ژنان داینەمۆی تیکۆشان و خەباتن لە پێناو ئازادی و یەکسانی
یەکسان وئازادیخوازان..
بەبۆنەی هەشتی مارس رۆژی جیهانی ژنان، پیرۆزباییەکی گەرم لەژنانی جیهان بەگشتی و ژنانی کوردستان بە تایبەتی دەکەین ، ئومید دەکەین ئەو بۆنە پیرۆزە هاندەر بێت بۆ موکڕ بوون لەخەبات و پێداگری لەبەدیهێنانی مافەکانی ژنان لە ئازادی و یەکسانی لە نێو کۆمەڵگا. بەرێزان.. یادی هەشتی مارس بۆنەیەکە تێیدا دووپاتی کارکردن لە پێناو نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزیو تێکشاندنی سەرجەم ئەو بەربەستانەی دێنە بەردەم تێکۆشانی یەکسانیخوازانەی ژنان دەکەینەوە. ژنانی تێکۆشەر..ئەمڕۆ لە جیهاندا وێڕای ئەو هەموو پێشکەوتنانەی مرۆڤایەتی بەدەستی هێناوە و رۆژ بە رۆژیش لە پەرەسەندن دایە، بەڵام هێشتا پرسی نابەرابەری و بێ مافی ژنان بە بیانووی جۆراوجۆر بوونی هەیە. لەسایەی سیستمی سەرمایەداریو ئەو نەزمە تازەیەی دنیا بەرێوە دەبات، خەریکە مرۆڤەکان وەک رۆبۆت مامەڵەیان لەگەڵ دەکڕێت، لەوەشدا ژنان پشکی هەرە زۆری ئەو نابەرابەریەیان بەردەکەوێ، کەمی هەلی کار و دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران بەهۆی بە ئەلکترۆنیکردنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان، ژنانی ناچاری کاری قورسو ناشایستە کردۆتەوە. لە کۆمەلگای ئێمەش، وێڕای ئەو گرفتە جیهانیانەی سەرەوە، دیاردەی ژنکوژی و بەسووک سەیرکردنی ژنان لەژێر پەردەی مەزهەبی و ئاینی و سوکایەتیکردن بە چالاکوانانی بواری یەکسانخوازی، قۆستنەوەی مینبەری مزگەوتو بەشێک لە راگەیاندنەکان بۆ دژایەتی ژنان، ئەرکی ژنانی لەم قۆناغەدا سەختترکردووە. سەرباری بوونی ئەو دیاردە نیگەتیڤانەش، بزوتنەوەی ژنان بەردەوامەو لەپەرەسەندندایە، وشیاری سیاسیی و مەدەنی ژنانو چەندین حزبو رێکخراوی پێشکەوتوخواز بۆ چەسپاندنی یەکسانی جێندەریو نەهێشتنی پیاوسالاری لە گەشەکردن و بەرەوەپێشچوون دایە.
ئازادیخوازان یەکێک لە گرفتە هەرە بەئازارەکانی ژنانی کوردستان، گرفتی ژنانی ئێزدییە، لەدوای ئەو کارەسەتەی بەدەستی تیرۆریستان دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراقو شام بە سەریان هات، بەشێکیان دەستدرێژی سێکسیان کرایە سەرو بەناوی کەنیزەک کڕینو فرۆشتنیان پێکرا، بەوەش رووبەڕوی دۆخێکی کۆمەڵایەتیو دەروونیو یەکجار ناخۆش بۆنەوەو رۆژ بەرۆژیش ئاسەوارە نێگەتیڤەکانی ئەو دۆخە لەسەریان زیاتر دەبێت، بە تایبەتیش ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی ئەو دۆخە هاتوونەتە دنیاوە، کە تائێستا پاشەرۆژیان نادیارە، بۆیە ئێمە سەرباری پشتیوانی تەواومان لە کەیسی هەستیاری ژنانی ئێزیدی، لەلایەنە پەیوەندارەکان داواکارین ئەو کەیسانە بەجدی وەربگرن، هەرچی زووە لەلایەنی ئۆلیو یاساییەوە چارەسەریان بکەن. لەسەر ئاستی جیهان لە نێو کاروانی تیکۆشانی ژناندا ، ژنی کورد توانیویەتی جێگای دیاری خۆی لەو تێکۆشانە بگرێت، لە پاڵ تێکۆشان بۆ بەدەستهینانی مافە نەتەوەیەکانو رووبەرووبونەوەی داگیرکەران، ژنی کورد هەرگیز لەخەباتە مەدەنیەکانی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان دانەبڕاوە، بگرە لە چەند ساڵی شەڕی رووبەڕوبوونەوەی تیرۆرستانی داعش ژنانی کورد بوونە سونبولی ئازدی و یەکسانی کە هەموو جیهان شانازیان پێوەبکات.
لە ناو ئەو دۆخە خراپو ناتەندروستەدا، هێزە چەپەکانی کوردستان لەروانگەی پڕەنسیپ و باوەڕەکانیان وەک هیزی یەکسانیخواز و پێشکەوتنخواز بەئەرکی خۆیان دەزانن لە ریزی پێشەوەی پرسی ژنان بنو ئەو بابەتە بکەنە کارنامەی تیکۆشانی خۆیان، برەوی زیاتر بەخەباتی ژنان بدەن و پێشەنگی ئەو تێکۆشانە بن، تا ئەو رۆژەی ژنان بە تەواوی مافە مەدەنی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆیان دەگەن. سڵاو لە تێکۆشانی ژنان.
وەفادارین بەرامبەر خوێنی ئەو ژنانەی لە پێناوی ئازادی گیانیان بەختکرد.
بەرزو پیرۆز بێت ٨ مارس رۆژی جیهانی ژنان.
پارتی كۆمۆنیستی كوردستان/باكور
حزبی شیوعی كوردستان
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
پارتی كۆمۆنیستی كوردستان/رۆژئاوا
پارتی سۆسیالیستی كوردستان/باكور
كۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران.