ئەم نوسینە بەرهەمی ئەو سەرنجانەیە کە تێبینیم کردون لەمیانەی کارکردنم وەک یاریدەدەری مامۆستا لە یەکێک لە خوێندنگە سەرەتاییەکانی بەریتانیا و بەرئەنجامی تێکەڵاویمە لەگەڵ ژینگەی هەمان خوێندنگەی منداڵەکەم. بۆ خۆم هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە هەتاوەکو بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەریش هەر لە هەرێمی کوردستاندا بوم و پەروەردەی ئەو هەرێمەم ئەزمونکردوەو تا ئاستی مامۆستای زانکۆ لە بەرزترین دامەزراوەی پەروەردەیی کارمکردوە.
گرنگی ئەم نوسینە لەوەدایە بەکردەیی ئەزمونی پەروەردەیی خوێندنگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و خوێندنگە سەرەتاییەکانی بەریتانیای لەبەرچاوگرتوەو هەوڵێکە بۆ خستنەڕوی جیاوازیەکانی هەردو سیستمە پەروەردەییەکە. ئاشکرایە کە جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان کوردستان و بەریتانیا، چ لەڕوی بینای خوێندنگەکان، ماوەی مانەوەی فێرخواز لە خوێندنگە، ستافی بەڕێوەبردن، پێدانی ژەمە خۆراک و کەرەستەو ئامرازەکانی فێرکردن و چەندانی دیکە. هەربۆیە نوسینەکە رۆشنایی دەخاتەسەر چەند بابەتێک کە جیاوازییەکان تیایاندا زۆر بەڕونی دەردەکەون و لەم تەوەرانەی خوارەوە پێکدێت:
تەوەری یەکەم: رەچاوکردنی توانای فێرخواز
مەبەست لە رەچاوکردنی توانای فێرخواز ئەوەیە تا چ رادەیەک سیستمە پەروەردەییەکە بەهرەو تواناو ئاستی فێرخواز لە بابەتە جیاوازەکانی خوێندندا لەبەرچاودەگرێت، هاوکات ئامرازو تەکنیکەکانی پەروەردەکرن لە خزمەت ئەو توانایانەدا وەگەڕ دەخات.
بەپێچەوانەی بەریتانیا، لە هەرێمی کوردستان فێرکردن لەسەر ئاستی تاک نیە، بەڵکو مامۆستا وانە بەپۆلێک دەڵێتەوە کە فێرخوازانی تێکەڵەیەکن لە ئاست و توانای جیاواز، بەڵام ئەو جیاوازییە رەچاوناکرێت. بۆ نمونە، جیاوازیی ناکرێت لەنێوان فێرخوازێکی ئاستبەرز لە بیرکاریدا لەگەڵ هاوپۆلە لاوازەکەی لە هەمان بابەت. هەردوکیان هەرهەمان کاتی فێربونیان بۆ دیاریدەکرێت و هەمان سەرچاوەی زانیارییان دەخرێتە بەردەست و هەمان چالاکی ئەنجامدەدەن. لەکاتێکدا لە سیستمی بەریتانیدا، فێرخوازانی هەمان پۆل دابەشدەکرێن بەسەر چەند گروپێکدا بەپێی ئاست و توانایان. ئەمەش لەپێناو رەخساندنی فرسەت و هەلومەرجی گونجاو بۆ هەر تاکێک لەهەر بابەتێکداجا لەهەرئاستێکدابن. بۆ نمونە، رەنگە فێرخوازێک لە گروپی ئاستبەرزەکاندا بێت لە خوێندنەوە ونوسیندا بەڵام لە گروپی لاوازەکاندا بێت لە بیرکاریدا. بۆ ئەمەش هەر فێرخوازێک لە هەر بابەتێکدا ولەهەر یەکێک لە قٶناغەکانی فێربوندا ئامانجێکی دیاریکراوی بۆ دیاریدەکرێت کە هاوتای توانای تێگەیشتن وئاستی فێربونیەتی. بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە هەر کەسەیان کاتی جیاوازی دەوێت، کەرەستە وسەرچاوەی فێربونی جیاوازی دەخرێتە بەردەست وشێوازی تێگەیاندنی جیاوازی بۆ دەگیرێتەبەر. رەچاوکردنی توانای هەر فێرخوازێک بە تەنها، دەبێتەهۆی پەرەپێدانی توانای هەریەكێکیان ورێگرە لە بەفیڕۆدانی کات وکۆششی فێرخوازو ماندوبونی مامۆستاش.
