خوێندنی ناحکومی وەزارەتی پەروەردە، بە ھاوکار و یارمەتیدەری خوێندنی حکومی دادەنرێت لە ھەرێمی کوردستان، ئەویش لە پێناو پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی لە خزمەتگوزاری خوێندنی حکومیدا دروست بوون بەھۆی گەشەسەندنی ھەرێم و بوونی خواست لەسەر خوێندنی جۆراوجۆر لەلایەن ھاوڵاتیانەوە. خۆشبەختانە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە گرنگی ئەم کەرتە تێگەیشتووە و پەرلەمانی کوردستان ئەم جۆرە خوێندنەی بە یاسای ژمارە (١٤)ی ساڵی (٢٠١٢) رێکخستووە، ھەروەھا وەزارەتی پەروەردەش رێنمایی پێویستی بۆ دەرکردوە. لەئێستادا وەزارەتی پەروەردە کار بە یاسای ناوبراو و رێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١٦) دەکات، کە لەسەر بنەمای راسپاردەکانی دوایین گۆنگرەی پەروەردەیی ساڵی (٢٠١٥) داڕێژراوە. رێنمایی ناوبراو لە ژمارە (٢٠٠)ی ساڵی شازدەیەمی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان لە رێکەوتی (٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٦) بڵاوکراوەتەوە.
سەرەڕای لایەنە گەشەکانی خوێندنی ناحکومی، بەڵام ئەم جۆرە خوێندنە بەدەرنیە لە کەموکوڕی زەق و گەورە، کە پێویستییان بە چارەسەری دەستبەجێ ھەیە بۆئەوەی ئەم کەرتەی پەروەردەش لەڕێی راستەقینەی خۆی لانەدات و دواتر نەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت. بەھۆی ئەزمونی کارکردنم لە خوێندنی ناحکومی، وەک بەڕێوەبەری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، لە وەزارەتی پەروەردە بۆماوەی ساڵێک و ١٠ مانگ، دەتوانم ئەم خاڵانەی خوارەوە وەک ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەرەوپێشچوونی خوێندنی ناحکومی دیاری بکەم:
١- لاوازی جێ بەجێکردنی یاسا و رێنماییەکانی لەلایەن باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان.
لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەک لە باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان پابەندن بە جێ بەجێکردنی یاسا و رێنماییەکان، بەڵام جێگای داخە ژمارەیەکی بەرچاو یاسا و رێنماییەکان جێ بەجێ ناکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بێ دەسەڵاتن لە سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا لەسەر ئەو دامەزراوە پەروەردەییانە. جاربەجارھەندێک باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە سزا دراون، بەڵام ئەو سزایانە ھێندەی سەرپێچییە زۆرەکانی ئەم کەرتە نین. بۆچارەسەری ئەم حاڵەتانە ھەبوونی دەزگای چاودێری و جێبەجێکاری ئەم گرفتە چارەسەر دەکات.
٢- کەمی ژمارەی سەرپەرشتیاران بۆ سەرپەرشتیکردنی کار و ئاستی ئەو باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەیانە.
سەرپەرشتیاران، ھاوشێوەی قوتابخانە حکومییەکان دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان ھەڵدەسەنگێنن و سەرپەرشتییان دەکەن، بەڵام بەھۆی کەمی ژمارەی سەرپەرشتیاران ناتوانرێت بەباشی کاری سەرپەرشتیاری ئەنجام بدرێت و کواڵێتی خوێندنی ئەم باخچە و قوتابخانانە ھەڵبسەنگێنرێت. ھەبوونی دامەزراوەی سەرپەرشتیاری و ھەڵسەنگاندنی بێ لایەن ئەم دۆخە چارەسەر دەکات.
٣- نەگونجاوی باڵەخانەی ھەندێک لەو باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەیانە و لاوازی ژینگەی فێرکردن.
