هه‌فته‌ی ڕابردوو شاری موسڵ پێشهاتی گه‌رموگوڕ‌و له‌ناكاوی به‌خوه بینی، چونكه دوای ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی بردووه‌وه به‌هه‌نگاوی پته‌وه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چوو، به‌ڵام ئێستا حكومه‌تی عێراق له‌گفتوگۆی ئه‌وه دایه چاو به‌پلانه سه‌ربازیه‌كه‌دا بخشێنێته‌وه.
ڕۆژی ٢٢ی ئه‌م مانگه (ئازار) سه‌دان كه‌س له‌دانیشتووانی بێ تاوانی ناوچه‌ی “موسڵ جه‌دیده”ی نزیك شاری كۆنی خۆرئاوای موسڵ كوژران، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی توندڕه‌وان سه‌دان كه‌س له‌دانیشتووانیان له‌چه‌ند خانوویه‌كی ته‌نیشت یه‌كدا كۆكرده‌وه‌و چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویشیان له‌نزیكیان دانا تا وا پیشانی فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بده‌ن كه ئه‌و خانووانه باره‌گای چه‌كدارانی داعشن، بۆردومانێكی توند كرا‌و ئه‌نجامه‌كه‌شی خاپووربوونی چه‌ند گه‌ڕه‌كێك به‌ته‌واوی‌و كوژرانی سه‌دان كه‌س بوو.
ڕووداوه‌كه هێزه عێراقیه‌كانی ناچاركرد به‌شێوه‌یه‌كی كاتی ئۆپراسیۆنه سه‌ربازیه‌كان رابگرن بۆ چاوخشاندنه‌وه‌ی به‌پلانه سه‌ربازییه‌كاندا، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش دانی به‌روودانی رووداوه‌كه‌دا نا‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌وه ده‌ستپێكرد كه ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه بوو بۆردومانه‌كه له‌سه‌ر داوای هێزه عێراقیه‌كان بووه، هاوكات چیرۆك‌و دیمه‌نی سه‌دان ته‌رمی نێو گه‌ڕه‌كه‌كانی خۆرئاوای موسڵ هه‌واڵه‌كانی دیكه‌ی ئۆپراسیۆنه سه‌ربازیه‌كه‌ی شارده‌وه.
گه‌مارۆدانی داعش له‌ناو موسڵدا
یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین ئه‌و هه‌ڵه سه‌ربازیانه‌ی له‌شه‌ڕی خۆرئاوای موسڵدا هێزه ئه‌منیه‌كانی عێراقی تێیكه‌وتن بڕیاری سه‌پاندنی گه‌مارۆیه‌كی توندبوو به‌سه‌ر چه‌كدارانی داعشدا له‌ناو ئه‌و شاره‌ی سه‌دان هه‌زار دانیشتووی تێدایه، چونكه گه‌مارۆكه توندڕه‌وانی ناچاركرد تاكۆتایی به‌دڕندانه شه‌ڕبكه‌ن.
ئه‌گه‌ر كه‌مێكیش بگه‌ڕێینه‌وه بۆ دواوه، ئه‌وا ستراتیژی حكومه‌تی عێراق و هێزه‌كانی “هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی” بۆ دژایه‌تیكردنی داعش له‌سێ ساڵی رابردوودا له‌شه‌ڕه‌كانی پێشوودا له‌فه‌لوجه‌و رومادی‌و تكریت‌و بێجی له‌وه‌دا به‌رجه‌سته بووه كه توندڕه‌وان گه‌مارۆ نه‌درێن و ده‌روازه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵاتنیان بهێڵرێته‌وه له‌پێناو خۆبه‌دوورگرتن له‌شه‌ڕی درێژخایه‌ن‌و وێرانكه‌ر.
له‌م ڕووه‌شه‌وه شه‌ڕی فه‌لوجه كه له‌نێوان مانگه‌كانی ئایار‌و حوزه‌یرانی رابردوودا به‌ڕێوه‌چوو، نموونه‌یه‌كی ده‌گمه‌نی ئه‌و ستراتیژه‌یه، چونكه پلانه سه‌ربازییه‌كه ئه‌وه‌ی له‌خۆده‌گرت كه هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی‌و حه‌شدی شه‌عبی له‌باكوور‌و خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌وه هێرش بكه‌ن، هاوكات هێزه‌كانی ده‌زگای دژه‌تیرۆر له‌باشووره‌وه هێرشیان كرد‌و خۆرئاوای شاره‌كه به‌به‌تاڵی مایه‌وه تا توندڕه‌وان لێوه هه‌ڵبێن به‌ره‌و شارۆچكه‌ی قائیم له‌سه‌ر سنووری سوریا.