بۆ راپەڕاندنی کارەکانی، مامۆستا پێویستی بە هاوکاری مامۆستای یاریدەدەرە کە لە هەرێمی کوردستان ئەم پۆستە بونی نیە. ئەرکی مامۆستای یاریدەدەرە هاوکاری ئەو فێرخوازانە بکات کە پێویستیان بە هاندان و یارمەتی زیاترە لەکاتی بەئەنجامگەیاندنی ئەرکەکانیان لە پۆلدا. یەکێکی تر لە ئەرکە گرنگەکانی مامۆستای یاریدەدەر بریتییە لە هاوکاریکردنی فێرخوازانی خاوەنپێداویستی تایبەت بەهەمو شێوەیەک. بۆ ئەم مەبەستەش هەر خاوەنپێداویستیەکی تایبەت دەبێت لەلایەن مامۆستایەکی یاریدەدەرەوە بە بەردەوامی یاوەری و پاڵپشتی بکرێت.
تەوەری دوەم: پاداشت وسزا
دانانی رێسا بۆ جڵەوگیرکردنی پۆل و هەڵسوکەوتی فێرخوازان یەکێکە لە بنەماکانی بەڕێوەبردن لە پەروەردەدا لەپێناو زامنکردنی ژینگەیەکی ئارام و تەندروست بۆ هەموان و رێگرییکردن لە پشێویی و بەفیڕۆدانی کات. لەپاڵ پەیڕەوکردنی میکانیزمی سزاو جڵەوگیریی، پاداشتکردنی فێرخواز بۆ زیاتر فێربون و رەفتاری جوان و پیشاندانی گیانی هاوڕێیەتی بنەمایەکی دیکەیە.
جێگەی ئاماژە پێکردنە کە فەزای گشتی (سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی) لە کوردستان و بەریتانیا زۆر جیاوازن. بەوپێیەی مەودای ئازادییە تاکە کەسیی و گشتیەکان لە بەریتانیا بەرفراوانترە و بەهاکانی لێبوردەیی و ناتوندوتیژی لە بنەما سەرەکی و پێکهێنەرەکانی کلتوری کۆمەڵگەی بەریتانیە. هاوکات سەروەری یاسا بەرقەرارە و پێشێلکردنی مافی ئەوانی دی سزای یاسایی بەسەردا دەسەپێنرێت. ئازاردانی جەستەیی و دەرونی دەچێتە خانەی پێشێلکردنی ماف وئازادییەکانی ئەوانی دی و بێ سزا تێناپەڕێت. هەربۆیە، لەم فەزای ئازادی و سەروەریی یاساو پاراستنی مافی مرۆڤەدا، خوێندنگاکان کە بەشێکن لە بەرهەمهێنانی ئەو فەزایە لەڕێگەی پەروەردەکردنەوە، زامنی ماف وئازادییەکانی فێرخواز دەکەن.
