رەنگە سادەترین پێناسەی رای گشتی ئەوە بێت کە کۆسەرنجی تاکەکانی کۆمەڵگایە لەسەر پرس و رووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکان. رای گشتی دەتوانێت ھەڵوێست لەسەر پرسێک وەربگرێت و بە دروستکردنی فشار لەسەر لایەنی پەیوەندیدار بەو پرسە ئاقاری ئاکامەکانی پرسەکە بگۆڕێت. ھەندێکجار رای گشتی توانیویەتی دەستکاریی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی دەوڵەت بکات و لە چوارچێوەی چاکسازیدا دۆخی کۆمەڵگا تەکانێک بەرەو پێش ببات، بەڵام ئەمە سروشتێکی جێگیر و ھەمیشەیی رای گشتی نییە، بەپێچەوانەوە رای گشتی زۆرجار بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی ھەندێک پرسی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و بۆ بەدیھێنانی ھەندێک مەرام ئاڕاستەکراوە. رەنگە بەردەستترین نموونەی ئاڕاستەکردنی رای گشتی؛ سەروەختی دەنگدان بێت، کاتێک ھەر لایەنێک بۆ مەرامی خۆی لە رێی سەرچاوەکانی گەیاندنی زانیاری و بەخشینی زانینەوە (وەک میدیا) گوتاری خۆی بەرەو کۆمەڵگا شۆڕدەکاتەوە. سەرچاوەی دروستبوونی رای گشتی ھۆشیارییە، ئەی چی روودەدات ئەگەر ئەو ھۆشیارییەی بە کۆمەڵگا دەگات ھۆشیارییەکی ساختە بێت؟ ئەمڕۆ میدیا و سۆشیاڵ میدیا بوونەتە دوو سەرچاوەی گەورەی بەخشینی زانیاری و پەیوەندیگرتن کە دەسەڵات ھەندێکجار لە رێگەیانەوە بە بەخشینەوەی ھۆشیارییەکی ساختە و درۆزنانە بە نەرمی ژەھری خۆی بەنێو کۆمەڵگادا دەڕێژێت و رای گشتی پێ ئاڕاستە دەکات.
ئەمڕۆ لە کوردستان ڕووبەڕووی دۆخێکی ھاوشێوە دەبینەوە، دەسەڵاتی کوردی لە رێی میدیاکانی خۆیەوە، لەسەر ئەو پرسانەی خۆی مەبەستیەتی زەقیان بکاتەوە، رای گشتی بۆ مەرامی خۆی ئاڕاستە دەکات. نزیکترین نموونە؛ دوو رووداوی دەستدرێژیی سێکسی بوو بۆ سەر دوو مێیینەی بێدەسەڵات: یەکیان کچە منداڵەکەی ھەولێر بوو کە لە لایەن پیاوانی دەسەڵاتەوە دەستدرێژیی کرابووەسەر، ئەوی دیکەیان ژنە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەی پردێ بوو کە لە لایەن چەند پیاوێکی غەیرە کوردەوە دەستدرێژیی کرابووەسەر. یەکەمیان لە پایتەختی دەسەڵاتی کوردیدا روویدا و لەسەر دەستی پیاوانی دەسەڵات بوو، دەستدرێژییەکی ھەروا سادەش نەبوو، دەستدرێژیی بوو بۆ سەر منداڵێک! بەڵام میدیاکانی دەسەڵات و زمانحاڵەکانی پارتی نەک تەنھا باسیان نەکرد، بەڵکو بە ڕێگای زەقکردنەوەی بابەتی تر ئەو کارەساتەیان شاردەوە. دووەمیان لە پردێ و لەسەر دەستی کۆمەڵێک پیاوی دڕندەی تر روویدا، لەو ناوچەی کە دەسەڵاتی کوردی ھاودەم لەگەڵ چەندین ناوچەی سنووری دیکەدا بە یەک واژوو چۆڵیکردن و ژیان و کەرامەتی خەڵکەکەی خستە مەترسی گەورەوە، کەچی ئێستا بۆ وەھا رووداوێکی کارەساتبار شیوەنی درۆزنانەی بۆ دەکات و لە رێی میدیاکانیەوە بۆ مەرامی سیاسی خۆی زەقیدەکاتەوە و رای گشتی پێ ئاڕاستە دەکات.
ھەردوو ڕووداوەکە ڕووداوی کارەساتبار و ناخھەژێنن، کەچی دەسەڵات دووڕووانە یەکەمیان کە لە سنووری قەڵەمڕەویی خۆیدایە و لەسەر دەستی پیاوانی خۆی ئەنجامدراوە دەشارێتەوە و پەردەپۆشدەکات، لە کاتێکدا دووەمیان کە لە سنووری قەڵەمڕەویی خاکە فرۆشراوەکانیدایە زەقدەکاتەوە و رای گشتی پێدەوروژێنێت.