وه‌ك ڕائید ته‌میمی عه‌قید له‌سوپای عێراقیش له‌موسڵ ده‌ڵێت ده‌بووایه هه‌مان پلان له‌موسڵیش جێبه‌جێ بكرایه، ئه‌و به “نیقاش”ی وت “شه‌ڕی ئازادكردنی خۆرهه‌ڵاتی موسڵ به‌زیانێكی سنووردار ئه‌نجام درا، چونكه ده‌روازه‌یه‌ك هه‌بوو كه توندڕه‌وانی لێوه هه‌ڵاتن بۆ خۆرئاوای موسڵ له‌رٍێی په‌ڕینه‌وه‌یان بۆ كه‌ناری ئه‌و رووباره‌ی شاره‌كه‌ی كردووه به‌دوو به‌شه‌وه، پێشبینیمان ده‌كرد داعش له‌خۆرئاوای موسڵ له‌ڕێی هه‌ردوو شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر‌و به‌عاج به‌ره‌و سنووری سوریا بكشێته‌وه كه ئه‌وه‌ش رووی نه‌دا” به‌ڵام هۆكاره‌كه چیه؟ ته‌میمی‌و ئه‌فسه‌رانی دیكه‌ش خۆیان له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره لاده‌ده‌ن.
كاتێك هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌می ڕابردوو ده‌ستی پێكرد، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌به‌شداریكردن له‌شه‌ڕه‌كه دوورخرانه‌وه، به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ی حه‌شد به‌ره‌و خۆرئاوا به‌ده‌وری موسڵدا سووڕانه‌وه و ڕایانگه‌یاند ئه‌و ڕێگایه له‌داعش ده‌گرن كه به‌ره‌و سوریا ده‌چێت‌و كار بۆ ئازادكردنی شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر ده‌كه‌ن كه زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی توركمانی شیعه‌ن و له‌هاوینی ٢٠١٤ دا له‌لایه‌ن داعشه‌وه ڕاگوێزران.
له‌سه‌ره‌تای مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی ڕابردووش‌دا دوو سه‌ركرده‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه ئه‌وانیش ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس و هادی عامری بوون، ڕایانگه‌یاند هێزه‌كانی حه‌شد توانیویانه ڕێگه‌ی نێوان موسڵ و شاری ڕه‌قه‌ی سوریا له‌داعش بگرن كه ئه‌ویش به‌ره‌یه‌كی دوورودرێژی بیاباناویه‌و هێزه‌كانی حه‌شد توانیان به‌ته‌واوی كۆنترۆڵی بكه‌ن، به‌و پێیه‌ش داعش به‌ته‌واوی له‌موسڵدا گه‌مارۆ درا.
هه‌ندێك له‌سه‌ركرده‌ی گروپه شیعه‌كانی نزیك له ئێران، عێراق و سوریا به‌یه‌ك به‌ره‌ی شه‌ڕ داده‌نێن، هه‌روه‌ك چه‌ند گروپێكی شیعه‌ی عێراق له‌خاكی سوریادا شه‌ڕ ده‌كه‌ن، ئێرانیش پێیوایه بواردان به‌هه‌ڵاتنی توندڕه‌وان له‌عێراقه‌وه به‌ره‌و سوریا گوشاری سه‌ر به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریای هاوپه‌یمانی زیاتر ده‌كات‌و باشتره داعش به‌دابه‌شكراوی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا بمێنێته‌وه له‌بری ئه‌وه‌ی له‌به‌ره‌ی سوریادا به‌هێز بێت.
له٢٤ی كانونی یه‌كه‌می رابردووش‌دا په‌رله‌مانتار ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی وته‌بێژی حه‌شدی شه‌عبی له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌تارانه‌وه وتی “پێكه‌وه گرێدراوی به‌ره‌ی عێراق‌و به‌ره‌ی سوریا واقیعه‌و حه‌شد ئاماده‌یه بچێته سوریا پاش ڕه‌زامه‌ندی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق”.
