لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت کۆبانێ ـ جۆلانی .. ڕێککەوتنێک کردنی باشترە لەنەکردنی

کۆبانێ ـ جۆلانی .. ڕێککەوتنێک کردنی باشترە لەنەکردنی

0 تێبینییەکان 25 بینینەکان

لەنێوان ژەنەڕاڵ و جۆلانێدا لاپەڕەیەکی خوێناوی هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ 12 ساڵ لەمەوبەر.

شۆڕشی ڕۆژاڤا لەو لاپەڕە خوێناویەی نێوان ژەنەڕاڵ کۆبانێ‌و جۆلانی دەستپێدەکات کە لەئەدەبیاتی شەڕڤاناندا بەشۆڕشی 19ی تەمموزی واشوکانی ناسراوە.

لە17ى تەمموزی 2013، بەئامانجی دەرکردنی شەڕڤانان، تورکەکان دەروازەی جەیلانپەنار-سەرێکانیان بۆ دەبابە و تانک و تیرۆریستەکانی جۆلانی کردەوە و ناگەهانە دەستیان بەسەر ئەو گەڕەکانەدا گرت کە راستەوخۆ لای دەروازەکەن.
 
پێشتر، سەریکانیێ بەشێکی لەدەست نوسرە-داعش‌و بەشەکەی تریش لەدەستی شەڕڤاناندا بوو، ئەم هەوڵەی تورکەکان وەک کودەتایەک وابوو بۆ دەرکردن‌و دورخستنەوەی شەڕڤانان‌و داگیرکردنی سەرێکانیێ، شەڕێکی خوێناوی لەنێوان باندە تیرۆریستییەکانی جۆلانی‌و شەڕڤانانی ئازادی ڕویدا، هەرچەند هاوسەنگی هێز لەبەرژەوەندی شەڕڤاناندا نەبوو، بەڵام شەڕەکە بەشکستێکی مێژویی گەورە بۆ جەبهەو داعشی جۆلانی‌و سەرکەوتنی گەورەش بۆشەڕڤانان‌و پاککردنەوەی تەوای شارەکە لەتیرۆریستەکان کۆتاییهات، سەرێکانی بوە یەکەم شاری ڕۆژاڤا کە بەتەوای ئازادبێت، باقی شارو شارۆچکەکانی ڕۆژاڤا ئەوکات تەنها بەشێکی یان چەند گەڕەکێکی ئازادو لەژێر کۆنترۆڵی شەڕڤاناندابوو.

بەشەکانی تریش بەهاوکاری ئەنەکەسەو عه‌رەبەکانی ناوچەکە لەژێردەستی چەتەکانی سوپای ئازادو داعش ـ جەبهەی نوسرەدا بون، هەندێک گەڕەک‌و ناوچەش هێشتا ڕژێمی ئەسەدی لێمابوو، نرخی ئەم ئازادییەی سەرێکانیێ 46 شەهیدی شەڕڤان بوو، کە سەرجەمیان بەدەستی تیرۆریستەکانی جۆلانی شەهیدبون، ئازادکردنی تەواوی سەریکانیێ بوە سەرەتایەک بۆ ئازادکردنی تەواوی شارو شارۆچکەکانی ڕۆژاڤا، بۆیە، شۆڕشی ڕۆژاڤا بەشۆڕشی سەرێکانی یان واشۆکانی ناسراوە.

لەشۆڕشی 19ی تەمموزی 2013ى واشۆکانیێ تا 10ى ئازاری 2025، واتە ڕۆژی واژۆکردنی ڕێککەوتنامەکەی ژەنەڕاڵ ـ جۆلانی، ڕۆژاڤا 4259 ڕۆژی پڕ لەئازار، شکست، غەدری یارو نەیار، لەهەمانکاتدا پڕ لەشکۆ، شانازیی‌و سەرکەوتن‌و بەرخۆدانی ئەفسانەیی بەڕێکرد.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ سەرجەم شەهیدی شەڕڤانان تا 15ی ئازاری 2024 بە14675 مەزەندە دەکات، هەڵبەت لەیەک ساڵی ڕابردودا دەیان‌و ڕەنگە سەدان شەهیدی تر بەو کاروانەوە پەیوەست بون، واتە، لەهەر ڕۆژێکی ئەم 4259یه‌دا ڕۆژاڤا بەتێکڕایی زیاتر لەسێ شەهیدی لەپێناو ئازادی داوە، ئەو ڕێککەوتننامەیەی ژەنەڕاڵ لەگەڵ جۆلانیدا واژۆی کرد، سەرەنجام واژۆی 14675 شەهیدیشە، دڵنیام ئەم ڕێککەوتنە لەئاستی چاوەڕوانی ئەم شەهیدانه‌دا نییە، بەڵام دڵنیاشم کەهیچ کەسیش بەقەد ژەنەڕاڵ کۆبانێ بۆ هەڤاڵ‌و هاوڕێ شەڕڤانە شەهیدەکانی دڵسۆز نییەو هیچ کەسیش نییە وەک ئەو نوێنەرایەتی شەهیدان‌و ماڵباتەکانییان بکات.

لەوەش دڵنیام کە رێککەوتن لەگەڵ تیرۆریست و کۆنە داعشێکی وەک جۆلانی، کە لەکاتی واژۆکردنی رێککەوتننامەکە خوێنی عەلەوییەکانی لەپەنجەکانی دەچۆڕایەوە و خۆی و هەردوو رێکخراوەکەی داعش و جەبهەی نوسرە دەستیان بە خوێنی هەزاران کورد سوورە، وەک رێککەوتن وایە لەگەڵ ئەهریمەنێکدا.

ئەهریمەن و تیرۆریستێک کە بەوە ناسراوە پێش دوژمنەکانی لە پشتەوە خەنجەری لە دۆستەکانی داوە، سەرەڕای ئەوەش رێککەوتن باشترە لەڕێکنەکەوتن، بەدیلی رێکنەکەوتن، شەڕی خوێناوییە، بەدیلی ڕێکنەکەوتن، بەرلەوەی شەڕبێت لەگەڵ ئەو هەمەجیانەی کە دوێنێ دوای کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان هەڕەشەی سەربڕینیان لەکوردو گرتنی قەندیل دەکرد، شەڕ لەگەڵ تورکەکانە، ئەو تورکانەی هەموو ڕۆژێک پەیامی لەگۆڕنان بەچەکەوە بۆ شەڕڤانا دەنێرن‌و ڕۆژانە لەقەرەقۆزاق بەتانک‌و تۆپ‌و فڕۆکە خوێن دەڕێژن‌و تاوان ئەنجامدەدەن.

ئەمە قەدەری کوردەو دەبێت لەگەڵ هەرە خوێنرێژەکانی مێژوو، هەر لەئەتاتورک‌و ڕەزاشاو خومەینی‌و سەدام تا ئەردۆغان‌و باخچەلی‌و جۆلانی لەسەر مێزێک دابنیشین‌و دەستێک بگوشین کە خوێنی هەزاران لەڕۆڵەکانمانی لێ دەچۆڕێت، سەرەڕای ئەوەش، لەم قۆناغەدا ژەنەڕاڵ‌و هەڤاڵەکانی سەرکەوتوانە یاری‌و موناوەرەی دروستدەکەن‌و ئەم ڕێککەوتنەش یەکێک لەو یارو موناوەرانەیە.

بەکورتی، ڕۆژاڤا لەدەستێکی ئەمیندایەو لەم دۆخەشدا ڕێککەوتن باشترە لەڕێکنکەوتن.

ئارام ڕەفعەت

 

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە