ڕاگەیاندراوێک سەبارەت بە ئاخافتنی وەزیری دەرەوی تورکیا دەربارەی کەرکووک
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانەی سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان و ئێراق، سەرلەنوێ ئاخافتنێکی تێکدەرانەی سەبارەت بە شاری کەرکووک دا.
ئەگەر هاتنی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئێراق و هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە پەیوەندی و سەردانێکی دیبلۆماسی و لێکتێگەیشتنی دەوڵەتان و بەتایبەتی دەوڵەتانی ناوچەکە بە جۆرێک لە بەرژەوەندی ئاشتی و پێداویستی و لێکتێگەیشتن و خزمەتی مرۆڤایەتی بێت، بەتایبەتی گەلانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە پراوپربوە لە ململانێ و ناکۆکی بەرژەوەندیەکان، ئەوی پێویست بوو کە ئاخافتنی وەزیری دەرەوی تورکیا لە پێناوی چارەسەری ئەو ناسەقامگیری و دۆخە پڕ لە کێشەیەی ناوچەکە لە پێناو ئاشتی و پێکەوە ژیان و سازکردنی دراوسێیەتیەکی باش، بێت، کەچی وەزیری دەرەوەی تورکیا بەوپەری نابەرپرسانە لە میانەی تێروانینێکی سواوو شۆڤینیانەوە جارێکی تر بەو ووتە ناهاوسەنگەیەوە کە شاری کەرکوک شارێکی تورکمانیە دەبێتەوە خوڵقێنەری زەمینەی ئاژاوە و فیتنەی تێکبەردانی نەتەوەکانی ئەو شارە ..ئەمە لە کاتێکدا ئەو وتەیەی ئەو بەرێزە هەم پێشێلکردنی سەروەری ولاتێکی خاوەن سەروەرییە، و دەستوەردانە لە کێشەیەک کە بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و عورفی دیبلۆماسی هەرگیز مافی ئەوەیان نیە دەستی بۆ بەرن ..لە هەمان کاتدا پێشێلکردنی دەستوری ئێراقیشە کە بە ماددەیەکی دەستوری رون کە ماددەی ١٤٠ــە ناسنامەی ئەو شارەی دیاری کردوە و چارەسەری بۆ داناوە .. هەر لەم ڕوانگەیەوە ئێمە ئەو حیزبانەی کە لە خوارەوە واژۆمانکردوە بەوپەری نارەزایەتیەوە بەرپرسیاری دەخەینە ئەستۆی حکومەتی ئێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەو سوکایەتی و پێشێلکاریە دەستوریە قبوڵ نەکەن و داوای بەرپرسیارێتی دیبلۆماسی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا بکەن کە مافی ئەوەی نییە دەست لە کاروباری ناوخۆی ئێراق و دەستوری ئێراق وەربدات.
حزبی شیوعی کوردستان
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
٣٠ی نیسانی ٢٠١٩