له‌ناو شاری دھۆك چه‌ند كه‌سێك له پۆلیسێكی هاتوچۆ، كه له‌كاتی ئه‌ركدا بوه، ده‌ده‌ن و به سه‌ختی برینداری ده‌كه‌ن، به‌رپرسی رێكخراوی مافی مرۆڤی دھۆك ده‌ڵێت، له‌لایه‌ن به‌رپرسێك و پاسه‌وانه‌كانییه‌وه هێرش كراوه‌ته سه‌ر پۆلیسه‌كه.
سه‌عات 9ی شه‌وی رابردو، له‌ناو شاری دهۆك هێرشیان كردۆته سه‌ر ئه‌و پۆلیسه‌و ده‌موچاویان بریندار كردوه‌و لوتیان شكاندوه. پۆلیسه‌كه كه ناوی (ر. ن.)ه له‌كاتی ئه‌ركی ره‌سمی خۆیدا بوه كاتێك ئه‌و كه‌سانه هێرشیان كردۆته سه‌ری.
ئازاد ته‌ها، وته‌بێژی پۆلیسی هاتوچۆی دھۆك رایگه‌یاند “ئه‌و پۆلیسه له كاتی ئه‌ركی خۆیدا بوه، چه‌ند كه‌سێك بردویانه‌ته ناو دوكانێك و لێیانداوه. ئێمه‌ش ده‌ستمان به لێكوڵینه‌وه كردوه.”
لای خۆیشییه‌وه حه‌مدی به‌رواری، به‌رپرسی رێكخراوی مافی مرۆڤی دهۆك له‌نامه‌یه‌كی كراوه‌دا كه ئاڕاسته‌ی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیری ناوخۆ و لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی كوردستانی كردوه، وتویه‌تی”جارێكی تر له دهۆك یاسا خرایه‌وه ژێر پێ.”
حه‌مدی به‌رواری له‌نامه‌كه‌دا وتویه‌تی”له‌لایه‌ن به‌رپرسێك و چه‌كدار و پاسه‌وانه‌كانی هێرش كراوه‌ته سه‌ر ئه‌و پۆلیسه.”به‌رپرسی رێكخراوی مافی مرۆڤی دھۆك داوای كردوه یاسا رۆڵی خۆی ببینێت و رێگری بكات له بێڕێزیكردن به فه‌رمانبه‌ران و مافیان پارێزراو بێت.