شەوی ١٥ ی شوباتی، شاری هەولێر کرایە ئامانجی پەلامارێکی تیرۆرستی و ژمارەیەک مووشەک لەناو گەرەکەکان کەوتەوە، کە چەندین شوێنی مەدەنی کرانە ئامانج، بەو هۆیەشەوە چەندان هاولاتی سڤیل بوونە قوربانی و زیانی مادیش بەر موڵک و ماڵی خەڵکی ئەو گەڕەکانە کەوت. ناوەندە هەواڵگری و دەزگا بەرپرسەکان و سەرچاوەکانی ئاشایش و پۆلیس دووپاتی دەکەنەوە کە ئەو مووشەکانە لەو ناوچانەوە ئاراستەی شاری هەولێر کراون، کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوپای عیراقن، هەر بۆیە بەرپرسیارێتی ئەو تاوانە ئەستۆی دەوڵەتی عیراق دەگرێتەوەو ، ئێمە سەرباری ئەوەی ئەو هێرشە بە توندی ریسواو مەحکوم دەکەین و بەرووداوێکی مەترسیداریشی دەزانین بۆ سەر ئارامی هەرێم و تەواوی پرۆسەی سیاسی لە عیراق، بەتایبەتی ئەوە بۆ دووەمین جارە دووبارە دەبێتەوە، بەو پێودانگەش داوادەکەین: –
بەزووترین کات حکومەتی عیراق تاوانبارانی ئەو کارە تیرۆرستیە ئاشکرا بکات، سنوورێک بۆ ئەو هەموو میلشیایانە دابنێت، چی دیکە لێنەگەڕێ میلشیا خودانی چەک بێت، بە باشی کۆنتڕۆلی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بکات، بەتایبەتیش لەناوچە جێناکۆکەکان و ناوچەکانی هاوسنوور لەگەڵ هەرێمی کوردستان. – هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەروشیانەوە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵوێستی تووندتریان هەبێت توانا سیاسی و سەربازیەکانی خۆیان بخەنەگەر تاکو رێگری لەدووبارەبوونەوەی ئەوە جۆرە کارانە بکرێ .
– حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنی و هەواڵگریەکان باشتر چاوکراوە بن، کاتی ئەوەیە ئەو دەزگایانە بەتەواوی بە نیشتمانی بکرێت، هەژموونی حزبی بەسەرەوە نەمێنێ. جێگای خۆیەتی جارێکی دیکەش هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە مەترسیەکانی سەر ئەزموونی هەرێم ئاگادار بکەینەوە، داواشیان لێ بکەین کە دەرک بەو هەموو مەترسیانە بکەن و یەکڕیزیی پتەو بکرێت، لانی کەمی دادپەروەری لە بەرێوەبردنی هەرێم پیادە بکەن، دەست بدەنە چاکسازی راستەقینە، ئازادی ، خۆشگوزەرانی بۆ هاولاتیان دەستەبەر بکەن، بەکردار جەماوەر بکەنە خاوەنی ئەزموونەکە، تا هەموو لایەك پارێزگاری لەو ئەزموونە بکات.
دووبارە شەرمەزاری ریسوایی بۆ ئەوانەی بەکاری تیرۆرستی دەیانەوێ گەلی کوردستان بترسێنن، سەری رێز بۆ ئەوانەی لەو کردەوە تیرۆرستیە گیانیان لەدەستداو هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان.
ـ حزبی شیوعی كوردستان
ـ حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
ـ بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
١٦ی شوباتی ٢٠٢