لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا ئەنفالی دیوار نشینان

ئەنفالی دیوار نشینان

0 تێبینییەکان 12 بینینەکان

شۆڕش خالید ئاژگەیی
ئەگێڕنەوە ئەلێن لایەنە پەیوەندیدارە سیاسیەکانی هەرێم‌و لێژنە جۆراوجۆرەکانی بەرەنگاربوونەوەو دژایەتی (دەست پاکی!)و ڕاوەدونان‌و دەرپەڕاندن‌و شاربەدەرکردنی دەست پاکەکان‌و کۆمیتەکانی نان بڕین‌و نان ڕفێن (نان ڕفاندن) نان سڕین (سڕکردن)و برسیکردن‌و کۆگاکانی دابەشکردنی بەشە خۆراکی دۆخە نائاسایی‌و نایاسایی‌و هەلومەرجە تەنگەتاویەکان، سەرقاڵی دۆزینەوەی جۆرە دەرمانێکن (دژە نەخۆشی)، تا کو لەرێگەی دابەشکردنی بەسەر ناوەندەکانی گەندەڵی‌و بێدادی‌و جیاکاری‌و فرت‌و فێڵ‌و (ببەو مەهێنەوە)وە، چارەسەرێکی بنەڕەتی، ڕیشەیی‌و ڕادیکاڵی بۆ پرسی کوشندەی خەو زڕێنی گەندەڵی‌و تەفرو توونا کردنی سامانی گشتی بدۆزنەوە.

چونکە بەداخ‌و پەژارەیەکی گران‌و دڵێکی پڕ لەئاه و حەسرەت و خوێناویەوە، ئەزمونی ساڵانی ڕابردوو داتاکانی (وەزارەتی ئامارو سەرژمێری نائاسایی!!!)، سەلماندوویانە، هیچ کام لەپڕۆژەو پاکێجەکانی چارەسەرکردنی گەندەڵی‌و کۆبوونەوە قۆڵ قۆڵێنەکانی لایەنە سیاسیەکان لەڕابردودا نەیانتوانی چارەسەری ئەم دەردە ئابوریە کۆمەڵایەتیە کوشندە ماڵوێرانکەرە بکەن، کەوا بە شاهیدی دۆست ونەیار، پالە وجوتیار، بۆتە جێی سەرسووڕمانی پزیشکان، توێژەرەوان، پسپۆڕان‌و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی پزیشکی و دەرمان سازی و تەنانەت ئابوریناسیش لەئاستی جیهاندا.

جێی وەبیر هێنانەوەیە ئەم ناوەندانە پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ئەم ڕاستیەیان خستبووە ڕوو کەوا گەندەڵی بە داروکوتەک و دەمارگیری و مست و پێلاقە و زەبروزەنگ و تووندوو تیژی و قامچی و تێهەڵدان و شاپ شاپێن و بینە بەردە و دەمەقاڵێوە، ناهێتە چارەسەرکردن، بەڵکو ئەم حاڵەتە دیاردەیەکی قێزەوەنی کۆمەڵایەتیە و تا ڕادەیەکی بەرچاو پەیوەندی بە هەڵوێست و مۆڕاڵ و ناخ وباری دەروونی و دۆخی سایکۆلۆژی و لایەنە کولتوری و ئایینیەکانەوە هەیە و دەکرێ تاوو لەرزی گەندەڵی لە رێگەی یاساو ڕێساوە ( کەم) بکرێتەوە، نەك ( بنەبڕ) بکرێت.

شامی شەریف بەڕێوەیە!!!
دوا هەنگاوی جدیش لە بواری قەڵاچۆکردنی گەندەڵی و تەفرووتوناکردنی ئاسەوارە نەرێنیەکانی و دەستگیرکردنی گەندەڵکارانی بێ ویژدان و تێرنەخۆر و چاوچنۆک و پەلکیش کردنیان بۆ بەردەم دادگاکان و سووک و ڕیسوا کردنیان لەبەردەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دەست بەسەرا گرتنی موڵک و ماڵی گشتیی بە ناحەق براو و خوراو رفێنراوو داگیرکراوەوە، دەست پێکردنی پڕۆسەی ئەنفالی خانەنشینە ( گوایە) نایاسایی و نائاساییە کانە.

چونکە ئەم توێژە ساڵەهای ساڵە، سەرەڕای رووخاندنی زۆربەی هەرە زۆری دیوارە کۆنکرێتیەکانی نێوان بەرپرسان و جەماوەرەوە!!!، سەرقاڵی تەراتێنن لە بن دیوارەوە بۆ سەر دیوار، لە سەر دیوارەوە بۆ سەربان و لەوێشەوە دیسان بۆ بن دیوارەوە و بە داخەوە تا کو ئێستا وێڕای هەوڵ و ماندوو بوون و شەونخوونی تفت و تاڵ و تاقەت پڕۆکێنی لایەنە دڵسۆزە( پەیوەندی دار بەدەستەکان) و گیان لە دەست دانی زۆرێک لە ئەندامانی تیمەکانی بەرەنگار بوونەوەی گەندەڵی و تیمەکانی دژە چاوچارکێن و خۆ شاردنەوە، بە هۆی نەبوونی کارەبای نیشتیمانی و شەوە تاریکەکانەوە، نەتوانراوە دەستگیر بکرێن و بخرێنە زیندانەوە….بەڵام شوکر ئەم جارە دوا هەناسە و برستیان لێ دەبڕن و ناچاریان دەکەن بە ئاهی سارد و چاوی پڕ لەگریانەوە بەدیار هەواڵە بە پەلەکانی دابەش کردنی موچە مەجازیە لە دەست چووە کەوە دابنیشن.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە