زیادەڕۆیی نییە گەر بوترێ عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، تاکە وڵاتە لەم سەردەمەدا کە دەوڵەتەکانیان بەبێ سەرژمێری گشتی، ساڵ و مانگ بەڕێ دەکەن.
شارەزایان و کارناسانی ئابووری دەڵێن، ئامار‌و سەرژمێری گشتی، بڕبڕەی پشتی پلاندانانی هەر وڵاتێکە. هەر دەوڵەتێک بەرچاوی روون نەبێ سەبارەت بە ژمارەی هاووڵاتییەکانی، دەکەوێتە ژێر کەڵەکەبوونی قەیرانەکانەوە.
لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، تائێستا سێ جار بە بیانووی جیاواز وادەی سەرژمێری گشتی دواخراوە. هەرێمی کوردستان زۆر پێ لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دادەگرێ، بەڵام حکومەتی عێراق ناچێتە ژێر باری سەرژمێرییەوە.
مه‌حمود عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌رى ئامارى سلێمانى لە بایەخی پاساوەکانی حکومەتی عێراق کەم دەکاتەوە بۆ دواخستنی سەرژمێری گشتی و دەڵێ هیچ بیانوویه‌ك نه‌بووه بۆ دواخستنى.
بڕیارە ساڵى ٢٠٢٠ سه‌رژمێری گشتی لە سەرتاسەری عێراق ئه‌نجامبدرێ. به‌ڵام زۆر کەس هەن کە لەو باوەڕەدان لەو ساڵەشدا ناکرێ، چونکە لە ئێستاوە باسی “ناسه‌قامگیریى ئاسایشى عێراق و ئاسایشى وڵاتانى دراوسێ” هاتووەتە ئاراوە.
سه‌باح دلێمی، وه‌زیری پلاندانانی عێراق رایگه‌یاند: ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتیی ده‌ستیپێكردووه، كه بڕیاره له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ٢٠٢٠ له واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا به‌هه‌ماهه‌نگیی لایه‌نی ناوخۆ‌و نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجام ده‌درێ.
دلێمی روونیكرده‌وه، كه لیژنه‌ی باڵای سه‌رژمێری و تیمه په‌یوه‌ندیداره‌كان له ئێستاوه هه‌وڵی بێ‌وچان ده‌ده‌ن بۆ ته‌واوكردنی سه‌رجه‌م ئامادهكارییهكانو پڕۆسه‌كه ١٦ مانگ دەخایەنێ و میکانیزمی جێبەجێکردنەکەیشی به‌شێوه‌ی ئه‌لكترۆنیی له‌ڕێی به‌كارهێنانی ئامێری تابلێتهوه به‌ڕێوه ده‌چێ.
مەحمود عوسمان روونی دەکاتەوە، “گرنگى سه‌رژمێرى له‌وه‌دایه داوا‌و خواستى هاوڵاتیان به‌شێوه‌یه‌كى زانستى ڕوون ده‌بێته‌وه. حكومه‌ت به‌رچاوی ڕوون ده‌بێ له دانانى پلان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌و داواكاریى و پێداویستییەکانی هاووڵاتییەکانی، له سه‌رژمێری دا نزیكه‌ى ٧٠ پرسیار له هاووڵاتیان ده‌كرێت، كه سه‌رجه‌میان په‌یوه‌سته به ژیانیانه‌وه هه‌ر تاكێك په‌نجه‌مۆرى لێوه‌رده‌گیرێت و كۆدی تایبه‌تى خۆى ده‌بێت كه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تى كێشه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان دەکات”.
ئایا لە هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی ئەمنیی نییە، ئەی بۆچی لەو هەموو ساڵەدا سەرژمێری گشتی نەکراوە؟ به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماری سلێمانی دەڵێ: ئه‌نجامدانى سه‌رژمێرى له ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراقدایه، هه‌رێمى كوردستان ناتوانێت سه‌رژمێرى ئه‌نجام بدات مه‌گه‌ر به نهێنى.
زیانە ئابووری و سیاسییەکانی
ئه‌نجامنه‌دانی سه‌رژمێریی، بێجگە لە زیانەکانی بۆ دەوڵەت و ئابووری، لەڕووی سیاسیشەوە ئەگەری ده‌ستكاریکردنی ژماره‌ى دانیشتووانى پارێزگانى لێده‌كرێ ئیتر بەکەمکردنەوەبێ یان بە زیادکردنی ژمارەی دانیشتووان. به‌تایبه‌ت لەکاتی هه‌ڵبژاردن و پرۆسەی دەنگداندا.
شارەزایانی ئەم بوارە روونی دەکەنەوە به‌هۆى نه‌بوونى سه‌رژمێرییه‌وه له هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وام کاریگەری هەبووە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و حزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەستکاری ژمارەکانیان کردووە.
