بودجەی پێشبینیكراوی ساڵی ٢٠١٧ی عێراق كە رۆژی دووشەممەی رابردوو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا بە زیاتر لە ٩٥ ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و پشكی ١٧% ی هەرێمی كوردستانی تێدا جێگیركراوە.
ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ ڕایگەیاندووە، لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٧دا عێراقدا چەند بڕگەیەكی مەترسیدار لەسەر هەرێمی كوردستان دانراوە كە هەرێم ناتوانێت پابەند بێت پێیەوە و نایەوێت ئەو بڕگانە جێبەجێ بكات.
ئەحمەد حاجی رەشید ڕوونیکردووەتەوە کە لە بوودجەی ئەمساڵدا نرخی نەوت بە ٤٢ دۆلار بۆهەر بەرمیلێك خەمڵێنراوە، ڕێژەی هەناردەی نەوتیش لە رۆژێكدا ٣ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار بەرمیلە، لەگەڵ ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی كەركوك و ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی كوردستان.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی وتووە “پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٧ی عێراق ٩٠% كۆپی پەیستی بودجەی ساڵی ٢٠١٦ و ئەویش هی ساڵی ٢٠١٥ یە ، ئەوەی هەیە تەنها كۆمەڵێك ژمارە و داتا زیاد و كەمیان پێكراوە، بەنموونە رێژەی هەناردەی نەوت زیادی كردووە بەڵام هەندێكی تر لەوانە ئیراداتی غەیرە نەوتی كەمی كردووە، لەكاتێكدا هەموو خەرجییەكان لە ١٠٥ ترلیۆنەوە هاتووەتە سەر ١٠٠ ترلیۆن دینار”.
ئەحمەد حاجی رەشید لە بارەی كورتهێنانی بودجەوە وتوویەتى “بڕی كورتهێنان لە بوودجەكەدا ساڵی رابردوو ١٩ ترلیۆن بوو ئێستا هاتووەتە سەر ٢١ ترلیۆن دینار، لەكاتێكدا لەكاتی سەرەتای یەكەم نوسخەی بودجە ٣٤ ترلیۆن بووە”.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە كە هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانە لە بارەی پشكی هەرێم لە بودجە و ئەو مەرجانەی لەسەر هەرێمی كوردستان سەپێندراوە، وتوویەتى” پشكی هەرێمی كوردستان دانراوەتەوە بە ١١ ترلیۆن، بەو مەرجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە ٥٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و داهاتە ئیتیحادییەكان رادەست بكات” .
ئاماژەی بەوەشکردووە “یەكێك لەو بڕگە مەترسیدارانەی لەناو پڕۆژەی بودجەدا دانراوە دەبێت هەرێمی كوردستان هەر بڕە نەوتێكی زیادەی هەبوو لە ٥٥٠ هەزار بەرمیلەكە رادەستی حكوومەتی ئیتیحادی بكاتەوە، بۆیە بە بڕوای من حكوومەتی هەرێمی كوردستان نە دەتوانێت پابەند بێت بەو یاسای بودجەیەوە، هەروەها نە دەشیەوێت پابەندی بكات پێیەوە، پابەند بوونیشی واتە پاشگەز بوونەوە لەو گرێبەستە نەوتیانە یان لەو هاوبەشییەی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان كردوویەتی، بۆیە تووشی گەورەترین غەرامە و دادگایی كردن دەبێتەوە”.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لە مەترسی كەمبوونەوەی یەدەگی دراوی عێراقی كردووە و ڕایگەیاندووە “یەدەگی دراوی عێراقی بە قۆناغێكی زەمەنیدا تێپەڕیوە و لە ٢٠١٣ دا ٨٤ ملیار دۆلار یەدەگی نەوتی بووە، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە كەمتر لە ٥٠ ملیار دۆلار واتە نزیكەی ٣٤ ملیار دۆلار كەمی كردووە كە زۆربەی زۆری بە بۆنەی مەزاداتی دراوەوە بووە كە یەكێكە لە دەرچەكانی گەندەڵی لە عێراقدا، بۆیە پێویستە عێراق چاوبە سیستەمی نەقدی خۆی بگێڕێتەوە ئەگینا هێندەی تر ئەو یەدەگە كەمتر دەكات و وڵاتەكە دووچاری گرفت دەبێتەوە”.
ئەو ئاماژەی كردووە بەوەی شەڕی ئێستا دژی داعش و رزگاركردنەوەی مووسڵ رۆژانە تێچووی زۆر لەسەر عێراق هەیە كە حكوومەت ئاشكرای ناكات، هەروەها ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەش لە دوای رزگاركردنەوەی بوودجەیەكی گەورەی دەوێت، ئەوەش عێراق دەخاتە ژێر قەرزێكی نێودەوڵەتییەوە.