لەخوێندنگە بەریتانیەکەدا، هەر لەدەستپێکی خوێندنەوە فێرخوازان ئاشنا دەکرێن بەو سیاسەتەی خوێندنگەکەیان لەبارەی پاداشت و سزاوە پەیڕەوی دەکات و قۆناغ و دەرئەنجامەکانیان بەڕونی دەخرێتە پێشچاو. سیستمەکەیان لەشێوەی ترافیک لایتێکدا داڕشتوە کە لە پێنج بازنەی رەنگ جیاواز پێکدێت بەشێوەیەکی ستونی و لە شوێنێکی دیاردا لەسەر دیواری هەر پۆلێک دانراوە. وێنەی هەر فێرخوازێک بەقەبارەی بچوک وەک وێنەی مامەڵە ئامادەکراوە کە پشتەکەی لەزگەی پێوەیە بۆ ئەوەی لەسەر بازنەکان راگیرببێت. هەمو بەیانیەک کە سەرەتای رۆژێکی نوێیە بۆ فێربون وێنەی هەمو فێرخوازەکان لە سەر بازنە رەنگ سەوزەکە دادەنرێت کە لە ناوەڕاستی رەنگەکاندایە و ئاماژەیە بۆ باری ئاسایی. سزاو پاداشتی رۆژی پێشوتر رەچاوناکرێت. لە خوار رەنگی سەوز، دو بازنەی دیکە هەن کە تایبەتن بە سزادان، یەکێکیان پرتەقاڵیەو ئەوەی خوارتر سورە. ئەگەر فێرخوازێک رەفتارێکی نەشیاو بنوێنێت یان وتەیەکی نەگونجاو بەکاربهێنێت، ئەوا وەک سەرنجڕاکێشانێک وێنەکەی لەسەر بازنە رەنگ سەوزەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەر بازنەی رەنگ پرتەقاڵی. چاودێریش دەکرێت بۆ ئەوەی ئەگەر بەشێوەیەکی کرداری خۆی راستکردەوە یان هەر وتەو کارێکی شیاو و باشی کرد دوای ئەو هەڵەیەی کردویەتی، ئەوا وێنەکەی جارێکی ترو لە هەمان رۆژدا دەچێتەوە سەر رەنگی سەوز. بەڵام ئەگەر بەردەوامبو لەسەر هەڵەکەی یان لەوکاتەدا کە هەر لەسەر پرتەقاڵییە، کاری نەشیاوی دیکە بکات، ئەوە ئاماژەیەکە کە سەرنجڕاکێشانی یەکەم زۆر کاریگەر نەبوە. بۆیە وێنەکەی دەگوازرێتەوە بۆ خوارتر کە رەنگی سورەو بەمەش دەبێت فێرخوازەکە لەگەڵ بەڕێوەبەر یان یاریدەدەری بەڕێوەبەر دابنیشێت و باسی هەڵەکەی بکات و گفتوگۆ لەوبارەیەوە بکەن. زۆربەی کات فێرخوازان بەمە خۆشحاڵ نین و کاریگەریی دروست دەکات بە ئاڕاستەی بەخۆداچونەوەو دوبارەنەکردنەوەی ئەو شتەی هۆکاری سزاکەیەتی. بەڵام هەندێکجار مامۆستا هەستدەکات فێرخواز هەیە بەم جۆرە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر دروستنابێت، ئەوکات خوێندنگە پلانێکی تایبەت پەیڕەو دەکات کە سەرباری فێرخوازو مامۆستاکەی، دایک وباوک (یان بەخێوکەری فێرخوازەکە) و بەڕێوەبەر و توێژەری کۆمەڵایەتی خوێندنگەکەش بەشدار دەبن تیایدا.
لەسەرو رەنگی سەوزەوە، رەنگی زیویی هەیە کە ئاماژەیە بۆ پاداشت لە کاتی هەر بەرەو پێشچونێک لە فێربوندا، ئەنجامدانی هەرکارێکی باش، نیشاندانی رێز و گیانی هاوڕێیەتی و هەر شتێکی دیکە کە گرنگ بێت سەرنجی فێرخوازانی دیکەی بۆ رادەکێشرێت تا ببێتە نمونەیەکی جوان بۆ هەموان. خۆ ئەگەر ئەو فێرخوازەی وێنەکەی لەسەر بازنە زیویەکەیە، بەردەوام بو لەسەر کاری باش یان باشتر، ئەوا وێنەکەی دەگوازرێتەوە بۆ بازنەی سەروتر کە لە لوتکەی ترافیک لایتەکەدایە و رەنگی ئاڵتونیە. بەمەش فێرخوازەکان زۆر خۆشحاڵ دەبن و شانازی بەخۆیانەوە دەکەن. هاوکات دەنێردرێن بۆ ئەوەی بەڕێوەبەر یان یاریدەدەری بەڕێوەبەر لەزگەیەکی ئاڵتونی لە بەرۆکی فێرخوازەکە بدەن وەک هاندانێک.