به‌ڵام له‌واقیعدا چه‌ند گروپێكی شیعه‌ی عێراق به‌بێ ره‌زامه‌ندی ره‌سمی عێراق ئێستا له‌سوریا ده‌جه‌نگن، هاوكات بزووتنه‌وه‌ی “نوجه‌با” چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر پێكهێنانی لیوایه‌كی سه‌ربازی به‌ناوی “لیوای جۆلان” ڕاگه‌یاند، هه‌روه‌ك جه‌نگاوه‌رانیشی به‌شداری له‌و شه‌ڕانه‌دا ده‌كه‌ن كه له‌هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی جوبه‌ر‌و عه‌باسیین له‌دیمه‌شق له‌ئارادان.
هه‌ڵه‌یه‌كی تر كه رووبه‌ڕووی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق بووه‌وه، بڕینی رێگای نێوان موسڵ‌و شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ری چۆڵكراو بوو كه چه‌كدارانی داعش تێیدا نیشه‌جێن، كاتێك هێزێكی هاوبه‌ش له‌فیرقه‌ی نۆی سوپای عێراق‌و هێزه‌كانی “فیرقه‌ی شه‌ڕكه‌ری عه‌باس” شارۆچكه‌ی بادوشی خۆرئاوای موسڵیان كۆنترۆڵ كرد‌و به‌وه‌ش چه‌كدارانی داعش له‌ناو شارۆچكه‌یه‌كی پڕ له‌دانیشتوواندا له‌خۆرئاوای موسڵ گه‌مارۆدران، كه باشتر بوو ناچار بكرێن به‌ره‌و ته‌له‌عفه‌ر بكشێنه‌وه‌و له‌وێ شه‌ڕ بكه‌ن.
گۆڕینی پلانی شه‌ڕ
له٢٤ی كانوونی دووه‌می ڕابردوودا حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌نێو ئاهه‌نگ گێڕانی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان و وره‌به‌رزی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراقدا كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی به‌ری خۆرهه‌ڵاتی موسڵی ڕاگه‌یاند و پاش ٢٦ ڕۆژیش عه‌بادی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕی بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی به‌ری خۆرئاوای شاره‌كه ڕاگه‌یاند، به‌ڵام به‌پلانێكی جیاوازه‌وه.
به‌لای هه‌مووانه‌وه چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو هێزه‌كانی ده‌زگای دژه‌تیرۆر كه رۆڵی گه‌وره‌یان له‌ئازادكردنی به‌ری خۆرهه‌ڵاتدا گێڕا دوای چه‌ندین شه‌ڕی شاره‌زایانه بۆ پارێزگاریكردن له‌ژیانی دانیشتووان، له‌شه‌ڕه‌كه دوورخرانه‌وه‌و بوونه هێزێكی لاوه‌كی، له‌كاتێكدا هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی هێزی سه‌ره‌كی شه‌ڕه‌كه‌ن كه پێشتر ئه‌وان هێزی لاوه‌كی بوون له‌شه‌ڕی خۆرهه‌ڵاتی موسڵدا.
شه‌ممه‌ی رابردووش ئوسامه نوجێفی جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق كه خه‌ڵكی موسڵه له ڕاگه‌یه‌ندراوێكی ڕه‌سمیدا ڕایگه‌یاند به‌كارهێنانی پلانێكی نوێ له‌شه‌ڕه‌كانی خۆرئاوای موسڵدا كه جیاوازه له‌پلانی شه‌ڕی خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه، كوژرانی سه‌دان هاووڵاتی لێكه‌وته‌وه كه به‌زیندوویی كه‌وتنه ژێر داروپه‌ردووی خانووه‌كانیان له‌ئه‌نجامی بۆردومانی ئاسمانی فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و به‌ركارهێنانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری تۆپ و موشه‌ك له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵیه‌وه.
له‌ڕاستیدا هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی و هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا شاره‌زاییه‌كی زۆریان له‌شه‌ڕی نێو شه‌قامدا نییه به به‌راورد به‌ده‌زگای دژه‌تیرۆر، چونكه پۆلیسی فیدراڵی له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌وه دامه‌زراوه هێزێكی سه‌ربازی بێت هاوشێوه‌ی هێزه ئاساییه‌كانی سوپا به‌كه‌لوپه‌ل و ئۆتۆمبێلی قورسه‌وه، هه‌روه‌ك پێشتر به‌شداری شه‌ڕی ئاڵۆزی نێو شه‌قامی نه‌كردووه، له هه‌ندێك پارێزگاشدا ئه‌ركی پۆلیسی خۆجێیی جێبه‌جێ ده‌كات.