زۆربەی باخچە و قوتابخانە ناحکومییەکان لە باڵەخانە و خانووی کرێدان کە بۆ کاری پەروەردەیی دروست نەکراون، بەڵکو بۆ مەبەستی بازرگانی دروست کراون و دوای کەمێک دەستکاری، کراون بە باخچە و قوتابخانە. بێ گومان ئەم جۆرە باڵەخانە و خانووانە بۆ خوێندن ناشێن و ژینگەی پەروەردەیی دروستیان نیە، ھاوکات لە دوورمەودادا کرداری فێربوونی سەرکەوتوو روونادات. چارەسەری ئەم حاڵەتە بەئەوە دەبێت، ھەرکەسێک کە داوای مۆڵەتی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەی ناحکومی دەکات، بکرێتە مەرج بەوەی خاوەنی باڵەخانەی تایبەتی پەروەردەیی بێت پاشان رێگەپێدان و مۆڵەتی پێ بدرێت.
٤- جیاوازی کرێی خوێندن و خزمەتگوزارییەکان.
جگە لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان، زۆربەی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان ھەمان سیستەم و پڕۆگرام و خزمەتگوزارییەکانی ھاوشێوەی قوتابخانە حکومییەکان پێشکەش دەکەن، بەڵام کرێی خوێندن و کواڵێتیان جیاوازە و نازانرێت ھۆکاری ئەو جیاوازیانە لەسەر چ بنەمایەکە. ھەربۆیە پێویستە وەزارەتی پەروەردە پۆلێنی ئەو قوتابخانانە بکات و لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری خوێندن و پەروەردەیی و خزمەتگوزارییەکانی تر نرخ و کرێیەکان بچەسپێنێت.
٥- جیاوازی سیستەم و پڕۆگرامی خوێندن و ئەزموونەکان لە خوێندنی ناحکومی.
ھەندێک لەو باخچە و قوتابخانانەی وەک نێودەوڵەتی مۆڵەتی وەزارەتیان ھەیە، سیستەمی خوێندن و پڕۆگرام و شێوازی ئەزموون و تاقیکردنەوەیان جیاوازە. ھەروەھا زۆربەی باخچە و قوتابخانە خۆماڵییەکان کە خوێندنیان بە زمانی ئینگلیزیە، ھەندێک بابەتی زێدەکی دەخوێنن و پڕۆگرامی فەرمی وەزارەتی پەروەردەیان فەرامۆش کردووە، بەتایبەتی بۆ بابەتەکانی زمانی ئینگلیزی و بیرکاری و زانستەکان. تا ئێستا دیارنیە ئەم جیاوازی سیستەم و زمانی خوێندنە رێگایەکە بۆ بەدەستھێنانی ئامانجە پەروەردەییەکانی وەزارەتی پەروەردە یاخود نا؟ ھەربۆیە دەبێت وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەزگای چاودێری و بەدواداچوونیان ھەبێت بۆ دڵنیابوون لە کواڵیتی ئەم جۆر و قوتابخانە جیاوازانە.
٦- جیاوازی رێسای تۆمارکردن لە خوێندنی ناحکومی.
پەیوەست بەخاڵی پێشووتر، رێسای وەرگرتن و تۆمارکردن جیاوازە لە باخچە و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش دەکرێت وەک گرفتێک سەیربکرێت کاتێک قوتابی لەو باخچە و قوتابخانانە داوای گواستنەوە دەکات بۆ قوتابخانەیەکی دیکە، کە سیستەم و پڕۆگرامی جیاوازە. پێویستە ئەمە بە یاسا و رێنمای چەسپاو چارەسەربکرێت و ناکرێت ساڵانە، یاخود لەکاتی ھەبوونی کێشە ئەم دیاردانە چارەسەر بکرێن.
٧- لاوازی راھێنان و شیاندن بەشێوەیەکی گشت.