به‌یار عومه‌ر عه‌بدوڵڵا، پسپۆڕی پلانسازیی شار‌و هه‌رێمه‌كان لەمبارەیەوە بۆ “زه‌مه‌ن” وتی: “به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی دانراوه بۆ ساڵى ٢٠٢٠ ژماره‌ى دانیشتووانى سلێمانى له ٤٨٪ داده‌به‌زێ بۆ ٣٨٪ لەم کاتەدا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی گشتی فره‌بازنه‌یى بكرێت، ئه‌وا ڕێژه‌ى كورسییه‌كانى پارێزگای سلێمانى ١٠٪ كه‌م ده‌كات”.
بەیار وتیشی: “نه‌بوونى سه‌رژمێرییه‌كى دروست واده‌كات ساڵانه كاتێ بودجه‌ى پارێزگاكان جیاده‌كرێته‌وه، بڕە بودجه‌ى كه‌متر بۆ سلێمانی داده‌نرێ. لە بەرامبەردا بۆ هه‌ولێرو دهۆك بڕێکی زیاتر. هەروەها ڕێژه‌ى دامه‌زراندنی فەرمانبەر بۆ سلێمانی كه‌متر داده‌نرێ. هەر ئه‌وه‌ش وایكردووه گۆڕان و یه‌كێتى هێنده‌ى پارتى كورسییان نه‌هێناوه. ئه‌مه ئه‌گه‌ر به‌شێكى په‌یوه‌ندى به نه‌چوونى هاووڵاتییانه‌وه بێت بۆ سه‌ر سندوقه‌كانى ده‌نگدان، به‌شێكى په‌یوه‌ندى به‌و زیادكردنى ڕێژه‌ى دانیشتوانى هه‌ولێرو دهۆكه‌وه‌یه“.
بۆ چارەسەرکردنی ئه‌م کێشەیە، بەیار پێشنیازی سه‌رژمێری گشتی دەکات به چاودێرى نێوده‌وڵه‌تی.
شارەزایان زیاتر مەترسییەکانی نەبوونی سەرژمێری گشتی روون دەکەنەوە بەتایبەت لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن. ئیسماعیل خورماڵى بڕیارده‌رى كۆمسیۆنى باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێمی كوردستان لەمبارەیەوە وتی: “گرفتى ئێمه له كۆمسیۆن له ڕابردوودا تۆمارى ده‌نگده‌ران بووە، به‌پێى یاسا پشتمان به زانیارییه‌كانى وه‌زاره‌تى بازرگانى و فۆڕمی خۆراک به‌ستووه، کە ئەمەش گومانیان لهسهرەو بەئاسانی توانای دەستکاریکردنیان هەیە، خه‌ڵك هه‌یه چه‌ندین فۆڕمى خۆراكی بۆ كراوه یان له ده‌ره‌وه‌یه بۆیه به‌رده‌وام ئه‌و بێمتمانه‌ییه به تۆمارى ده‌نگده‌ران هه‌بووه”.
سەرژمێرییەکان لە مێژووی عێراقدا
دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق، پرسی سه‌رژمێرى دانیشتووان بوه‌ته یه‌كێك له بابه‌ته جێی بایه‌خه‌كانی دەوڵەت. یه‌كه‌م سه‌رژمێری گشتی پێنج ساڵ دوای دروستبوونی واتە له ساڵی ١٩٢٧ ئه‌نجامدراوه.
سەرژمێری دووەم لە ساڵی ١٩٣٤و سەرژمێری سێیەم ١٩٤٧ ئه‌نجام دراون. بەدرێژایی دەسەڵاتی مەلەکیی کە ساڵی ١٩٥٨ بە ئینقلابێک کۆتایی پێهێنرا، سەرژمێرییەکان لە عێراق بە باشی ئەنجامدراون کە باشترین و گونجاوترینیان ئەوی ساڵی ١٩٥٧ بووەو پێکهاتەکانی عێراق لێی رازی بوون.
پێنجه‌م سه‌رژمێری گشتی ساڵی ١٩٦٥ ئه‌نجامدراوه، شەشەمینیان ساڵی ١٩٧٧ بۆ یه‌كه‌مینجار له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پلاندانانەوە ئه‌نجامدراوە. خراپترین سەرژمێری گشتی بۆ کورد هەردوو سەرژمێری ساڵی ١٩٨٧ و ١٩٩٧ بووە، چونکە لەوەی یەکەمیان هەزاران گوند راگوێزرابوون یان لەژێر دەستی پێشمەرگەدا بوون و ناو‌و ژمارەیان تۆمار نەکراوە، هەروەها لەوەی دووەمدا حکومەتی عێراق هەرێمی کوردستانی نەخستە ناو سەرژمێرییەکەوە.
سەرچاوە “زەمەن”