باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، دەبێت ئێران سەیری ئاوێنە بکات و بزانێت هۆکارەکانی پشت هێرشی نمایشە سەربازییەکەی ئەهواز چی بوون کە بەهۆیەوە ٢٩ سەربازی ئێران کوژران.نیکی هەیڵی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ ماوەیەکی درێژ گەلەکەی چەوساندووەتەوە.
هەیڵی ڕوونیشیکردەوە، گەلی ئێران خۆپیشاندان دەکەن و هەر پارەیەک دەچێتە ئێران لە سوپاکەیدا خەرجدەکرێت، دەبێت رۆحانی سەیری ئاوێنە بکات و بزانێت هێرشەکە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە.ئەم لێدوانەی نیکی هەیلی لەکاتێکدایە کە پێشتر ئێران ئەمریکای تۆمەتبارکرد و بەرپرسیارێتی هێرشەکەی خستە ئەستۆ.
ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە، لەکاتێکدا ئێران لە ٣٨مین ساڵیادی دەستپێکردنی جەنگی هەشت ساڵەیدا لەگەڵ عێراق لە نمایشێکدا سەرقاڵى دەرخستنى تواناى سەربازى بوو لە شارى ئەهواز، گۆڕەپانى نمایشەکە گۆڕا بۆ پێکدادانێکى چەکدارى سەخت کە بەهۆیەوە ٢٩ پاسدار و هاوڵاتى کوژران و ٦٠ی دیکەش برینداربوون.
دوای هێرشەکە، گروپی ئەهوازییەکان بەرپرسیارێتى ئەنجامدانى هێرشە چەكدارییەکەى گرتە ئەستۆ، کە ماوەی ١٠ ساڵە دامەزراوە و داوای مافی چارەنوسی عەرەبەکانی ئەو ناوچەیە دەکات.
لە هەمان کاتدا گروپی چەکداری داعشیش ڕایگەیاند کە هێرشەکە لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدراوە و ئەمڕۆ ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە تیایدا ئەو چەکدارانە پیشان دەدات کە بە وتەی خۆی هێرشەکەیان ئەنجامداوە.