لەسەروبەندی تێکچرژانی دۆخی ناوخۆی سیاسی کوردستان بەهۆی لەیەکگیربوون و بەریەککەوتنی توندی چەند پارتێکی سیاسی، هەندێ “دیاردە” هاتنە کایەوە، بۆیە دەڵێین “دیاردە” چونکە دووبارەبوونەوەی فۆرمەکانی هاتنەدەنگ و وەڵامدانەوەی یەکتری و ناواخنی بەیاننامەکان کە بەشێکیان کردارن و بەشێکی دیکهشیان پەرچەکردارن، قاڵبیکی جیگیریان وەرگرتووەو پێشبینی پێشوەختەمان بەرلەنوسین و بڵاوکردنەوەو گوێلێگرتنیان بۆیان هەیە.
ڕاستە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بارگۆڕین و جۆری هاوکێشە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، ئاراستەی هەڵوێستە حزبیەکان و شێوازی کردارو پەرچەکردارەکان دیاریدەکەن، بەڵام هیچ کاتێک بۆ پارتێکی سیاسی “ئەگەر بیەوێ بمێنێتەوەو باڵاتر ببێ” سیاسەت بۆ حاڵی ئێستا ڕەنگڕێژ ناکات بەبێ ئەوەی بیر لەپریشکی دەرئەنجامەکانی سیاسەتکردنی بۆ سبەی نەکاتەوە.
ئەگەر چاوێک بخشێنین بەو مێزگردو و بەیاننامەو زمان و رستەکانی ڕەخنەگرتنی لایەنە ناکۆکەکان کە زێدەتر لە”تەشهیر- ناوزڕاندن”ەوە نزیکن، هەروەها دەست لەپشتدانی کادیران و هەوادارانی حزبە سیاسییەکان لەلایەن کارەکتەرە سیاسییەکانەوە زێدەتر لەرێگەی سۆشیال میدیاکانەوە، تاڕادەیەک یارمەتیمان دەدات لەوەی کە حزبیکی سیاسی لە حزبێکی سیاسی دیکە لەرێگەی ناسینەوەی زمانی هاتنە دەنگ و هەڵوێست و پرۆژەو پەرچەکردارو کردارەکانیان ئاسان لەیەکتری جیا بکەینەوە، هەندێ جار رووبەرووی هەڵوەستەو پرسیاری قوڵمان دەکاتەوە، چونکە ناتوانین تێبگەین لە سەرچاوەی ئەو پەروەردە خواروخێچەی کە ستراکتۆری ئەم زمانە شڕو شەپڕێوەی لەسەر بیناکراوە!
ئەوکاتەی بەیاننامەی حزبیکی سیاسی جیاوازی ناکات لەنێوان وتارێکی تاکەکەسی و هەڵوێستی فەرمیدا :
هەموو حزبێکی سیاسی بەپێی پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆی هەڵگری ستراتیژێكە، کە گرێدراوە بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی نەتەوەیەک، هەڵگرتنی دروشمەکانی بەرپرسیارێتی نەتەوەیەکیش وەک چۆن لە ئەجێندای پارتەکەوە دانە دانەی وشەو داڕشتنی رستەو هەڵبژاردنی گوزارشتەکانی بە بەرپرسیارێتییەوە کۆکراوەتەوەو وەک شانەی هەنگێک جەماوەرێکی بەرفراوانی لەدەوری خۆی کۆکردۆتەوە، ئاوهاش لەئاست هاتنەپێشی دۆخە جۆراوجۆرەکاندا پارتی سیاسی دەبێ بزانێ و تێبگات لەئاستی گەورەیی ئەو بەرپرسیارێتییە، ئینجا لەراستیشدا لەسیاسەتکردندا لەسەرزەمینی واقیعدا چۆن دەربکەوی و بەچ فۆرمێک ئەدای هەڵویست و کردارو پەرچەکردارەکانت بکەی بۆت دەبێ بەمێژوو.
ئەو مۆدێلە ئاستنزمەی کە لەئەنجامی تێکچرژانی پەیوەندییە سیاسییەکانی حزبەکانی کوردستاندا دەبینرێ “بەجیاوازی پارتێک لەپارتێکی دیکە” نزمترە لە مۆدێلی زمانی ملبهملێکانی ناو بازاڕەکان، چونکە زۆرینەی جار شەڕەقسەو لەیەکگیربوونی ئەهلی کەسابەتی ناوبازاڕەکان هەم عەفەویانە دروستدەبێ هەمیش کاریگەریەکانی خەڵکی تر بارگاوی ناکات بە رق و کینەو تۆخکردنەوەی ئارەزووی تۆڵەکردنەوە، بەڵام کاتێک حزبێکی سیاسی سەدان هەزاری کەسی دیکە لەناو بازنەی حزبەکەیدا لەژێر کاریگەری و فەرمانی خۆیدا هەڵدەسوڕێنێ،
بەم زمانە زبرە خوێنتێزاوە گەراو تۆوی رقلێبوونەوەو دووبەرەکی و تۆڵەسەندنەوە لە رۆحیاندا بڵاودەکاتەوە، لەوێشەوە ئەم زمانە وەک گرێی نەخۆشی شێرپەنجە بڵاودەبێتەوە بۆناو زمانی وتار و پۆست و کۆمێنتی سۆشیال میدیاو قسهوباسی سەرمێزی تەلەفزیۆن و رادیۆو تادەگاتە روبەرووبونەوەی ژووری دیوەخانەکان، جا هەر ئەم پەروەردە نالۆژیکیەش بوو لە ماوەی هەڵمەتی پرۆسەکانی هەڵبژاردنەکانی رابردوودا جگە لە کوشتنی مەعنەوی، خوێنی دەیان کەسی بێتاوان و لایەنگرانی حزبی تێدا رژێنرا، هەر ئەو زمانی هاتنە دەنگە چەقۆئاساو توندوتیژەی ئەمرۆشە ژیانی نەتەوەیەکی گەیاندۆتە ئەو ئاستە ترسناکەی ئێستا.