مرۆڤ ھەر کار و رەفتارێک کە دەیکات ئامانجێکی ھەیە، گەر ئامانجەکە بەرجەستە یان مەعنەوی بێت زۆرجار بێ ئەوەی خۆمان ھەستی پێبکەین دەرئەنجامی رەفتار و ئاکارەکانمان ئاڕاستەمان دەکەن و دواتر دەبێتە جێگەی سەرنجی خۆمان و چواردەورمان.
لە کوردستان زۆر ھاوارکرا کە بەشێک لە تیڤیەکان بوونەتە شوێنی ساغکردنەوەی کۆمەڵێک درامای بیانی کە تەواو نامۆیە بە دابونەریت و ئاکاری تاک و خێزان لە کۆمەڵگەی کوردیدا، زۆری نەبرد مۆبایل و ئینتەرنێت بە بەربڵاوی بەکارھات لەناو ئەم ژمارە زۆرەی بەکارھێنەردا بەشێکی زۆرمان بە ناھۆشیاری و نەبوونی زانیاری پێویست بەکاریان دەھێنین و ئێستا وردە وردە خەریکی دورینەوەی بەرھەمەکەیانین و رۆژانە گوێبیستی رووداوی تراژیدی وادەبین مرۆڤ پێویستە ھەڵوێستەی لەسەر بکات، بەڵام پێم وایە نابێت شۆک ببین چونکە دەرئەنجامە.
با روونتر بڵێین، کاتێک ئەم ھەموو خیانەتەی نێوان ھاوسەران دەبینین، یان ئەم ھەموو لادانەی نێوان منداڵ و مێرمنداڵ و گەنجان دەبینین، دەبێت پرسیاری ئەوەمان لە لا دروستببێت کە ئایا ھۆکارەکەی چییە؟
روونە کاتێک بەبێ ھیچ رێنماییەک، بەبێ ھیچ سانسۆرێک، مۆبایلێک بە ھێڵێکی بێسنورەوە دەخەیتە بەردەم مێرمنداڵێک کە تەنیا بە جەستە گەورە بووە و مێشکی گەشەی نەکردووە، ئەوا کارەساتی ھاوشێوەی رووداوی دەستدرێژیکردنە بە کۆمەڵەکەی سەر منداڵێک لە ھەولێر بەرھەم و دەرئەنجامەکەیەتی کە ئەمە دایک و باوک و پەروەردەکارانی منداڵ لێی بەرپرسن نەک خودی ئامێرێک کە پێی دەوترێت مۆبایل.
پێشتر کاتێک باوک منداڵەکانی دەگەڕانەوە ماڵەوە بێ خەم بوو لە دەرەوە چی روودەدات، ئێستا بێ ماندوبوون دەبێت ھەمیشە لەگەڵ منداڵەکەت بیت بزانیت کاتێک دێتەوە ماڵەوە ھەموو دنیات بێ سانسۆر خستووەتە بەردەستی چی دەکات، کاتێک کوڕێک داوای وێنە لە کچەکەت دەکات دەبێت خۆت پێشتر بۆت روون کردبێتەوە گەر دوایی وێنەکەی بڵاوکردەوە چی روودەدات، بەبێ ئەوەی ھیچت پێ وتبێت مافی توڕەبوونێکی ئاسایت نییە چ جای ئەوەی وا خۆت نیشانبدەیت کە سوکایەتی بە شەرەف و ناموست کراوە توندوتیژی بەرانبەر بەکاربھێنیت.
ئەوەی باسدەکرێت بۆ بابەتە توندوتیژیەکانیش ھەر راستە، لەو بارەیەوە دوو رووداو باس دەکەم:
یەکەمیان، ھاوڕێیەکم منداڵێکی حەوت ساڵی ھەیە پەیوەندییان پێوەکردم کە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن خەریکی دورینەوەی دەستین، پرسیم بۆ چی بووە؟ ھەموو وابیردەکەینەوە کە ئەم منداڵە بە چەقۆ خەریکی کارێک بووە و دەستی بڕیوە، نەخێر منداڵێکی تەمەن ھەشت ساڵان لە کۆڵان چەقۆی لێداوە.
دووەمیان، منداڵێک دەگەڕێتەوە ماڵەوە بە باوکی دەڵێت باوکە ١٠ ھەزار دینارم پێبدە، کاتێک باوک دەپرسێت بۆ چیتە کوڕم؟ دوای مشتومڕێکی زۆر، منداڵەکە دانی پێدادەنێت کە منداڵێکی لە خۆی گەورەتر داوای لێکردووە و ھەڕەشەی لێکردووە گەر ١٠ ھەزاری بۆ نەھێنێت، ئەوا دەیکوژێت.
ئێستا کاتی ئەوەیە خاڵێک لە ئەمڕۆوە دابنێین و گرێبەستێک لەگەڵ خودی خۆمان بکەین ماندوو نەبین. پڕۆسەی پەروەردە پڕۆسەیەکی درێژخایەنە و گەر وانەکەین تیکتۆک و دراماکان و دەیان ماڵپەڕ و کەناڵ لەبەردەستییەتی و بەبێ ئاگاداری خۆت بۆت پەروەردە دەکەن.