سەرباری ئەوەی ئێستا لە کوردستاندا بەکارهێنانی توندوتیژیی وەک سزایەک بۆ جڵەوگیرکردنی فێرخواز بەیاسا قەدەغەکراوە و گۆڕانکاریش رویداوە لە پەیوەندی نێوان مامۆستا و فێرخوازدا، بەڵام یاسا و رێساکانی پەروەردەش وەک سەرجەم بوارەکانی تری سیاسەت و بەڕێوەبردن و رۆژنامەگەریی روبەڕوی پێشێلکاری بەردەوام دەبنەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، شکاندنی کەسایەتی وشکۆی تاک و بەکارهێنانی توندوتیژیی جەستەیی و دەرونی، هەروەک چۆن ئامرازی سیاسەت و بەڕێوەبردنن، لایەنێک لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان داگیردەکات بە پەیوەندی نێوان مامۆستا و فێرخوازیشەوە لە خوێندنگەکاندا. بەداخەوە هێشتا هەر لێرەو لەوێ گوێبیستی چیرۆکی بەکارهێنانی توندوتیژییدژی فێرخوازان دەبین لەناوەندەکانی خوێندندا، بەلێدان یان بەسوکایەتیپێکردن و سەرزەنشتکردنی لەپێش چاوی هاوڕێکانی لە پۆلدا یان لەبەردەم مامۆستا و بەڕێوەبەر و تەنانەت دایک و باوکاندا لە ژوری بەڕێوەبەردا.
راگرتنی کەسایەتی و شکۆی تاک و پاراستنی مافەکانی، چەندە گرنگە بۆ فێرخواز، هێندەش گرنگە بۆ مامۆستا دەستەبەربکرێن. لە ئێستادا توێژی مامۆستایان لە کوردستان بەگشتی (هەرچەندە لە قۆناغی پێشتریشدا، بەڵام بەڕێژەی جیاواز) بەدەست قەیرانی دارایی وکەمی موچە ودەستەبەرنەکردنی مافەکانیان دەناڵێنن. ئەمەش دەرەنجامی خراپ لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکە پەروەردەییەکانیان دروست دەکات. لەکاتێکدا لە بەریتانیا مافە داراییەکانی مامۆستا دەستەبەرن وپێگە و کەسایەتیان پارێزراون.
تەوەری سێیەم: هاندانی فێرخواز ونرخاندنی کۆشش
رەخساندنی هەلی یەکسان لەبەردەم هەمو فێرخوازاندا بۆ دەرخستنی توانا و بەهرەکانیان و هاندانیان بۆ برەودان بەتواناکانیان و دواتریش نرخاندنی هەر کۆشش و هەوڵێکیان یەکێکە لە سیما دیارەکانی خوێندنگەی بەریتانی.
