هەرچەندە لە کاتی هێرشەکانی تورکيا بۆ سەر ناوچەکانی ڕؤژئاوا زۆرێک لە ڕیکخراو و ميديا جيهانييەکان باسيان لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگیی دەکرد لەلايەن ئەنقەرەوە، بەڵام راپۆرتە نێودەوڵەتييەکان باسی ئەو بابەتەی تێدا نەکراوە.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕايگەياند، راپۆرتی لیژنەی سەربەخۆی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی، بەشێکی کەمە لە تاوانی جەنگی کە لەلايەن گروپە چەکدارەکانی تورکياوە لە دژی خەڵکی ڕۆژئاوا ئەنجامدراوە.
ڕاشيگەياند، پێويستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسيارێتی هەڵبگرێت سەبارەت بە تاوانی جەنگ لە عەفرين و سەرێ کانی و گرێ سپی، و هەنگاوی جدی بنێت لە دژی ئەو تاوانانە.
مەزڵوم کۆبانێ باسی لەوەشکرد، دەستيان بە لێکۆڵينەوە کردووە سەبارەت بەو دۆسیانەی هێزەکانيان تۆمەتبار دەکەن.
لەسەر ئەم بابەتەش پێشتر لیژنەی سەربەخۆی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە يەکگرتووەکان لە ١٤ی ئابدا ڕاپۆرتێکی لەبارەی لێکۆڵينەوەکانيان لە تاوانی جەنگ لەلايەن تورکياوە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە، کە لە ١١ی کانونی دووەمی ئەمساڵ تاکو ١ی تەموز ئەنجاميانداوە، تيايدا باس لە تاوانەکانی کوشتن و دەستدرێژی سێکسی و ئازاردانی جەستەی و دەرونی دەکات.
فەرماندەی گشتی هەسەدە وتيشی، ئەوەی لە ئێستادا جێگەی نيگەرانی هێزەکانی سوريای ديموکراتە، گرفتی كەمپی هۆلە كە خێزان و منداڵی چەكدارانی داعشی تێدا دەستبەسەرە و تا ئێستا زۆرێک لەو ٨٤ وڵاتەی هاوڵاتيیان لە کەمپەکەدايە ڕەتيانکردووەتەوە بەندکراوەکانيان
وەربگرنەوە، ئەوەش لەکاتێکدايە ڕێکخراوە نێودەوڵەتييەکان هاوکارييە مرۆييەکانيان بۆ ناوچەکە کەمکردووەتەوە.
لەلايەکی ديکەوە تورکیا توڕەیە لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی نێوان فەرماندەکانی هەسەدە و نوێنەری نەتەوە يەکگرتووەکان، لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردوە، ڤێرجينا گامبا نوێنەری تايبەتی نەتەوەيەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان و ململانێ چەکدارييەکان، لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ کۆبووەتەوە و ئەوەش جێگەی نيگەرانی تورکیایە.
راشيگەياند، ئەم هەڵسوکەوتە لادانە لە بنەماکانی نەتەوە يەکگرتووەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تيرۆر، داواشی کرد دەستبەجێ هەنگاوی پێويست بگرنەبەر سەبارەت بە کۆبونەوەکە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کردووە، لە ماوەی ٣٠ ساڵ شەڕکردنيان لە دژی پەکەکە، ئەمريکا و نەتەوە يەکگرتووەکان بەرپرسيارن لە گيان لەدەستدانی ٤٠ هەزار کەس.
مانگی تشرينی يەکەمی ساڵی ڕابردوو تورکيا بە بيانوی دروستکردنی ناوچەی ئارام، ئۆپراسيۆنێکی بۆ سەر ناوچە سنورييەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا و تيايدا ژمارەيەکی زۆر هاوڵاتی گيانيان لەدەستدا و بەشێکی تريشيان بێ ماڵ و حاڵ بوون و ئاوارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری سوريا بوون.