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو؛ دووبارەبوونەوەی ھەمان زیھنیەتی بەشەرەفبینینی ژن بوو لە لایەن مەسعود بارزانیی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، کاتێک دەربارەی دەستدرێژییەکەی پردێ وتی: “ئەم دەستدرێژییە شکاندنی کەرامەتی ھەموو کوردە”. ھەوڵی بەسیاسیکردنی ئەم دەستدرێژییە لە لایەن پارتییەوە لە کاتێکدایە کە لە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە توندوتیژییەکان بەردەوامییان ھەیە و بە شێوازی جیاواز لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە بێڕێزی بە مرۆڤ و بەتایبەتتر بە ژنان دەکرێت، کەم ڕۆژ ھەیە کارەساتی لەو جۆرە ڕوونەدەن، بەڵام لەپشت پەردە دەمێننەوە و چاوپۆشییان لێدەکرێت.
لەبەر ڕۆشنایی کۆی بابەتەکەدا، بەتایبەت دێینە سەر باسی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ھەرێمی کوردستان، گەر لەم زەمەنەی ئێستای ھەرێم بڕوانین؛ راستیی داروخانی گەلێک و کۆمەڵگایەک لە خێزانەکانەوە بۆ دامودەزگاکان و ڕێکخستنی گشتی ئەم کۆمەڵگایە لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دەبینین. زیاتر بە دەروونی مرۆڤی ئەم کۆمەڵگایانەدا شۆڕبینەوە؛ بۆمان دەردەکەوێت کە بەردەوام مرۆڤێکی دەروون شێواو و نەخۆشی “شەرەف” بەرھەم دێت، مرۆڤێک کە ئەقڵی بڕیاردانی تێدا ئامادە نییە و تەنھا خاوەنی ئەقڵێکی ئامێرییە و بە پێی خواستی دەوروبەر و گروپ و کۆمەڵگا رەفتار دەکات. مرۆڤێک ھەمیشە بە پێی خواستی ئەندامانی کۆمەڵگا کاردانەوەی دەبێت، کۆمەڵگایەکی پیاوسالارانەی دژە ژن. ئەم جۆرە زیھنیەتە لە باشووری کوردستاندا لە سیاسەتدا ڕەنگی داوەتەوە و کۆمەڵگای پێ بەڕێوەدەبرێت.
زیندووترین نموونە لە کۆمەڵگای کوردیدا، کە مێژوویەکی دوورودرێژی ھەیە؛ کوشتنی ژنان و کچان و بەکارھێنانی توندوتیژییە بەرامبەریان بە ھۆکاری لادان لەو ئەقڵیەت و سنوورە دینی و کولتووریانەی کە لە لایەن ئەندامەکانییەوە جۆرە پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی لەسەر مۆرکراوە. لادان لەو سنوورانە؛ دانانی نیشانەی پرسیارە لەسەر شەرەفی ئەندامانی پەیوەندیدار بە کارەکتەری مێینەوە. بۆیە لە بنەڕەتەوە کاتێک ژنێک دەکوژرێت یاخود لێی دەدرێت؛ کەمتر پەیوەندی بە ناوەوەی بونیادی کەسی ئەنجامدەرەوە ھەیە، بەڵکو پەیوەندی بە ڕازیکردنی مرۆڤەکانی دەوروبەرەوە ھەیە، بە ئامانجی پاراستی ئەو شەرەفەیە کە لە لایەن کۆمەڵگاوە پێیبەخشراوە.
ئێستەش وا قۆناغێکی تری مێژووی ئەم “شەرەفداری” و “نەخۆشی شەرەف”ە دەنووسرێتەوە، کە سیاسەتی حیزبی لە عەقڵی خێڵەوە چەمکی شەرەف دەخوازێت و بۆ ململانێ و کێشمەکێشەکانی خۆی و ساختەکردنی ھۆشیاریی جەماوەر و ئاڕاستەکردنی بەپێی نەخشەی دانراو بەکاریدەھێنێت. ئیتر دیسان ژن شەرەفی خێڵە، لەسەر ئاستێکی نەتەوەیی، ئەمەش راگەیاندنی دەسەڵاتی “زۆن”ێک دەیکات، تەنھا بۆ بەڕێوەبردنی کێشمەکێشی نا-مۆڕاڵی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی زۆنێکی تر، و بۆ زەقکردنەوەی کێشە و ناسۆرەکانی ئەو زۆنە، و شاردنەوەی ئەوانەی زۆنی خۆی.