پێدانەوەی کارتی نمرە لە کۆتایی ساڵدا لە کوردستان و بەریتانیا تەواو جیاوازن. لە کاتێکدا لە کوردستان لە کۆتا رۆژی ساڵی خوێندندا نمرە دەدرێتەوە و بەشێوەیەکی ئاشکرا دەدرێتە دەست فێرخوازەکە و تەنها نمرە یان ئاست دیاریکراوە، بێ هیچ رونکردنەوەیەک. بەڵام لە خوێندنگە بەریتانیەکەدا نزیکەی دە رۆژ بەر لە تەواوبونی ساڵی خوێندن راپۆرتی کۆششی ساڵانەلە زەرفێکی داخراودا (کە ئاڕاستەی بەخێوکەر کراوە) لەکۆتایی دەوامی رۆژدا دەدرێتە دەستبەخێوکەرەکە، کە وەک رۆژانی دی بۆ وەرگرتنەوەی منداڵەکەی هاتوەتە خوێندنگە. ئەوەی لە زەرفەکەدایە بە تەنها کارتێکنیە بەڵکو راپۆرتێکی چەند پەڕەییە. بۆ هەر بابەتێک رونکردنەوەی پێویستی مامۆستاکە نوسراوە سەبارەت بە ئاست و توانای فێرخوازەکە، لە سەرەتای ساڵدا چۆن بوە، تا چ ئاستێک بەرەوپێش چوە، ئاستەنگەکانی بەردەمی چی بون، چۆن چارەسەرکراون، و بۆ هەر بابەتێک لەساڵی خوێندنی داهاتودا پێشنیاری پێویست دراوە. نەک هەر تەنها لەو بابەتانەی خوێندراوان، بەڵکو مامۆستا لەڕاپۆرتەکەدا رونکردنەوە دەدات سەبارەت بە گەشەی جەستەیی، لایەنی تەندروستی ودەرونی،هەڵسوکەوت و کەسێتی، توانای رێکخستنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی فێرخواز وراددەی متمانەبەخۆبونی. جێی ئاماژەپێدانە لەم پرۆسەیەدا، جگەلەوەیلایەنی تایبەتی وکەسیی (privacy) فێرخواز پارێزراوە، رێگریش کراوە لە رۆڵی میزاجی شەخسی مامۆستا و کورتکردنەوەی توانای فێرخوازبە تەنها لەسەر بنەمای نمرەی بەدەستهاتو لە تاقیکردنەوەیەکدا. لە کوردستاندا توانای فێرخواز تەنها لەسەر بنەمای تاقیکردنەوەیەک، کە رەنگە لە هەلومەرجێکی نەخوازراودا ئەنجامی دابێت، دیاری دەکرێتوەک هاتنەپێشی کێشەیەکی خێزانی یان نەخۆشکەوتن.
لەگەڵ راپۆرتی کۆششی ساڵانەدا، لاپەڕەیەک هاوپێچ کراوە کە پێویستە بەخێوکەر ئیمزای بکات وەک ئاماژەیەک بۆ ئاگاداربون لە وەرگرتنەوەی تۆماری منداڵەکەی وبیگەڕێنێتەوە بۆ ئیدارەی خوێندنگەکە وهەر تێبینیەکیشی هەبێت بۆی هەیە لەوێدا بینوسێت و هەر رونکردنەوەیەکیشی بوێت، ئەوا داوای کاتێکی گونجاو دەکات بۆ بینینی مامۆستاکە.
لە کۆتا رۆژی ساڵی خوێندندا، کۆبونەوەیەک دەکرێت بە ئامادەبونی دەستەی بەڕێوەبەر وسەرجەم مامۆستا و مامۆستا یاریدەدەرەکان و فێرخوازان بۆ نرخاندنی هەوڵ و کۆششی نەک هەر فێرخوازان، بەڵکو ئەو مامۆستایانەش کە بە هەر هۆیەک بێت خوێندنگەکە بەجێدەهێڵن، جا یا خانەنشین دەبن، دەگوازنەوە بۆ خوێندنگەیەکی دیکە، پیشەیەکی جیاواز هەڵدەبژێرن، یان بەشێوەیەکی کاتی مۆڵەتی نەخۆشی یان دایکایەتی وەردەگرن. هاوکات کورتەیەک لەبارەی رۆڵیان باسدەکرێت ودیارییەکیان پێدەبەخشرێت. سەبارەت بە فێرخوازان، تەنها ستایشی رۆڵی ئەوانە ناکرێت کە هەر خۆیان زیرەک وبەهرەدارن، بەڵکو کۆششی ئەوانەش بەرزدەنرخێنرێت کە ئاستیان بەرز نەبوە بەڵام هەوڵیانداوە بۆ باشتر. کاتێک بانگ دەکرێن تا بڕوانامەی رێزلێنانیان پێبەخشن، رونکردنەوەی