لە كاتێكدا كە لە هەرێمی كوردستاندا باس باسی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە، كەچی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەسەر پۆستێكی رەخنە ئامێز كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاودەبێتەوە خەڵك راپێچی زیندان دەكەن، لەسەر رایەك كە بە دڵی ئەوان نەبێت دەزگای میدیایی دادەخەن، باسی دەولەت دەكەن بەڵام هێشتا لە زهنی ئەواندا سنووری سایكس بیكۆی شەری ناوخۆ بوونی هەیە، دێگەڵە ئەو شوێنەیە كە هەڕەشەی پێدەكرێت، ئاخر وەرە خاوەنی ئەو بیركردنەوەی بیت و باسی دەوڵەتیش بكەیت!!
ئەزموونی دامەزراندنی دەوڵەتان لە جیهان شتێكمان پێدەڵێت ئەویش ئەوەیە كە هەموو لایەك دەبێت بزانین كە سیستەمی سیاسی تەندرووست كۆڵەکەیەكی ئەساسی دامەزراندنی دەوڵەت بووە لە پاڵ هەریەك لە خاك و دانیشتوان كە ئێستا ئابووریشی هاتۆتە سەر، كە تا ئێستا ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەو سیستەمە سیاسیە تەنەدرووستەمان نیە، سیستەمێكمان نیە كە نەك بۆ هەموومان جێگای شانازی بێت، بگرە تەنانە دەسەڵاتدارەكانیش ناتوانن داكۆكی لێبكەن و كێماسیەكانی لەبەردەم رای گشتی دابپۆشن، ئەوەیش بەوەی كەس ناتوانێت نكۆڵی لەوە بكات كە لە هەرێمی كوردستان ماف و ئازادیەكان بۆ هەمووان وەك یەك فەراهم نەكراوە، یاسا سەروەر نیە، ئازادیی میدیای هەرەشەی لەسەرە، سەرەڕای هەموو ئەمانەش حوكمڕانیەكی خرابی شكستخواردووی پراوپر لە نایەكسانی و گەندەڵیمان هەیە، جا وەرە لەسایەی هەموو ئەمانە داوای رای خەڵك بكە تا پشتیوانیان بێت بۆ بەڵێی ریفراندۆم.
لەو بارودۆخە خراپەی ناوخۆی كوردستان لەبوارەكانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی هەوڵێكی زۆر لەلایەن كاربەدەستانی ئەو هەرێمە هەیە خەلك بەسەر دووبەر دابەش بكەن و بە هەوادارانی خۆیان بڵێن ئەوەی لەسەر ئەو دەسەلاتە دەوترێت بیانوو هێنانەوەیە بۆ دژایەتیكردنی هەوڵەكانی راگەیاندنی دەوڵەت، كە لە ڕاستیدا ئەمەیان بەس بۆ چەواشەكردنی خەڵك و ڕای گشتیە ئەگینا رەخنەی خەلكی دڵسۆز و پەرۆش بۆ چاكسازی و یەكسانی بۆ نەهێشتنی كێماسیەكانە كە سوودمەندی یەكەم لێی خودی ئەو دەسەڵاتە دەبێت.
لێردەا یەك شت دڵنەوایمان دەداتەوە ئەویش ئەوەیە كە لە سایەی دەوڵەت دەبین بە خاوەنی دەستوور كە ئەمەیان زامنی ئەرك و مافەكانمان دەكات و ئەوسا بە پشت بەستن بەو دەستوورە دەتوانین لەبەرامبەر خرابەكاریەكانی ئەوان دەنگ هەڵبڕین، بەدەر لەوە رۆژ بەرۆژ بەرەو دواوە دەگەڕێینەوە، ئەویش ئەگەر ئەوەی دەوترێت لەسەر ریفراندۆم جدیەتی تێدابێت و مەبەستی ئەمانە ڕاگەیاندنی دەوڵەت بێت، كە بۆ ئەمەشیان یەك دونیا پرسیار و گومان هەیە.
ئەو سیاسەتەتان ناتانگەیەنێتە شوێنێك كە خزمەت بە هیچ لایەك بكات، وەرن تا لەوە زیاتر ناشیرن نەبوونە بە چاوای یەكسان لە هەمووان بڕوانن، چیتر هەموو میللەت مەكەنە قوربای چەند كەسێكی كەمی مشەخۆر كە وەك مۆرانە بەربوونەتە گیانی ئەو میللەتە داماوە، بەرتەسككردنەوەی ئازادیەكان و بە زیندانیكردنی رۆژنامەنووس و چالاكوانان ناگەن بە هیچ شوێنێك، ئەمەیان خەلكی زۆر لە ئێوە بەتواناتر كاری لەسەر كردووە و دەرنجامەكەیتان بینی.