژ بە داعش، لەدوای ئەوە ھێزەکانی سوریای دیمۆکراتیان دروستکرد لەدەرەوەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بۆ ئەوەی بتوانن بەھێزێکی تۆکمەوە شەڕ دژی داعش بکەن، لەوکاتەوە ئەمریکا ھەموو جۆرە ھاوکاریکەی سیاسی و سەربازی و مەشق و ڕاھێنانی بەھێزەکانی سوریای دیموکرات یەپەژەکردو بەم ھۆیەشەوە ئەو ھێزانە توانیان بەشدارییەکی کاران ھەبێت لەناوبردنی داعش و گێڕانەوەی زەوییە داگیرکراوەکان، بەم ھۆیەوە ھێزەکانی سوریای دیموکرات توانیان دەستبگرن بەسەر نزیکەی (٣٠%)ی خاکی سوریا کە دەوڵەمەند بوو بە سامانی نەوت و ئاوو زەوی کشتوکاڵی بە پیت، لەھەمان کاتدا بوونە ھێزێکی کاریگەر لەسوریاو تەنانەت ئەو کۆنگرانەش کە بۆ چارەسەری کێشەی سوریا دەبەسران وەک ئاستاناو سوتشی و جنێف، ئەمریکا دەیکردە مەرج کە دەبێت بەشداری بکەن، یەپەدە لەو بروایەدابوو ئەگەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بەھێز بکات ئەمە دەبێتە ھۆی پاراستنی و لەئایندەی سوریاشدا رۆڵی کاریگەری دەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە کورد ھەموو پاڵپشتییەکی ئەمریکای کردووە چالاکانەش دژی داعش شەری کرد، بەڵام لەھەفتەی رابردووەوە پاش دەرکردنی بڕیاری پاشەکشەی ھێزەکانی ئەمریکا لەسوریا، کورد توشی شۆک بوون، چونکە لەئێستاوە ئیتر دەرگاکان بەڕووی کورددا داخراون و کەوتە نێو بارودۆخێکەوە کە ھیچ حسابێکی بۆ نەکردووە.
لەکاتێکدا کە کورد ھەموو ھێلکەکانی خستبووە سەبەتەی ئەمریکاوە و بوبوە ھاوپەیمانێکی سەرەکی لە گەڵیدا، ئەمەبووە ھۆی ئەوەی ببێتە جێگەی نیگەرانی رژێمی سوریا کە مەترسی ئەوەی ھەبوو ھەرێمێکی سەربەخۆ بۆ کوردەکان ھاوشێوەی ھەرێمی فیدراڵی کوردستانی عێراق دروست ببێت، ئێرانیەکان رایان لەگەڵ ئەمەدا نەبوون و وەک بەشێک لەپلان دژی ئێران و ھیلالی شیعی لە قەڵمیان دەدا، روسەکانیش بە گروپێکی فشاری ئمریکیان دەبینن بۆ تێکدانی پلانەکانیان ، تورکەکانیش وایان لەقەڵەم دەدان کە تەنانەت لەئایندەدا دەبنە مایەی تێکدانی باری ناوخۆی تورکیاو دروستکردنی ھەڕەشە لەسەر سنورەکان. بەتایبەتیش دوای ئەوەی لەمانگی دیسەمبەری (٢٠١٧) ئەمریکا ئەوەی ڕاگەیاند کە بەنیازی دروستکردنی ھێزێکی (٣٠) ھەزار کەسین لەیەپەژەو ھێزەکانی سوریای دیموکرات لەسەر سنورەکانی تورکیا.
تورکیا لەسەرەتاوە کەوتە بیری ئەوەی کە بەھەر نرخێک بووە ھەوڵ بدات پشتیوانیەکانی ئەمریکا بۆ یەپەدەو یەپەژە کۆتایی پێبھێنێت، چونکە تورکیا وا دەبینێت کە یەپەژە ھێزێکی تیرۆریستییە و درێژکراوەی پارتی کرێکارانە کە لەساڵی (١٩٩٤)وە تا ئێستا شەڕ دەکات دژی دەوڵەتی تورکیاو ئەمەش بووەتە ھۆی کوژرانی زیاتر لە (٤٠٠٠٠) کەس لەنێوان ھەردوولا.