پێویست و پوخت دەدرێت سەبارەت بەو کارو هەوڵەی کە بەدیاریکراوی بۆتە هۆکاری ئەو رێزلێنانە. فێرخواز هەیە لە پای پابەندبون بە دەوامی رۆژانە بەشێوەیەکی زۆر باش بڕوانامەی دەدرێتێ. ئەم نمونانە جەخت لەسەر ئەو راستیە دەکەنەوە کە هەر هەوڵێک جێی خۆی دەگرێت، هەمو كۆششێک دەنرخێنرێت، هەمو فێرخوازێک جێی بایەخە (نەک بە تەنها زیرەک و ئاستبەرزەکان). هەمو ئەمانەش بەها دەدەن بە فێرخواز وەک تاک وهانی پەرەپێدانی هەوڵەکانی دەدەن بەبێ جیاکاری. بەداخەوە، لە کوردستان نرخاندنی کۆششی فێرخواز تەنها لە نمرەدا کورتکراوەتەوە، کە هەندێ جار نادادی لەوەشدا دەکرێت. هێشتا ئەو نمونەیە لە کارتی نمرە دەبینرێت کە فێرخواز لە سەرجەم وانەکاندا ئاستی باڵا ونمرەی بەرزی بەدەستهێناوە بەڵام لە وەرزش وێنەدانمرەی کەمی بۆ دانراوە، کە وەک پێویست لە خوێندندا بایەخیان پێنادرێت بەڵام لە ئەژمارکردنی نمرەدا کاریگەرن لە دیاریکردنی پلەبەندی فێرخوازەکاندا. ئەمەش لەپێناو رێگریکردن لە بە یەکەم دەرچونی فێرخوازێک و بون بە یەکەمی هاوپۆلێکی دیکەی کە منداڵی مامۆستای هەمان خوێندنگەیە، یان لە میزاجی مامۆستاکەدا پەسەندترە. ئەمە ئەو راستییە تاڵە پیشاندەدات کە هەندێک جار نەک کۆششی فێرخواز وەک پێویست نانرخێندرێت، بگرە بەربەرەکانیشی دەکرێت تا تامی سەرکەوتنی بون بە یەکەمی نەکات. ئەمەش رەنگدانەوەی کۆمەڵگەیە کە لەجێی یەکسانی ودادپەوروەری وفرسەتپێدان، نادادی بۆتە سیمای، دانانی کەسی نەشیاو لەشوێنی شیاو شتێکی نائاسایی نیە و مەحسوبیەت و خزمخزمێنە لەهەمو شوێنێک ئامادەیی هەیە.
تەوەری چوارەم: خۆراکپێدان وچالاکی وەرزشی
وتەیەک هەیە کە عەقڵێکی دروست لە جەستەیەکی دروستدایە، خۆراکپێدان وەرزش دو هۆکاری گرنگن بۆ بەدیهێنانی تەندروستیەکی باش.
بەپێچەوانەی خوێندنگە حکومیەکانی کوردستانەوە، لە بەریتانیا رۆژانە دوجار خواردن دەدرێتە فێرخوازەکان؛ جاری یەکەم تەنها میوەیەو لە بەیانیاندایە ودوەمیش ژەمی سەرەکی نیوەڕۆیە. ئەم ژەمە خواردنانە بۆ هەمو منداڵێک لە قۆناغی باخچەی ساوایان، ساڵی پێشوازی، پۆلی یەک وپۆلی دو بە خۆڕاییە. بەڵام لە قۆناغەکانی دواتردا رەچاوی باری دارایی خێزانی منداڵەکە دەکرێت وبەپێی رێساکان پێویستە هەر خێزانێک بڕێک پارەبدات بۆ ئەو بەشەخۆراکەی منداڵەکەی لە خوێندنگە وەریدەگرێت یاخود بڕیاردەدرێت ببەخشرێت. ئەمە لە کاتێکدایە، هەر خێزانێک سەرپشکە لەوەی خواردن لەماڵەوە بۆ منداڵەکەی ئامادەبکات و بۆی بهێنێت. هیچ منداڵێک پارەی بەدەستەوە نابێت، بەڵکو بەخێوکەرەکان لەکاتی پێویستدا پارە دەدەن بە ئیدارەی خوێندنگەکە. لەئامادەکردنی ژەمە خۆراکەکاندا، رەچاوی هەمەچەشنی و لایەنی تەندروستی و خاوێنی دەکرێت. لەهەمانکاتدا، منداڵەکان پابەند دەکرێن بە ئادابی راگرتنی خاوێنی و سەرەگرتن و نانخواردن بەرێکوپێکی و لابردنی قاپەکانی خۆیان و سوپاسکردنی ئەو کەسانەی چاودێرییان دەکەن یان یارمەتیان دەدەن لە ژەمە خۆراکەکاندا.
