لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا بۆكەس قسەی نەكرد ؟

بۆكەس قسەی نەكرد ؟

0 تێبینییەکان 18 بینینەکان
زیرەك كەمال:zirak-kamal

نیسلون ماندیلای گەورە پیاوی ئاشتیخوازی جیهان 27 ساڵی تەمەنی لەپشت دیوارە تاریكەكانی زیندان بەسەربرد, بەڵام چونكە پیاوێكی لێبوردە بوو, بەمانای وشە لەگەورەیی مرۆڤ تێگەیشتبوو. كە ئازادكرا یەكەم كاری ئەنجامیدا, ئەو پیاوەی بەفەرمی داوەتی ماڵەوەی خۆی كرد،  كەبەڕێوەبەری زیندانەكە بوو, پیاوێكی قامچی بەدەست‌و دڵڕەق, كە لە (ماندێلا)یان پرسی چۆن كاری وادەكەی؟ گوتی” بیرتان نەچێت ئەویش مرۆڤە” منیش بڕوام بەوە هەیە كەمرۆڤی كراوە‌و رۆشنگەرو دیموكراسیخواز, چەند خەبات لەپێناوی بەرزراگرتنی نرخ‌و بەهاكانی مرۆڤ‌و مافی مرۆڤ‌و ئازادكردنەوەی جومگەو كایەكانی كۆمەڵگە دەكات,  پێویستە ئەوەندەش كاریگەری لەسەر فیكری دۆگماو چەقبەبەستوو هەبێت.  واتا بەتەنها ئەوەندە بەس نییە, كەمرۆڤ تێكۆشەرو خەباتكارێكی رێگای دیموكراسی‌و رۆشنگەری بێت,  بەڵكو لەوە گرنگتر ئەوەیە هەڵگرانی فیكری دۆگماو تووندڕەویش فێری كرانەوە‌و لێبووردەیی‌و هێنانیان بۆنێو دنیای دیالۆگ‌و دیموكراسییەت بكات. بڕواشم بەوە هەیە هەموو ئەوانەی ناتوانن, بەزمانێكی عەقڵانی‌و پاراو لەسەر بنەمای رێزگرتن لەبیروڕای جیاواز گفتوگۆ بكەن,  كۆیلەی زمانن‌و موڵكی خۆیان نین. ئاخر بەشی هەرە زۆری فیكرو كارە  توندووتیژییەكانی (داعش) لەو ژێرخانە فكرییە سەرچاوەی گرتووە, كەناتوانێت بیروڕای جیاوازو ژیان لەفرەڕەنگی قبووڵ بكات.  بۆیەش ئەو هەراو نووسین‌و لێدوانی پڕ لەزمانی زبرو تووندوتیژییانەی كەدوای لێدوانەكانی د. عەبدولواحید لەسەر پێشمەرگەو ئاڵاو خاك‌و كوردستان‌و وتارەكەی كاك مەلا بەختیار لەسەر كۆمەڵێك پرسی فیكری‌و ئایینی‌و كۆمەڵناسی، ئاگری لەسەر پشتی فەیسبووك‌و سایت‌و رۆژنامەكان كردەوە, ناچێتە خانەی فیكری كرانەوە‌و دیالۆگ‌و تازەگەری. راستە جیاوازییەكی قووڵ لەنێوان د. عەبدولواحید‌و مەلابەختیار هەیە, بەڵام هەردووكیان خاوەن راو بیركردنەوە‌و قەناعەتی فیكری‌و سیاسی‌و فەلسەفی خۆیانن.  من رێزم بۆ د. عەبدولواحید لەو بوارەدا هەیە, كەئەوەی لەدڵ‌و ناخیدایە دەریدەبڕێت‌و نایشارێتەوە. دڵنیاشم ئەگەر وردتر لەماناكانی ئاڵاو پێشمەرگە‌و نیشتمان وردبێتەوە لەداهاتوویەكی نزیكدا گۆڕانكارییەكی ئیجابی لەرەوتی بیركردنەوەی دێتە ئاراوە,  بەڵام  لەدڵیشەوە عادزو خەمبارم بەرامبەر ئەو هەموو هێرش‌و پەلامارەی كرایە سەر كاك مەلا بەختیارو بگرە خودی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بەو بیانووە كرایە ئامانج. بەداخەوە زوڵمێكی گەورەیان لەمەلا بەختیار كرد,  كە نەدەبووایە نووسەرو رۆشنگەرو هەموو ئەوانەی بەتەنگ نوێبوونەوەی كایەكانی كۆمەڵگەن،  مەلا بەختیار بەتەنها جێبهێڵن. ئێمە خاوەنی كۆمەڵێك عەقڵی جوانی ئایینین, كەسایەتی ئایینی كراوە‌و رۆشنگەرمان زۆرە, گلەییم لەوانیشە، نەدەبووایە بێدەنگ بن لەوانەی بەناوی ئایین خوێنی مەلا بەختیاریان كردە كاسە.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە