ئاژانسە جیاوازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) لە دوا ڕاپۆرتی خۆیاندا لە مانگی ٩ ی ئەمساڵدا دووپاتی دەکەنەوە کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا برسێیەتی لە دونیادا ڕوو لە زیادبوون بووە. لە دەرەوەی ڕاپۆرتەکانی ئەم دەزگایانەش کە گرینگی بە ڕێژەی هەژاری و دوارۆژی برسێیەتی دەدەن، چەند دام و دەزگایەکی جیهانیش کە گرینگی بە دەوڵەمەندان دەدەن ئەوانیش دەڵین ئێستا ساڵانە لە تەنیا لە کیشوەری ئاسیا (٢٠٠٠) هەزار کەس دەبنە ملیۆنێرو تەنیا لە ووڵاتێکی وەکو هیندستان لە ٢٠١٨ دا کۆی گشتی سامانی تەنیا ١١٤ ملیۆنێر گەیشتۆتە ٤٤٠ ملیار دۆلار.
بە پێ ی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر ٩ مرۆڤێکی دانیشتوانی دونیا مرۆڤێك برسیە. کە دێتە سەر مناڵانی ژێر تەمەنی پێنچ ساڵان ١٥١ ملیۆن منداڵ بە هۆی برسێتی وکەمخۆراکی ژیانێکی پڕ لە زوخاوی ڕۆژانە بەسەر دەبەن، لە کاتێکدا لە سوچەکانیتری تری دونیاش ٦٧٢ ملیۆن کەس کێشەی قەڵەویان هەیە! کە دەکاتە ١٣% کۆی دانیشتوانی گۆی زەوی.
ڕاپۆرتە تایبەتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر لە ئێستاوە هەموو تواناو ووزەکانمان نەخەینە گەڕ بۆ نەهێشتنی برسێیەتی تا ساڵی ٢٠٣٠ ئەوا بە یەکجاری ئەو چانسەمان لە دەست دەچێت کە کۆنتڕۆلی برسێتی بکەین.
گۆڕانکاری ئاو و هەوا، تێکچوونی سیستەمی ژینگەیی (ئیکۆلۆجی) پانتاییەکی زۆری لە ڕاپۆرت و لە لێدوانەکانی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێدراوە، ئەوان قەلەقی ئەوەن کە ئەم ڕەگەزە کاریگەری زۆری هەیە لە زۆربوونی ڕێژەی برسیەتی، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کشتوکاڵ وخۆراك وسەرچاوەی بژێوی هەیەو تەنیا لەم ساڵانەی دوایدا ٢٢ ملیۆن کەس بە هۆی تێکچوونی ژینگە کەوتنە هێڵی کۆچ و هەژاری و برسێتی.
تراژیدیای مناڵان هەر لە برسێتی کۆتایی نایەت، شەڕو ئاشوب لە کیشوەری ئەفریقیا دێوەزمەیەکی بەردەوامە لە هاڕین بە دۆزەخ کردنی ژیان، لە ٢٠ ساڵی ڕابردوو پێنچ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنچ ساڵی گیانیان لە شەڕەکان و ئاشوبەکان لە دەست داوە، سێ ملیۆن مناڵیش لە نێوان ١٩٩٥ تا ٢٠١٥ گیانیان لە دەست داوە کە تەمەنیان لە نێوان ڕۆژێك بۆ یەك ساڵ بووە!
دوور لە ئەفریقیا لە ووڵاتێکی وەکو عێراق، لە ئامارێکی فەرمی نزیکەی دووساڵ لەمەوبەر هاتووە؛ کە لە سەرجەم دانیشتوانی عێراق و بە هەرێمیشەوە (٢.٥%) لەژێر هەڕەشەی برسێتی دایە، لەو ڕێژەیەش (٢.١%) هەرێم دەگرێتەوەو (١.١%) شاری بەغدا دەگرێتەوەو (٣.٥%) پارێزگاکانیتری عێراق دەگرێتەوەو لە نێو ئاوارەکانی ناوخۆش بەرزدەبێتەوە بۆ (٥.١%) .
حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە؛ کە ئەوان پلانی ستراتیژی گەشەپێدانی ئابوری وکۆمەڵایەتیان ڕاگەیاندووە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٢ کە گوایە بەشێکە لە ڕوئیای ئەوان بۆ ساڵی ٢٠٣٠ بۆ بنەبڕ کردنی کێشە ئابوری و کۆمەڵایتیەکان بە کێشەی هەژاری و برسێتی و کارەباشەوە، ئەم ڕوئیایە دەبێ جێبەجێ کرابێت لە هەمان ئەو وادەیەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان دایناوە وەکو دووا مۆڵەت بۆ لە بەین بردنی برسێتی کە دوای دوانزە ساڵیتر تەواو دەبێت. لە هەرێمیش نەك ستراتیژێکی لەو بابەتە (ئەگەر بە دیکۆڕیش بێت نییە) بەڵکو سیستیماتیکانە خەڵك هەژارترو بێ تواناتر دەکرێت. لەسەر ئەو وادەیەی نەتەوە یەکگرتوەکان دایناوە؛ داتاکان و ژیانی مرۆڤە برسیەکانی پشتی داتاکان زۆریان نەك ناتوانن چاوەڕێ ی دوانزە ساڵ بکەن بەڵکو بە پێ ی هەمان ئەو ئاژانسانە هەر ٣ دەقەیەك مرۆڤێك بەهۆی برسێتیەوە دەمرێت.
موفارەقەکانی دەوڵەمەندبوون و هەژاربوون، دەردی قەڵەوی لە شوێنێکی دونیاو نەبوونی خۆراك لە شوێنێکیتری دونیا بەشێکە لە تایبەتمەندیەکی سروشتی بێ دڵیی و نامرۆڤی بوونی ئەو سیستەم ومێژوویەی تیا دەژین، بێ حورمەتی بە ژیان و بە مرۆڤ ئەگەرچی ڕوخسارێکی جیهانی هەیە و دەمامك و کەرستەکانی جیاوازن، بەڵام ماستەر مایندی پشتی ئەم دڵڕەقیە جیهانیە تەنیا یەك شتە؛ ئەو شتەش تۆ ئازادی ناوی لێ بنێیت “ناعەدالەتی” یان “سەرمایەداری”!
ڕزگار عومەر