لەزۆربەی باخچە و قوتابخانە ناحکومییەکاندا، ستاف و مامۆستایان راھێنانی پێویستیان وەرنەگرتووە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەی دواڕۆژ. زۆربەی ستاف و مامۆستایانی ئەو باخچە و قوتابخانانە پسپۆڕێتی پەروەردەییان نیە و خولی راھێنانی پێویستیان نەبینیوە، ھەروەھا شارەزای بوارەکانی دەرونناسی و کۆمەڵناسی نین و گونجاو نین ببنە مامۆستا، یاخود ببنە ستاف تا لە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی کاربکەن. نابێت رێگە بدرێت بەبێ وەرگرتنی خولی راھێنان و شیاندن ستاف و مامۆستایان لەو دامەزراوە پەروەردەییانە کاربکەن، چونکە کاریگەری نەرێنی لەسەر کەسایەتی قوتابیان و کواڵێتی خوێندن دروست دەکەن.
٨- لاوازی کارگێڕی زۆربەی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان.
ھاوشێوەی ستاف و مامۆستیان، دەستەی کارگێڕی و بەڕێوەبەرانی زۆربەی باخچە و قوتابخانە ناحکومییەکان شارەزایی کارگێڕی پەروەردەییان نیە و خولی پێویستی کارگێڕیان نەبینیوە بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان بەشێوەیەکی پیشەییانە، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی بەڕێوەبردنی ئەو باخچە و قوتابخانانە بەلاوازی ئەنجام بدرێت و کاریگەری خراپ بکاتە سەر ئاستی فێربوون و دەرچوونی قوتابیان لەو باخچە و قوتابخانانە.
٩– کەمی مامۆستایانی میلاک و راھێنراو لە زۆربەی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەکان.
بەداخەوە، لە سۆنگەی بەدەستھێنانی قازانجی مادییەوە زۆربەی باخچە و قوتابخانە ناحکومییەکان مامۆستای میلاکی پێویستیان نیە و یەک مامۆستا زیاد لەتوانای خۆی دەرسی پێ دەوترێتەوە. مامۆستاکەش بۆئەوەی کارەکەی لەدەست نەدات ئامادەیە بەناچاری ھەر ئەرکێکی پێ بسپێردرێت قبوڵی بکات. ئەمەش بەزیانی قوتابیان تەواودەبێت چونکە توانای جەستەیی و عەقڵی و زھنی و کۆمەڵایەتی مامۆستایان دیاریکراوە و زۆر ماندوو بوون دەبێتە ھۆی لاوازی ئەدای وانەوتنەوە. ھەروەھا زۆربەی باخچە و قوتابخانەکان پشت بە وانەبێژ دەبەستن بۆئەوەی کرێی کەمتر بدەن، ئەمەش گرفت بۆ قوتابیان دروست دەکات کاتێک وانەبێژ قوتابخانەکە جێ دەھێڵێت و قوتابیان بێ مامۆستا دەبن تا کەسێکی تر ئەھێنن، ئەمە ئەگەر بیھێنن، زۆرجاریش ھەبووە بۆ ماوەی وەرزێکی خوێندن منداڵان و قوتابیان وانەیەک یان چەند وانەیەکیان نەخوێندوە بەھۆی نەبوونی مامۆستا یان وانەبێژەوە.
١٠- پێویستی پیادەکردنی میکانیزمی ھەڵسەنگاندن بەشێوەیەکی دادپەروەران.
روون نیە میکانیزمی ھەڵسەنگاندنی ئەو باچخە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییانە چیە کە دەیگرێتە بەر بۆ ھەڵسەنگاندن و زانینی ئاست و کواڵێتی خوێندنیان، ھەربۆیە پلەبەندی ئەو باخچە و قوتابخانە و پەیمانگەیانە جێگای بڕوا نیە.
لەکۆتاییدا، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت لە ئێستادا لەپاڵ قوتابخانە خۆماڵییە کوردییەکان لە ھەرێمی کوردستاندا، قوتابخانەی ناحکومی بەزمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی (بەریتانی و ئەمریکی) و فەڕەنسی و ئەڵمانی بوونیان ھەیە و دەکرێت ھەموویان ببنە ھۆکاری باشترکردنی پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر وەزارەت و حکومەتی ھەرێم مەبەستیان بێت ئەم کەرتەیان لەدەست دەرنەچێت و دواتر نەتوانن کێشەکانی کۆنترۆڵ بکەن.