لەدوای ئەوەی تورکیا ئەو ھێزانەی بە مەترسی راستەوخۆ لەقەڵەمدان، لەسەرەتای ئەمساڵدا توانی بەرازیکردنی ئەمریکا و روسەکان ھێرش بکاتە سەر شاری عەفرین و داگیری بکات، ھەتا ئەوکاتەی پەیوەندییەکانی ئەمریکاو تورکیا ئاڵۆز بوو، ئەمریکا رێگەی نەدا ھێرشی تر دژی یەپەدە ئەنجام بدرێت. بەڵام لەئێستادا کە پەیوەندیەکانیان ئاسایی بووەتەوە،ئەگەری ئەوە ھەیە کە ڕێکەوتنێک ھەبێت لە نێوان ھەردوو لادا بۆ پێشھاتە نوێیەکان ئەمەش بە بەڵَگەی ئەوەی کە لەپاش پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی نێوان ئۆردوگان و ترامپ گۆڕانکارییەکی خێرا لەسیاسەتەکانی ئەمریکا روویدا، پاش بڕیاری کشانەوەی لەسوریا گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیاش ھەڵکرد، کە دەتوانێت کۆنترۆڵی ناوچەکە بکات و لەئێستا بەدواوە خۆیان رووبەڕووی مەترسیەکانی داعش ببنەوە.
ئەم ھەنگاوەی ئەمریکا ئەوەشی لێ دەخوێندرێتەوە کە قۆناغێکی تازە بێتەئاراوە بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، چونکە ھەتا ئێستا نیگەرانیەکانی تورکیا بەرامبەر ئەمریکا بەھۆی ئەوەوە بووە کە ئەمریکیەکان پشتیوانیان لەیەپەدە کردەوەو رێگەیان نەداوە تورکیا ھێرش بکاتە سەر مەنبەج و رۆژھەڵاتی فورات، لەھەمان کاتدا ھاوکارییەکی باشی سەربازیان کردوون و سوپایەکی (٦٠٠٠٠) کەسی لێ دروست کردون ،بەڵام لەم کاتەدا کە ئەمریکا پاشەکشە دەکات، کوردەکان لەسوریا بێ پشت دەمێننەوەو جارێکی تر کورد دەبێتەوە قوربانی سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش ئەمریکا، مێژووی پەیوەندییەکانی کورد و ئەمریکاش پڕە لەم کارەساتانە. ھەر لە ئاشبەتاڵی (١٩٧٥) ھەتا ریفراندۆمی (٢٠١٧) پێشتریش روخانی شۆڕشی شێخ مەحمودو لەسەردەمی روسەکانیشدا لەسێدارەدانی قازی و روخانی کۆماری مەھاباد بەڵگەن.
لەئێستادا پەیەدە بەرەوڕووی ھەڵبژاردنی یەکێ لەم دوو سیناریۆیە دەبێتەوە ، یان دەبێت بەرەو دیمەشق ھەنگاو بنێت، کە ئەمەش دەبێت قوربانی بدەن بە بڕیاری مافی چارەی خۆنوسین و سەربەخۆیی سیاسی، یان دەبێت بکەونە باوەشی روسیاو ئێران، کە ئەوانیش ھەتا ئێستا ھەڵوێستێکی رونیان نیەو دواجار ھەر دەیانداتەوە دەستی سوریاو وەک کێشەیەکی ناوخۆی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، کە لەم رێگەیەوە دەتوانرێت لە ھێرشەکانی تورکیا پارێزراو بن و نیمچە گوشارێکیش لەسەر تورکیا دروست بکات کە نەتوانێت زیاتر پێگەی خۆی لەناو سوریادا قایم بکات و نەتوانێت بە ئاسانیش درێژە بە شەڕەکانی بدات دژ بە ھێزەکانی سوریای دیموکرات و یەپەگە.دواجار ھەردوو بژاردەکە بۆکورد زیانمەندن و قۆناغێکی سیاسی تر دەست پێدەکات کە ئایندەی رۆشن نیە .
عومەر عەلی محەمەد: