


جیاواز له سه‌ره‌تاى قه‌یرانه‌كه، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا ئاسایى بووه‌ته‌وه‌و مانگانه پاره ره‌وانه‌ى هه‌رێم ده‌كرێت، نرخى نه‌وت سێ هێنده‌ى ئه‌وكات به‌رزبووه‌ته‌وه‌و خه‌رجى شه‌ڕى داعش كه حكومه‌تى هه‌رێم وه‌ك هۆكارێكى قه‌یرانى دارایى باسیده‌كرد نه‌ماوه و باج و رسومات له‌سه‌ر هاوڵاتیان و كاسبكاران چه‌ند هێنده زیادكراون، و ژماره‌یه‌كى زۆریش له ئاواره‌كانى خوارووى عێراق گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتاش كابینه‌ى هه‌شتى حكومه‌ت له كاتى خۆیدا مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نادات.
هه‌رچه‌نده حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى دارایى دواى راگه‌یاندنى سیسته‌مى نوێى پاشه‌كه‌وت ئه‌مساڵ به‌ڵێنى ئه‌وه‌یان دا ٣٠ رۆژ جارێك مووچه دابه‌شبكه‌ن، هاوكات نێچیرڤان بارزانى له‌دوایین لێدوانی‌دا سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه وتى، ئه‌وه‌ى بۆ ئه‌وان گرنگه، ئه‌وه‌یه هه‌ر ٣٠ رۆژ جارێك مووچه دابه‌ش بكرێت سوپاسى وه‌زاره‌تى دارایى كرد، کە له‌م چه‌ند مانگه‌دا خشته‌یان ڕێكخستووه.
به‌ڵام ته‌نها خشته‌ى مووچه‌ى مانگى چوار به دوو هه‌فته ته‌واو ده‌بێت و دواى زیاتر له ٤٠ رۆژ مووچه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌و وه‌زاره‌ته‌كانى خوێندنى باڵا‌و ناوخۆش خشته‌یان رانه‌گه‌یه‌ندراوه.
ئه‌وه‌ى پرسیارى خه‌ڵكه، زیادبوونى داهاتى هه‌رێمى كوردستان، بۆچى تا ئێستا بارگرانى سه‌رشانى خه‌ڵكى سوك نه‌كردووه‌و نه‌هامه‌تى مووچه‌خۆران و خه‌ڵك و خراپى دۆخى بازاڕ‌و بێكارى وه‌ك خۆى ماونه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده له ئێستادا مووچه‌ى مانگانه‌ى مووچه‌خۆران، ٦٥٠ ملیار دینارى پێویسته و داهاتى حكومه‌ت ٨٥٠ ملیار دیناره ئه‌وه‌ش به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى له به‌دواداچوونى په‌رله‌مانتارانه‌وه ده‌ست كه‌وتوون، به وته‌ى ئه‌وان نادیارى و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌شێك له داهاتى نه‌وت هۆكارى مانه‌وه‌و قووڵبوونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌كانن.
به‌پێى زانیارییه‌كان، رێباز حه‌ملان، وه‌زیرى دارایى و ئابورى له دوایین كۆبوونه‌وه‌ى خۆى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان، وتوویه‌تى كه داهاتى نه‌وت ده‌چێته دوو حساب بانكییه‌وە، بەڵام ئه‌و ته‌نها ئاگادارى هه‌ژمارێكیانه كه مانگانه 378 ملیار دینارى داهاتى نه‌وتى بۆ ده‌چێت.
شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكى لیژنه‌ى پیشه‌سازى و وه‌زه‌و سه‌رچاوه سروشتییه‌كان له‌په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ خه‌ندان باسیله‌وه‌كرد، وه‌زیرى دارایى بۆ په‌رله‌مانتاران ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه، هه‌ژمارى دووه‌مى بانكى، كه داهاتى نه‌وت و گازى بۆ ده‌چێت لاى سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگره‌كه‌یه‌تى و ته‌نها ئه‌وان ئاگادارن چه‌ندى تێده‌چێت و بۆ كوێ ده‌چێت و چۆن خه‌رج ده‌كرێت.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره وتى، “ده‌توانین بڵێین له ئێستادا مانگانه ٥٠٠ ملیار دینارى داهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان دیارنین و بۆ خه‌ڵك نین، بۆیه قه‌یرانه‌كان به‌رده‌وامن و مووچه له‌كاتى خۆى نادرێت.”
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له ئێستادا مانگانه ٣٢٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه ده‌كات و ٣١٧ ملیار دینارى مانگانه‌شى له به‌غداوه بۆ دێت و ١٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتى ناوخۆى وه‌زاره‌ته‌كانیه‌تى، ئه‌وه‌ش به‌پێى وته‌كانى وه‌زیرى دارایى و ئابورى بۆ په‌رله‌مانتاران.
لەلایەکیتر عه‌لى حه‌مه ساڵح، جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى كوردستان، دەڵێت( كۆى داهاته‌كانى ئه‌و سه‌رچاوانه ٨٥٠ ملیار دینار ده‌كات و حكومه‌ت تواناى پێدانى مووچه‌ى ئاسایى هه‌یه، به‌ڵام نا شه‌فافى و نادیارى داهاته‌كه وایكردووه حكومه‌ت مووچه‌شى پێنه‌دا، هه‌رچه‌نده به‌پێى شێوازى نوێى پێدانى مووچه ٦٥٠ ملیار دینار مانگانه بۆ مووچه پێویسته )
سەرچاوە:سایتی خەندان