لێدوانێك لە لیژنەی كاری هاوبەش لە بارەی دەستدرێژییەكانی توركیا..
لە كاتێک كە جیهان لە گەڵ مەترسییەكان و لێكەوتە ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا COVID19 بەرەو ڕووە، ڕژێمی داگیركەری توركیا، دەستی لە دەستدرێژكاری بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەڵنەگرتووە، بێ سڵەمینەوە بە فڕۆكە بۆردومانی ناوچە سنووریەكان و كەمپی مەخمور دەكاو هاوڵاتیان شەهید و برینداردەكات . هاوكات گرژی سیاسی و شەڕی ڕاگەیاندنی راستەوخۆ و ناراستەو لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی كوردستان لە زیادبوون دایە، كە ئەگەر پێشی پێ نەگیرێ ، ئاكامی مەترسیداری لێ دەكەوێتەوە و ئەمەش هۆكارێكە بۆ دەستوەردانی زیاتری وڵاتانی داگیركار بۆسەر هەرێمی كوردستان .
ئێمە لە لیژنەی كاری هاوبەشی سێ لایەنی كوردستانی وێڕای مەحكوم كردنی دەستدرێژكاری توركیا بۆ سەر باشووری كوردستان ، پێمانوایە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پیلانگێڕی و سیاسەتی داگیركاری دەوڵەتە داگیركارەكانی كوردستان لە ئێستا و لە داهاتوو پێویستمان بە هەبوونی ستراتیژێكی هاوبەشی كوردستانی هەیە.
هەروەك لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریی نیشتمانی ، بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان ، داخوازی لە هێزە كوردستانییەكان دەكەین، لە ڕێگەی دیالۆگەوە كێشەكان چارەسەر بكەن و رەچاوی دۆخی هەستیاری باشووری کوردستان بکەن و هەموو تواناكان تەرخان بكرێ بۆ دەربازكردنی گەلەكەمان لەو دۆخە دژوارەدا.
لیژنەی كاری هاوبەشی
– حزبی شیوعی كوردستان.
– بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان.
– حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان.
16ی نیسانی 2020