بۆ نموونه له به‌غدا و پارێزگاكانی باشووردا، هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی خۆجێی ئه‌ركه‌كانی پاراستنی ئاسایش و به‌دواداچوونی تاوانه‌كان و سه‌رپه‌رشتیكردنی سه‌دان خاڵی پشكنینی نێو شاره سه‌قامگیره‌كانیان له‌نێو خۆیاندا دابه‌ش كردووه، هه‌روه‌ك باره‌گای پۆلیسی فیدراڵی وه‌ك بنكه‌كانی پۆلیسی خۆجێیی له‌نێو گه‌ڕه‌كه نیشته‌جێكاندا هه‌ن.
حكومه‌تی عێراق هۆكاری دوورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری له‌شه‌ڕه‌كه ڕوون نه‌كرده‌وه، به‌ڵام هه‌ندێك سیاسی له‌پشتی په‌رده‌وه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه دیمه‌نی ئه‌و پێشوازیه‌ی له‌لایه‌ن دانیشتووانی خۆرهه‌ڵاتی موسڵه‌وه له‌گه‌وره جه‌نه‌ڕاڵه‌كانی ده‌زگای دژه‌تیرۆر كرا به‌هۆی سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه به‌كه‌مترین زیان، چه‌ند گروپێكی سیاسی توڕه كردووه.
هاوكات چه‌ند شرۆڤه‌كارێكی ناوخۆی عێراق پێیان وایه ئه‌و زیانه زۆرانه‌ی هێزه‌كانی ده‌زگای دژه‌تیرۆر له خۆرهه‌ڵاتی موسڵ لێیان كه‌وت، توانای شه‌ڕكردنی لاواز كردن‌و حكومه‌تیشی ناچار كرد په‌نا بۆ هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی ببات، به‌ڵام له‌راستیدا ئێستا چه‌ند لیوایه‌كی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر له‌خۆرئاوای موسڵ شه‌ڕ ده‌كه‌ن و ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ش فه‌رمانده‌ییان ده‌كه‌ن كه سه‌رپه‌رشتی شه‌ڕه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی موسڵیان كردووه.
شایانی باسه ململانێیه‌كی نادیار هه‌یه عێراقییه‌كان خۆیانی لێ به‌دوور ده‌گرن ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جیاوازی هه‌ڵسوكه‌وتی هێزه ئه‌منیه‌كانی عێراق كه چه‌ندین هێزیان لێ بووه‌ته‌وه، له‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ش ده‌زگای دژه‌تیرۆر خۆی له‌شه‌ڕكردن شانبه‌شانی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌دوور ده‌گرێت، له‌كاتێكدا لێكگه‌یشتنێكی زۆر له‌نێوان هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی‌و حه‌شدی شه‌عبیدا هه‌یه‌و زۆر جاریش شانبه‌شانی یه‌كتر شه‌ڕ ده‌كه‌ن.
بۆ نموونه له‌ئازاری ٢٠١٥دا گروپه شیعه‌كان ئه‌وه‌یان ره‌تكرده‌وه فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌شداری له‌ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی تكریتدا بكه‌ن هه‌رچه‌نده حكومه‌ت‌و سوپا لایه‌نگری به‌شداریكردنیان بوون‌و ناكۆكی له‌نێوان هادی عامری سه‌ركرده‌ی گروپه شیعه‌كان‌و جه‌نه‌راڵ عه‌بدولوه‌هاب ساعیدی فه‌رمانده‌ی ده‌زگای دژه‌تیرۆر روویدا، عامری ساعیدی به‌وه تۆمه‌تبار كرد كه خوازیاری هاوكاریكردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكایه‌و عه‌بادیش ناچار بوو بۆ جێبه‌جێكردنی داوای حه‌شدی شه‌عبی ساعیدی له‌ئه‌ركه سه‌ربازیه‌كانی لابدات.