پەروەردەی وەرزشی یەکێکی ترە لەو بوارانەی کە بەداخەوە لە کوردستان جێی بایەخ نیە، بەڵام لە بەریتانیا گرنگی زۆری پێدەدرێت لەرێگەپێدانی کاتی گونجاو و تەواو، دابینکردنی کەرەستەی هەمەچەشن و ئامرازی یاری و جوڵەی جۆراوجۆر کە وانەکە دەکەنە بابەتێکی گرنگ و چێژبەخش و بەسود. تەمەنی فێرخوازەکان وتوانایان وخولیایان رەچاودەکرێت. بۆ ئەوانەی خاوەنپێداویستی تایبەتن، هەمیشە مامۆستایەکی یاریدەدەر یاوەرییان دەکات و رەچاوی رێنمایی پزیشکی تایبەت بە فێرخوازەکە دەکات (ئەگەر پێویست بکات بەپێی حاڵەتەکەی).
لەو خوێندنگەیەی کاری تیا دەکەم لە بەریتانیا، ساڵانە چالاکییەک سازدەکرێت کە پێشوەختە بانگهێشتنامە بۆ بەخێوکەری فێرخوازەکان دەنێردرێت تا ئامادەییان هەبێت لەو رۆژەدا و لەکاتی ئەنجامدانی پێشبڕکێ وەرزشییە هەمەچەشنەکاندا هانی منداڵەکانیان بدەن. هەر لەو رۆژەدا تیمی یەکەم و دوەم و سێیەم خەڵات دەکرێن. هەر لەچواچێوەی گرنگیدان بە وەرزش، جگە لە وانەی وەرزش، یانەی هەمەچەشن یان خولی وەرزشیی لە خوێندنگەکاندا رێکدەخرێن لە دوای دەوام. بۆ نمونە، ئەگەر دەوامی خوێندنگەیەک کاژێر نۆی بەیانی بۆ سێی پاشنیوەڕۆ بێت، ئەوا یانەکە لە کاژێر سێ بۆ چوار دەبێت. هەندێ لەو یانانە بە خۆڕایین و لەسەر ئەرکی خوێندنگەکە بەڕێوەدەچن، بەڵام هەندێکیان بەپارەیە. بۆ نمونە راهێنەرێک لە تیمێکی تۆپی پێ خولێک دەکاتەوە بۆ فێرخوازانی ئەو خوێندنگەیە لەژێر چاودێری ستافی خوێندنگەکەداو لەبەرامبەردا بڕێک پارە وەردەگرێت. لەهەردو بارەکەدا، فێرخوازان سەربەستن لە بەشداریکردن یان نەکردن لەو یانە و خولانەدا.
ئەوەی لەسەرەوە باسکرا مشتێکە لە خەروارێک و زیاتر ئاماژە بو بۆ لایەنە تەکنیکی و ئامرازییەکەی سیستمی پەروەردەو جیاوازییەکانی لە خوێندنگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا. ئەوەی گرنگە لە دەرخستنی جیاوازییەکانەوە بەدەستبهێنرێت ئەو تێگەیشتنەیە کە چۆن پەروەردە دەرفەتی یەکسان وتوانستی گونجاو بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێت تاوەکو پەرە بە تواناکانی بدات، هاوکات دواهەمین ئامانجەکانی پەروەردە هەر مرۆڤ خۆیەتی تاوەکو بەئازادی و وەک بونەوەرێکی خاوەن کەرامەت شوێنی خۆی لە کۆمەڵگەدا دیاری بکات.