ئه‌مه له‌كاتێكدا ئه‌و لێكگه‌یشتنه زۆره‌ی نێوان پۆلیسی فیدراڵی‌و حه‌شدی شه‌عبی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه پۆلیسی فیدراڵی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌و ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش ماوه‌ی ١٤ ساڵه به‌پێی به‌ش به‌شكاری سیاسی پشكی شیعه‌یه، به‌هۆی ئه‌و به‌ش به‌شكاریه‌شه‌وه فه‌رمانبه‌ران‌و چه‌كدارانی ئه‌و وه‌زاره‌ته به‌زۆری له‌شیعه ده‌بن، له ٣٠ی كانوونی دووه‌می رابردووش‌دا په‌رله‌مان وه‌زیرێكی نوێی به‌وه‌زیری ناوخۆ هه‌ڵبژارد كه قاسم ئه‌عره‌جی سه‌ركرده له‌رێكخراوی به‌دری سه‌ر به هێزه‌كانی حه‌شد بوو.
په‌له‌كردنی ئه‌مریكا بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه
به‌رپرسانی عێراق دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان هیواخوازه شه‌ڕه‌كه‌ی خۆرئاوای موسڵ به زووترین كات یه‌كلا بكرێته‌وه، بۆ به‌دیهێنانی ئه‌وه‌ش بۆ یه‌كه‌مجار هێزی وشكانی ئه‌مریكا شانبه‌شانی هێزه‌كانی سوپای عێراق‌و پۆلیسی فیدراڵی به‌شداری شه‌ڕه‌كه‌یان كرد‌و تۆپی قورسیان به‌كارهێنا‌و بۆردوومانه ئاسمانیه‌كانیشیان چڕ كرده‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌و ئاماده‌كاریانه له‌شه‌ڕه‌كه‌ی خۆرهه‌ڵاتی موسڵدا نه‌بوون.
له‌شوباتی ڕابردووش‌دا فیرقه‌ی نۆی سوپای عێراق فه‌رمانی له‌حكومه‌تی عێراقه‌وه پێگه‌یشت بۆ تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ لیوای دووی شه‌ڕكه‌ری سه‌ر به‌فیرقه‌ی (٨٢)ی په‌ڕه‌شووتی ئه‌مریكا كه تۆپه قورسه‌كانی بۆ پشتیوانیكردنی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌به‌ره‌كانی پێشه‌وه جێگیركردووه، هه‌روه‌ك چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی سوپای فه‌ره‌نساش تۆپه‌كانیان له‌ده‌وروبه‌ری باكووری موسڵ جێگیر كردووه.
له‌١٤ی ئه‌م مانگه‌شدا‌و به‌ر له‌رووداوی كوژرانی سه‌دان كه‌س له‌دانیشتووانی بێ تاوان له‌خۆرئاوای موسڵ، خه‌میس خه‌نجه‌ر سیاسه‌تمه‌داری سوننه له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ “رۆیته‌رز” هۆشداری دایه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌زیادبوونی قوربانیانی مه‌ده‌نی به‌هۆی سووربوونیان له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه به‌خێرایی‌و وتی “ئێستا دانیشتووانی شاره‌كه له‌ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازیه‌كان ده‌ترسن له‌كاتێكدا پێشتر دڵخۆشبوون به‌ئازادكردنیان له‌خۆرهه‌ڵاتی موسڵ”.
سه‌پاندنی گه‌مارۆ به‌سه‌ر توندڕه‌وان له‌ناو موسڵ‌و ئاماده‌نه‌بوونی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر له‌شه‌ڕه‌كه‌و سووربوونی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه به خێرایی، ئه‌و فاكته‌رانه‌ن كه ئه‌نجامی ته‌واو پێچه‌وانه‌یان لێ كه‌وتۆته‌وه له‌گرنگترین‌و دوا شه‌ڕی عێراقیه‌كان بۆ رزگاربوون له‌داعش پاش سێ ساڵ له‌داگیركردنی سێیه‌كی خاكی وڵاته‌كه، ئه‌و كوشتارگه‌یه‌ش كه سه‌دان كه‌سی بێ تاوان باجه‌كه‌یاندا، كاریگه‌ری زۆری ده‌بێت له‌سه‌ر ئاینده‌ی ئه‌و شاره كه ململانێی سیاسی‌و قه‌یرانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و خزمه‌تگوزاری ئاڵۆز چاوه‌ڕوانی ده‌كات.
سەرچاوە: نیقاش
ئامادەکردنی: مسته‌فا حه‌بیب